مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەدوای ڕووداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، بیروڕا و قەناعەتێك لەناو شەقام و تەنانەت لەلای چاودێران و ناوەندە میدیاییەكانیش خەمڵی سەبارەت بەوەی ئەمریكا پشتی لەكورد كردووە و، ڕۆڵی كورد لەناوچەكەدا كۆتایی هاتووە. ڕادەی ڕەشبینییەكە گەشتە ڕادەیەك، هەمووان ئامادەبوون نوێژی مردوو لەسەر تەرمی كورد بخوێنن.
میدیا زەبەلاحەكانی ناوچەكە، وەكو كەناڵەكانی جەزیرە و عەرەبییە، بەپلانێكی پێشوەختەی كاریگەر و پرۆفیشناڵ، كەوتنە شەڕێكی بێ ئامانی دەروونی لەگەڵ كورد و، لەپەنای شەڕێكی گەورەی سیاسی و هەواڵگری و مەیدانیدا، شەڕە دەروونییەكە تاڕادەیەكی زۆر ئەو قەناعەتەی تۆخ كردەوە، كەوەكو هەموو سەردەمەكانی تر، كورد جارێكی تر بێ ئەنجام لەكایەكە دێتە دەرەوە.
ئەڵبەتە بۆ ئەو كەسانەی كە قووڵایی زۆریان لە تێگەیشتن و خوێندنەوەی گۆڕانكارییە جیۆسیاسییەكان نیە و، بەئەستەم دەتوانن لەمەعریفەی ڕۆژنامەوە باز بدەن بۆ مەعریفەی قووڵتر، ئاساییە بەو جۆرە بكەونە ژێر كاریگەری ئەو ڕیوایەتە تەلەفزیۆنییەی كە بۆ سیاسەت دەكرێت، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە كە حیزب و كادیری سیاسی و كەسایەتییەكانی دەوڵەت، فریوی ڕیوایەتی تەلەفزیۆن بخۆن و، ئەوانیش سەف ببەستن بۆ خوێندنی فاتیحا لەسەر تەرمی كورد.
وەك پێشتر لە چەندین بۆنە و لەچەندین میدیاوە هەوڵماندا، قووڵایی هاوكێشەكان پیشان بدەین و، ناواخنی ئاڵوگۆڕە ڕاستەقینەكە شیبكەینەوە. كە وەك ئاشكرایە، ئەو ڕیوایەتە میدیاییە كورتی هێنا و، تەنها لەڕووكەشدا خولایەوە. ئەگەرچی ماركێتینێكی زۆر بەهێزی لە لایەن مەكینەیەكی میدیایی گەورەشەوە بۆ دەكرا. بەڵام دواجار، هەر ڕیوایەتی میدیا مایەوەو، دوور و نزیك، توخنی جەوهەری گۆڕانكارییە جێوسیاسییەكە نەكەوت كە بەبێ كورد نایەتە دی.
كۆنگرەی ئاسایشی میونیشن و، چالاكی و جموجوڵەكانی كۆنگریس و یەكێتی ئەورووپا، بەڕوونی و ڕاشكاوی ئەوەیان پێگوتین كە كورد نەك كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو ئێستا لەهەڕەتی لاوێتیدایە و، لە قۆناغی گڕوتینی دەركەوتن و سەلماندنی پێگەی خۆیدایە.
یەكێك لەڕۆژنامە گرنگەكان دەنوسێت: لە لوتكەی ئاسایشی میونشندا، كوردەكان ڕۆڵ و پێگە و كاریگەری خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەلماند!.
ئەوەی ڕاستی بێت، كوردەكان نەك هەر پێگەی خۆیان سەلماند، بەڵكو شەڕی دیپلۆماسیەتیان بە توانایەكی زۆرەوە بردەوە. هەموو ئەوانەی چاودێری چالاكییەكان و دیدارەكانی كوردیان كرد لە میونیخ، نەك شاهێدی ئەو توانایەن، بەڵكو بەبێ ترس دەڵێن: سەردەمێكی نوێ لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە پێشەوە، كە تیایدا كورد، یاریكەری بنەڕەتییە و، نە هاوكێشەكان بەبێ كورد دەچەسپێن و، نە ئۆقرەیی و ئارامی و گەشەی ناوچەكەش لەپەنای هەزمكردنی مافەكانی كورددا، دێتە دی.
لێرەدا من بەپشت بەستن بە چالاكییەكانی لایەنی كوردی، بەتایبەتی دیدارە گرنگەكانی ” نێچیرڤان بارزانی” ڕێگە بەخۆم دەدەم بڵێم: كورد نەك خۆی سەلماند، بەڵكو لەڕووی ئەكادیمیشەوە، دەتوانین بڵێین: كورد داهێنەری جۆرێكی تازەیە لە دیپلۆماسیەت كە دەتوانم بە دیپلۆماسیەتی ” لایك” ناوی بنێم و، ئەو جوڵەی دەستەی شاندی كۆنگریسی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی ” لیندزی گراهام” لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیشانیدا، خەریكە دەبێتە ترێند و، لە چەند شاندێكی دیكەش بینرا و، ئەو جوڵەیە جگەلە موجامەلەیەكی ئاشكرا، نیشانەی دڵنیایی تەواوە لە نێوان كورد و ئەمریكا.
دیپلۆماسیەتی لایك، پێویستی بەكاری زۆر و، هەوڵ و گرەنتی و، كۆنتاكت و لینكی زۆر بەرفراوان هەبووە، بەخەیاڵدا چووە هەركەس پێی وابێت، خەمڵینی ئەو دیپلۆماسیەتە، خێرێكە بە كورد كراوە، یان بابەتێكی ئەخلاقی ڕووتە. بەڵكو نیشانەی لێزانی و كارزانی كورد و، پێگەیەكی بەهێزی كوردستانە لە ئێستا و ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەڕووی شەكڵیشەوە، جۆرێكی تازەی دیپلۆماسیەتە كە پێویستە قسەی زیاتری لەسەر بكرێت.

