د. عەبدوڵا شێرکاوەیی*
مانگی رەمەزان تەنها مەوسمێکی کاتی و پرۆڤەیەکی رووکەش و رۆتینی نیە، بەڵکو مەبەستەکانی بەرۆژووبوون لەوە قوڵترن مرۆڤ پەی بەهەموو دیوەکانی ببات، لەبەر ئەوەیە رۆژوو پێگەی گەورەی لە ناو بازنەی ئیسلام و موسڵمانێتی هەیەو رۆڵێکی گەورە لە دووبارە راستکردنەوەی رێڕەوی راستەقینەی مرۆڤ و داڕشتنەوەی بونیادی کەسی و سلوک و رەفتارو کۆنترۆڵکردنی نەفس و رێکخستنەوەی حەزو ویستەکان و هاوسەنگی نێوان رۆح و رەوشت دەگێڕێت، کە هەر کەس بەئەندازی بەرزبوونەوەی پلەی تەقواداری و دۆزینەوەو گەیشتن بە کەشی رۆحی و ئیمانی و ئەنجامدانی خواپەرستی، ئەنجامەکەی بۆ دەرەکەوێت و مرۆڤ بەرەو باڵابوون یان مانەوە لەو دۆخەی تێیدایە دەهێڵێتەوە..
راستە مانای ڕاستەقینەی ڕۆژوو جا خۆگرتنەوەیە – الإمساك – لە خواردن و خواردنەوە. حیکمەتی سەرەکی لە واجب بوونی رۆژوو زیادبوونی تەقوایە، بەو پێیەی ڕۆژوو پەرستشێکە بە هۆیەوە مرۆڤ لەخودای گەورە نزیک دەبێتەوە، ئەویش بە وازهێنان لە ئارەزووەکان و کۆنتڕۆڵکردنی حەزو ویستە سەرەرۆییەکان و هەستکردن بە چاودێریکردنی پەروەردگار، چونکە ڕۆژوو پەرستشێکی گرنگی وزەبەخش و بەرزکردنەوەی ورەو هێزو ئارامگرییە، وێستگەی چاودێری و تێکۆشانە، زەمینەی تەوبە و پارێزگاریی و تێڕامان و راستکردنەوەی هەست و سلوک و رەفتارە.
لەبەر ئەوەی مانگی رەمەزان کات و رۆژانێکی دیاریکراوە، باشترین دەرفەتە بۆ بیناکردنەوەی مرۆڤ لەرووی ماددی و مەعنەوی و رۆحی و رەفتارەوە، بە ئەندازەی ئەم خۆ بیناکردن و بەخۆداچوونەوەو راهێنانە جەستەیی و دەروونیە، رەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر لایەنی هەڵسوکەوت و سلوکەوە دەبێت، یەکێ لە سەرەکیترین هۆکارەکانی چاکسازی دڵان و رەفتارو بەردەوامبوون لەسەر رێی هیدایەت ئەم بە رۆژوو بوونەیە.
وەک ئیمامی غەزالی دەفەرمێت: “گرنگترین بەروبووم و لێکەوتەی مانگی رەمەزان و بەرۆژووبوون، چالاکبوون و توانای ژیانکردنە لەگەڵ خۆگرتنەوە لە خواردنی حەڵاڵ لەپێناو وەدەستهێنانی رەزامەندی خوای گەورە، مرۆڤ لەپاڵ بایەخدانی بە مەشق و راهێنانی جەستەیی؛ بەردەوام تەزکیەو پاڵفتەی رۆح و دەروونی دەکات، دواجار دەبێتە مرۆڤێکی چاکەکارو هۆکاری بەجێگەیاندنی ئەو ئەمانەتەی لە ژیان بۆی دیاریکراوە، دەرەنجام رۆڵی گەورەی دەبێت لە هاوسەنگی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی و خێزان”.
ئیبن جەوزی لەبارەی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە دەڵێت: “مانگی رەمەزان لەنێو 12 مانگی ساڵ، وەکو پێغەمبەر یوسف (علیه السلام) وایە لە نێو هەر 12 براکەدا، چۆن یوسف خۆشەویستترین کوڕی حەزرەتی یەعقوب بوو بەراورد بەوانی تر، ئەواش مانگی رەمەزان خۆشەویستترین مانگە لای پەروەردگار”.
کەواتە ئەی رۆژگەوانی ئازیز. هەوڵی کوشتنی کات مەدە، مەیخەرە بیرەوە، بە کەمی مەفرۆشە، بەڵکو رێزی بگرە و بە خەرمان و زەخیرەی بزانە، تکا وایە سوودی زۆر بگەینێت و دونیات وەک جوانی یوسف بۆ رووناک بکات، لە قیامەتیش شەفاعەت و تکاکاری رەحمی پەروەردگار بێت بۆت!
رۆژوو لە پێناو ئامانجگەلێکی گرنگ و گەورە فەرز کراوە، بەڵام ماناو حیکمەت و رەهەندو دەرهاوێشتەی دنیایی و قیامەتی زۆریشی تێدایە، لەبەر ئەوەی لەنێو مانگەکانی ساڵ یەک مانگ رەمەزانە و مرۆڤ سەرقاڵی دۆزینەوەی خود و داڕشتنەوەی رەفتارو بەرزکردنەوەی ئاستی دینداریی خۆیەتی، تا رابێت لەسەر ئەو پەیامانەی مانگی رەمەزان بە زمانی حاڵ بە گوێچکەی رۆحی دەدات! پارشێو پێمان دەڵێت: دەتوانین هەڵسینەوە بۆ نوێژی بەیانی. نوێژی تەراویح پێمان دەڵێت: دەتوانین شەوان بە خواپەرستی زیندوو بکەینەوە. رۆژوو پێمان دەڵێ: دەتوانین بەرگریمان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ویست و حەزە شەیتانیەکان. ئیدی ئەگەر مانگی رەمەزان عیبادەتێکی کاتیە بۆ خۆ پارێزی و بەرزبوونەوەی ئیمان، ئەوە دەکرێ هەموو رۆژێکی ژیان وەک مانگی رەمەزان خۆمان بگرینەوە لە تاوان، کەواتە ژیان بە شێوەیەک رێک بخەین وا دابنێین بەردەوام ژیان رەمەزانەو ئاخیرەتیش جەژنی بردنەوەو خۆشییە ئەبەدییەکانە.
بۆیە ڕۆژوو تەنها خۆگرتنەوە نییە لە خواردن و خواردنەوە و شتەکانی تر کە ڕۆژوو دەشکێنن، بەڵکو مانای ڕاستەقینەی ڕۆژوو واتایەکی تری هەیە ئەویش ڕۆژووی ئەندامەکانی لاشەیە لە تاوان، بەرزبوونەوەی رۆح و پاککردنەوەی دەروونە لە ژەنگ و ژاڵ و دەردە دەروونییەکان، بۆیە خودای گەورە داوامان لێ دەکات کە خۆمان بگرینەوە لە خواردن و خواردنەوە کە حەڵاڵن، بۆ ئەوەی دەروونمان پەروەردەبێ لەسەر ڕۆژووی ئەندامەکانی لاشە کە زۆر گرنگترە، مانگی ڕەمەزان مانگی قەڵغانی مرۆڤ و ساڕێژکردنی ئیمانە، بۆ کەسانێک مەبەستیانە بە ڕاستی و ئیخڵاسەوە لێی دەرچن، چونکە ڕۆژووەوان لە نەخۆشخانەی ئەم مانگەوە چارەسەری ئەو برینانە دەکات کە بەهۆی ڕەوشت و ڕەفتارە خراپەکانیەوە لە ساڵی ڕابردوودا دەروونی پیس کردوەو برینداری کردوە، لە کۆتاییدا لە نەخۆشی و دەردە ئەخلاقی و ڕەفتارییەکان چاک دەبێتەوە، هەربۆیە پێغەمبەرمان ﷺ دەفەرمێت: «الصِّيَامُ جُنَّةٌ فَلاَ يَرْفُثْ وَلاَ يَجْهَلْ، وَإِنِ امْرُؤٌ قَاتَلَهُ أَوْ شَاتَمَهُ فَلْيَقُلْ: إِنِّي صَائِمٌ» رواه الشیخان. هەروەها دەفەرموێ: (مَنْ لَمْ يَدَعْ قَوْلَ الزُّورِ وَالْعَمَلَ بِهِ فَلَيْسَ لِلَّهِ حَاجَةٌ فِي أَنْ يَدَعَ طَعَامَهُ وَشَرَابَهُ) (البخاري). لەم سۆنگەوە دەکرێ ئاماژە بە چەند ئامانجێک بکەین، کە خوای گەورە لە ئەنجامی واجبوونی رۆژووی رەمەزان لەسەر موسڵمانان دێنە دی:
یەکەم: بەدیهێنانی تەقوا و ملکەچی بۆ فەرمانی خوا، ئەمە وەسیەتی خوایە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی هەتا قیامەت، خودای گەورە دەفەرمێ:(يَا أَيُّهَا النَّاسُ اعْبُدُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ وَالَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ) البقرة: 21. هەروەک ئامانجی هەرە گەورەی فەرزبوونی رەمەزان بۆ ئەوەیە مرۆڤ بگاتە لوتکەی خۆپارێزی و لەخواترسان، وەک دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ) البقرە:183.
دووەم: دەستەبەربوونی بەرژەوەندییەکان و ڕێگرتن لە خراپەکارییەکان و بەهێزکردنی ئیرادە و پاککردنەوەی دەروون و بەرزبوونەوەیەتی لە ئاستی نزمی ماددییەوە بۆ لوتکەی بەرزی ڕۆحی و ئەخلاقی و ئیمانی، لەبەر ئەوە ئەم مەبەستە مەزنە لە ناو ئایەتەکانی پەیوەست بە ڕۆژوودا هاتووە، هەروەها خوای گەورە ئەم پەرستشەی لە نێوان پەرستشەکانی تردا تایبەت کردووە، هەربۆیە نیسبەتی ڕۆژووی داوە بۆ لای خۆی، پێغەمبەرمان ﷺ لە فەرموودەیەکی قودسی کە لە خوداوە دەگێڕێتەوە، دەفەرمێ :(الصَّوْمُ لِي وَأَنَا أَجْزِى بِهِ يَدَعُ شَهْوَتَهُ وَأَكْلَهُ وَشُرْبَهُ مِنْ أَجْلِى) رواه الشیخان.
سێیەم: بەدیهێنانی ئیخڵاس بۆ خوای گەورە، بۆ ئەوەی عیبادەتەکانمان تەنها بۆ خوا بێت، وە پاداشتیشمان لە دواڕۆژدا چەند بارە ببێتەوەو لەلای خوا قبووڵ بێت و لە کاروانی سەرکەوتووان هەژمار بکرێین.
چوارەم: ڕاهێنانی دەروون لەسەر کارکردنی جددی و قۆستنەوەی کات بە پەرستش و خۆ بیناکردنەوەو راستەڕێکردنەوەی ژیان، نەک بە فیڕۆدانی کات بە خەوتن و تەمبەڵی، چونکە ڕۆژوو فێری جددی بوونمان دەکات لە کار و کۆشش کردن، هەروەها فێری چاکەکاری و هاوکاری و تەبایی و یەکسانیمان دەکات، بە شێوەیەک مرڤێکی چاکەکارو نیەتپاک و مرۆڤ دۆست و ئاشتیخواز بین.
لەرێی هەموو ئەوانەوە دەگەینە ئەو راستیە، کە پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) ئاماژەی بۆ کردووە، ئەوەی ئەوانەی لە ئاستی ئیمان و یەقین و ماناو حیکمەتە شاراوەکانی رۆژوو؛ مانگی پیرۆزی رەمەزان بەرۆژوو دەبن، دەگەنە پلەیەکی گەورەی دینداری و پاکبوونەوەو هەڵنانەوەی پەیکەری رۆح لە قالبێکی ساغ و سەلیم و دوور لە تاوان و گوناهەوە، وەک دەفەرمێت: «مَنْ صَامَ رَمَضَانَ، إِيمَانًا وَاحْتِسَابًا، غُفِرَ لَهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِهِ» رواه البخاری.
بە کورتی: رەمەزان دەرفەتێکی کەمە بەڵام بە کەمی مەزانە، سەرەتای هات و تەواویش دەبێت، هەر کات هەستت بە سستی کرد بیر لەوە بکەوە، کە خوای گەورە دەفەرمێت: (أَيَّامًا مَعْدُودَاتٍ..)البقرة:184.
* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

