رۆژنامەی ھەولێر

سەردەمی کۆتایی هاتنی کیبڕکێی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا

پ.د. نەزاکەت حسێن
مێژووی هەموو مرۆڤایەتی پڕبووە لەکێبڕکێی نێوان مرۆڤ و مرۆڤەکانی تر، بۆ مرۆڤ ئەمە تاڕادەیەک ئاسان بووە و پێڕاگەیشتووە، چونکە ئێمەی مرۆڤی ئۆرگانی لە بازنەیەکداین هەمووان پێکەوە، وەک یەک دەخەوین، وەک یەک برسیمان دەبێت، وەک یەک دەمرین، وەک یەک گرفت و ئیلتیزامی کۆمەڵایەتیمان هەیە، ماندوو دەبین، پشومان پێویست دەبێت، لەبازنەیەکدا دەخولێینەوە کاردەکەین، بازاڕ و دوکان و دەزگاکان هەمووی سەعات پێنج دادەخرێن، چونکە مرۆڤ بەڕێوەی دەبات ناتوانێت شەوانە و ڕۆژ کاربکات و لەسەر ئیش بێت.
سەرهەڵدانی زیرەکی دەستکرد و مرۆڤە ئالیەکان و ئەڵگۆریزم وای کرد ئیتر مرۆڤ لەشوێنی کارەکەی بەریەککەوتنی لەگەڵ مرۆڤە ئۆرگانیەکانی هاوشێوەی خۆی کەم بێتەوە ئیتر لەگەڵ ئەڵگۆریزمەکان’مرۆۆڤە نائۆرگانی و ئالیەکان’ بەریەک بکەون و کێبڕکێ بکەن، بەتایبەتی سیستمی ئابوری ئەمڕۆ کە ئەلگۆریزم و ئەی ئای بەڕێوەی دەبەن، هەموو کات چالاکن، کاتی تۆ پشوو دەدەیت ئەو لەکار ناوەستێت و چالاکە، مرۆڤ وانیە گەر بیەوێت هەموو کاتی ئیش بکات هەڵاوسان دروست دەبێت و مردن دروست دە بێت، بەڵام مرۆڤە ئالی و زیرەکەکان نا، نە دەمردن نە دەوەستن لەکار، نە پشوودەدەن، نە برسیان دەبێت و نەهیچ پابەندبوونێکی کۆمەڵایەتیان هەیە. ئەمە وای کردووە مرۆڤ چەند ڕابکات بەژیان ڕاناگات، مێژوو هێندە خێرابووە مرۆڤ ناتوانێت شەڕی لەگەڵ بکات.
راستە مرۆڤە ئالی و زیرەکەکان هەندێک جار ڕەنگە گرفتی تەکنیکیان هەبێت و چاککردنەوەی پێویست بێت، بەڵام ئەمە کەم کار لەوەستان و خێراییەکەی دەکات. جگە لەوەش ئەوان وردن و پرۆگرام کراون، درۆ و هەڵەیان ئەستەمە، ئەمە وایکردووە مرۆڤ نەک ناتوانێت کێ بڕکێیان بکات بەڵکو متمانەشی بەمرۆڤی ڕاستەقینەی وەک خۆی نەماوە، کە کارێکی دەبێت نموونە لە بانقێک یان سیستمێک کە بە ئەڵگۆریزم و ئەی ئای رێکخراوە، مرۆڤەکە زیاتر متمانە دەکات کە دەڵین سیستمەکە ئامێری زیرەکە وەک لەمرۆڤە ڕاستەقینەکە.
یوڤاڵ نوح هەراری فەیلەسوفی سەردەم و مامۆستا لەزانکۆی ئۆرشەلیم دەڵیت” لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هێندەی ئێستا مرۆڤ توشی ئیرهاق و ماندویەتی ئەندێشە نەبووە، لەکاتیکدا هەمووان پێشبینیان دەکرد داهینانە نوێیەکان مرۆڤ بەختەوەر بکەن، کەچی هێز و بازویان لێ سەندەوە و ئەندێشەشیان ماندوو کرد’
واتە مرۆڤ بەریەکەوتنی لەگەڵ ئۆرگانێکی تر هەیە کەمرۆڤی راستەقینە وەک خۆی نەک لێی تیناگەت بەڵکو پێشی ڕاناگات و ناتوانێت لەگەڵیدا بڕوات . مرۆڤە ئالیەکان دەتوانن ٢٤ کاتژمێر بێ وەستان کاربکەن و نەخەون و نان نەخۆن و پشوونەدەن و نەچن بەلای هیچ پابەندبوونێکی کۆمەڵایەتی و خێزانیەوە. جگە لەخێرایی کارکردن وەڵامدانەوەی بەکاربەر و بەڕێکردنی کڕیار و بەرهەم هێنانی بەرهەم بەخێرایی و بێ هەڵە و کەموکوڕی. بەمەش کاتەکان بەخێرایی دەڕۆن و مرۆڤ دەبێت بەردەوام ڕابکات گەر بیەوێت بوونی هەبێت و جێ گۆڕکێی پێ نەکرێت، ئەمەش بۆ مرۆڤی ڕاستەقینە ئەستەمە، چونکە بەرگەی ناگرێت و توشی هەڵاوسان دەبێت.