رۆژنامەی ھەولێر

واقیعی سیاسیی ئێستا ڕابردوو تەفسیر دەکات

فازڵ میرانی
پەیامە ئاسمانییەکان پاک و بێگەردن، چونکە لە لایەن خوداوە هاتوون و پەیامبەرانیش مرۆڤی پاکژ بوون؛ بۆیە پەنابردن و خۆحەشاردان لەپشت ئەم پەیامانە، تەنها ئەو کاتە ڕەوایە کە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە حوکمێکی دادپەروەرانە و پاراستنی ڕۆحی دەقەکان بێت بەبێ دابڕان لێیان.
سەرەتای ململانێکان لەوێوە دەست پێدەکات کە تێگەیشتنێکی وا بڵاوبووەوە کە گوایە پەیامەکان بانگەوازێکی کراوەن بۆ دامەزراندنی سیستەمی حوکمڕانی، لە کاتێکدا خوێنەر باش دەزانێت جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئامانجەکانی پەیامی ئاسمانی بۆ تاک و کۆمەڵگە و پرسی فەرمانڕەوایی.
ئەزموونە سەرکەوتووەکانی حوکمی ئایینی کەم و دەگمەنن؛ ئەو ئەزموونانە تەنها لەو حاڵەتانەدا سەرکەوتوو بوون کە پەیامبەران خۆیان هەم پەیامبەر و هەم حاکم بوون، هەروەها بە ڕێژەیەکی کەمتر لەو کاتانەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە کە کەسانێکی باوەڕدار بۆ جێبەجێکردنی شەریعەت دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست. لە بەرامبەردا، لە درێژایی مێژوو و لە سەردەمی ئێستاشدا، گەلێک ئەزموونی حوکمڕانی سەرکەوتوو بوون، چونکە کۆمەڵگە و داڕێژەرانی سیستەمی حوکمڕانی درکیان بەو مەترسییە کردووە کە دەسەڵات بدەنە دەست کەسانێک کە بانگەشەی “مافی خودایی” دەکەن، کە لە ڕاستیدا ئەو کەسانە زۆر دوورن لە پەیڕەوکردنی دادپەروەری و نواندنی بەزەیی و تێگەیشتن لە سروشتی کۆمەڵگە و گۆڕانکارییەکانی ژیان.
عێراق وێستگەیەکی تاقیکردنەوەی درێژخایەن بوو بۆ ئەو جۆرە حوکمڕانییانەی کە لە ڕواڵەتدا ئیسلامی بوون، بەڵام لە ناوەڕۆک و واقیعدا زۆر دوور بوون لە لێبوردەیی پەیامە ئاسمانییەکە و پاکژیی سوننەتە نەبەوییەکان و ئیمانی دادپەروەرانەی هاوەڵان. ئەگەر مێژوو لە سەرچاوەی متمانە بخوێنینەوە، ئەو گێڕانەوە باوانە وەلا بنێین کە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێندراون و وردبینەوە لە هۆکارەکانی گەیشتن بە دەسەڵات لە نێو خێزانە فەرمانڕەواکاندا؛ ئەوا لەوێدا باسی پیلانگێڕی و خیانەت، تیرۆر و بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ مەرامی تایبەتی و نزم دەخوێنینەوە. هەروەها دەبینین چۆن لە پێناو کورسیی دەسەڵات و کورسیی خەلافەتدا، گرتن و کوشتار لە نێوان برا و باوک و کوڕەکاندا ڕوویداوە.
هەروەها دەربارەی ڕێکخراوە ئایدیۆلۆژییە نهێنییەکان و ئەو فەتوا سیاسییانە دەخوێنینەوە کە لە ژێر پەردەی ڕاڤەکردنی دەقە پیرۆزەکاندا دەدرێن، تەنها بۆ ئەوەی خواستەکانی فەتوابۆدراو و و فەتوا دەرەکەش بپێکن. جگە لەمانە، دەخوێنینەوە کە چۆن سەری موسڵمانان بە شمشێری دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکانی موسڵمانەکان پەڕێنراوە، ئەوەش لەبەر هۆکار و مەبەستگەلێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پەیامە ئاسمانییەکەوە نەبووە.
ئەم نووسینە پێویستی بە مێشکێکی کراوە، ویژدانێکی بێلایەن و پاشخانێکی دەوڵەمەند لە زانیاری هەیە، تاوەکو خوێنەر بتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. ململانێی سیاسیی ئەمڕۆ، درێژکراوەی ململانێیەکی ڕیشەدارە لەسەر چۆنیەتی تێگەیشتن لە فەرمانڕەوایی؛ ململانێیەک کە تەنها لە چوارچێوەی سەردەمی خەلافەتدا قەتیس نەماوە، بەڵکو پێش ئەو سەردەمە هەبووە و پاش نەمانی خەلافەتیش دووبارە بووەتەوە.
ئەم وتارە نە سەردێکی ڕەخنەگرانەیە بۆ سەردەمی خەلافەت و نە ڕقەبەرایەتییە بەرامبەر بە حاکمێکی دیاریکراو؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ سەلماندن و ڕاڤەکردنی ئەو ئەنجامانەی بەرۆکی خەڵک دووبارە دەگرێتەوە لەبەر مانەوەی هزری ئەو حاکم یان ئەو کەسانەی بۆ دەسەڵات تێدەکۆشن؛ ئەو کەسانەی بە هەمان تێگەیشتنی پێشینانیان سەیری دەسەڵات دەکەن، جا چ گەیشتبنە سەر کورسی یان لەو پێناوەدا شکستیان خواردبێت. ئەمانە کۆمەڵێک بیانوو بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی خۆیان دادەتاشن و پەنا بۆ هەندێک دەق دەبەن کە ئەوانی تر تاوانبار دەکەن و خۆیان لە ئامانجەکانیان نزیک دەکەنەوە. لە پێناو ئەو هەوڵەشدا، چەندین کەس بە ناحەق لەبەین چوون، مافەکان بێ هیچ تاوانێک زەوت کران، بەخشین و ئیمتیازاتەکان درانە کەسانێک کە شایستە نەبوون؛ لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە و بۆ تەواوکردنی زیانەکان، پەیامێک بە زەبری شمشێر بەسەر خەڵکیدا سەپێندرا، کە خودا خۆی حەرامی کردووە پەیامەکەی بەو شێوەیە بسەپێندرێت.
پێم وانییە هیچ زیانێک گەورەتر بێت لە زیانی ئەو عەقڵانەی کە ستەمیان لە مەبەست و ئامانجی کتێبە ئاسمانییەکان کردووە؛ ئەو کاتەی بوێرییان کرد بەرامبەر دادپەروەریی ئاسمان و میهرەبانییەکەی بۆ مرۆڤایەتی و بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە نێوان مرۆڤەکاندا بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، کەوتنە زەوتکردنی مافەکان لەبری بەجێگەیاندنیان. مافەکان پرسێکی جەوهەری و سەرەکین لە گوتاری خوداییدا، دەقەکانی پەیوەست بە ماف و ئەو سزایانەی کە هاتوون بۆ ڕێگریکردن و پەکخستنیان، گەلێک زۆر و بێشومارن.
کتێبە نێردراوەکان و پەیامبەران و شوێنکەوتووانیشیان، هەموو ڕێگەیەکیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی هەر گومانێک بڕەوێننەوە کە لە ڕاستگۆیی ڕاسپاردە یەزدانییەکان کەم بکاتەوە، ئەو ڕاسپاردانەی جەخت لە دادپەروەری، بەزەیی و ڕاپەڕاندنی ئەرک دەکەنەوە. ئیتر چۆن دەبێت ئەگەر ئەو ئەرکە بریتی بێت لە خزمەتکردنی ڕەعیەت و بڵاوکردنەوەی چاکە لە نێوان خەڵکیدا، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەشدا کە لە ئاییندا جیاوازن؟ بەڵام ئازارە گەورەکە کاتێک ڕوویدا و دووبارە بووەوە و ڕەگی داکوتا، کە تاقمێک لە مێژوودا چەندین جار بە نایاسایی دەستیان بەسەر پاکژیی پەیامەکاندا گرت و ناوبانگی پێشەوایانی فکری و تیۆری داڕێژەرانی مەزهەبەکانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار هێنا؛ ئەو پێشەوایانەی کە زوو هەستیان بەو مەترسییە کردبوو کە لە بانگەشەی ‘مافی خودایی’ لە لایەن کەسانی نادڵسۆزەوە سەرچاوە دەگرێت. بەو شێوەیە، تاقم و گرووپی سیاسی لەژێر پەردەی ئاییندا دەرکەوتن، کە باش دەزانن ئایین چ متمانەیەکی لای خەڵک هەیە وەک ‘پەیامی ڕزگاری’؛ بۆیە ئەو متمانەیەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی خەڵک پڕۆژە سیاسییەکەیان قبوڵ بکات، بەڵام دوای دەرکەوتنی ڕاستییەکان، شۆک و بێئومێدییەکی زۆر لای خەڵک دروست بوو.
تەماحی گەیشتن بە دەسەڵات خواستێکی ڕەوایە و هیچ شتێک ڕەواییەکەی سنووردار ناکات، تەنها لەو حاڵەتەدا نەبێت کە فەرمانڕەوا لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا نەبێت؛ جا ئەو حاکمە شەرعییەت بۆ خۆی و حوکمڕانییەکەی لە ئایینەوە وەربگرێت یان لە هەر سەرچاوەیەکی ترەوە. بەڵام ئەگەر کەسێک بە ناوی ئایینەوە شەرعییەتی وەرگرت و پاشان پێچەوانەی بنەماکانی ئایینەکە جووڵایەوە، ئەوا هەم زیانی بە ئایینەکە گەیاندووە و هەم متمانەی خەڵکیشی بەرامبەر بە ئایینەکەیان لەق کردووە.