سیروان مینەخان
لە سەردەمێکدا کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەرەو ئاڵۆزیی دەچن و یاساکان بەپێی بەرژەوەندیی هێزە سەرەکییەکانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناكاریگەر بوون، هەڕەشەی دەوڵەتانی هەرێمیی سێبەری خۆیان بەسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە؛ ئەم ناوچەیە، وەک ناوەندێكی ناجێگیری، بووەتە مەیدانی پێکدادانی بەرژەوەندی هێزە كاریگەرەكان، شوێنێک کە تێیدا ترس و گومان لەسەر متمانە و هاوکاری زاڵن، لەم هەلومەرجەدا، دیپلۆماسی تەنها بژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو پێداویستییەکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی ئاشتی و دروستکردنی متمانەی دوولایەنەی نێوان وڵاتان.
دیپلۆماسی، وەک مێکانیزمی چارەسەری ناکۆکییەکان بە ڕێگای ئاشتییانە، توانای ئەوەی هەیە کە بەرامبەر بە لۆژیكی هێز و توندوتیژی، چارەنووسێکی سیاسی و مرۆیی دابنێت. ئەگەر ڕێكخستنی نێودەوڵەتی بە “لۆژیکی هێز” کاربکات، ئەوا دیپلۆماسی هەوڵی گەڕاندنەوەی “لۆژیکی بەرژەوەندیی هاوبەش” دەدات؛ لۆژیکێک کە بنەمای لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی، مافەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکان و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانەکان بوونیادنراوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بە ئاڵۆزییە ئەتنیکی، مەزهەبی و جیۆپۆلیتیکییەکانی ناسراوە، گرنگیی دیپلۆماسی چەندئەندازە دەبێتەوە. هەر ناكۆكییەكی سەربازی دەتوانێت وەک هۆكارێك بۆ قەیرانێکی فراوانتر ببینرێت. لەبەر ئەوە، دیپلۆماسی وەک بژاردەیەکی ستراتیژی، زەمینە بۆ دروستکردنی متمانە، توندکردنی پەیوەندییە ئابوری-کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراندنی چوارچێوەیەکی هاوکاری بۆ سەقامگیری و بەردەوامیی فەراهەم دەکات.
کاتێک پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە دۆخی پشێوییدا بن، دیپلۆماسی وەک مێکانیزمێک دەتوانێت ئاراستەكان ڕوون بکاتەوە؛ نەک تەنها بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، بەڵکو بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر کە تێیدا هاوکاری جێگەی پێکدادان دەگرێتەوە و ستراتیژی هاوبەش جێگەی كردەی تاكڕەوانەی توندوتیژ دەگرێت.
پێویستە ئاماژە بە ئەو هەوڵانەش بکرێت کە لە چوارچێوەی دیپلۆماسی فەرمی و فۆڕمە نێودەوڵەتییەکاندا دەبینرێت كە بەشێك لە ئەكتەرەكان وەك میكانیزمی ڕێگری لە هەڕەشەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەیگرنەبەر. لەو چوارچێوەیەدا، هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێت لە گرتنەبەری ڕێكاری دیپلۆماسییانە بۆ پاراستن و مانەوەی هەروەها بوون بە كارەكتەرێكی ئاسایشی و سیاسی لە سەقامگیری ناوخۆیی و هەرێمییدا؛ نموونەیەکی بەرچاو لەم بارەیەدا بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەرێز نێچیرڤان بارزانی، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخە؛ مەكۆیەك کە وەک یەکێک لە سەرەکیترین پلاتفۆرمە جیهانییەکان بۆ دیالۆگی ستراتیژی و ئاسایشی پێناسەکراوە. لەم بوارەدا، گەیاندنی پەیامی هاوکاری، گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان، نیشاندەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان خۆی وەک لایەنێکی چالاک لە دروستکردنی ئاسایشی هاوبەش دادەنێت، نەک تەنها وەک بكەرێكی ناوچەیی بەڵکوو وەک هاوبەشێکی بەرپرسیار لە ڕێكخستنی نێودەوڵەتیدا.
هەروەها، بەشداریی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەرێز مەسرور بارزانی، لە لوتکەی حکومەتەکان لە دوبەی گرنگییەکی ستراتیژی تایبەتی هەیە. ئەم لوتکەیە، کە کۆکردنەوەی سەرکردە و دروستكەرانی بڕیارە بۆ دیالۆگ لەسەر داهاتووی حوکمڕانی و گەشەپێدانی بەردەوام، دەرفەتێکی گرنگە بۆ پێشخستنی دیپلۆماسی ئابوری و دامەزراندنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، گرنگیدانی بە پێکهێنانی هاوبەشییەتی ئابوری و سیاسی لەگەڵ وڵاتان، بەشێکە لە ستراتیژی کەمکردنەوەی هەڕەشەکان و بەهێزكردنی متمانەی دوولایەنە. لەلایەکی ترەوە بەشداری کارای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی داڤۆس؛ وەک کارەکتەرێکی سیاسی و ئابووریی کاریگەر لە ئاستی نێودەوڵەتیی و ناوچەی، نیشاندانی رۆل و کاریگەری هەڕێمی کوردستانە وەک ئەکتەرێکی ناودەوڵەتی لە پرسە سیاسی و ئابوری و ئاسایشیەکان، چونکە ئەم کۆبوونەوەیە مەیدانێکی گرنگی گفتوگۆ و بڕیاردانە بۆ سەرۆکانی دەوڵەت و دامەزراوە ئابوورییە گەورەکان و سەرمایەداران، و لەم چوارچێوەیەدا هەرێم توانی وێنەیەکی جێگیر و هاوسەنگ لە خۆی پیشان بدات و متمانەی نێودەوڵەتی بە تواناکانی خۆی زیاد بکات. ئەم بەشدارییە لە ڕووی دیبلۆماسیی ئابوورییەوە هەلێکی گرنگ بۆ راکێشانی سەرمایەی بیانی و گەشەپێدانی بوارە ستراتیژییەکان وەک وزە و تەکنەلۆژیا؛ هاوکات دەرفەتی ئەوە دەدات هەرێم وەک هاوبەشێکی ئارام و جێگیر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین زیاتر کاریگەرەیەکانی بەدەربخات. لە هەمان کاتدا ئەم جۆرە ئامادەبوونە بەرزکردنەوەی هێزی نەرم و توانای گفتوگۆی سیاسیی هەرێم بەرهەم دەهێنێت و دەنگی لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێراقیشدا قووڵتر دەکات، بە شێوەیەک کە دەتوانێت لە بابەتەکانی بودجە و وزە و پەیوەندییە دەستوورییەکاندا کاریگەریی زیاتر هەبێت
لە کۆتاییدا، ئەم بەشداریکردنانە نیشاندەری ئەوەن کە دیپلۆماسی تەنها پرۆتۆکۆلێکی ڕەسمی نییە، بەڵکو ئامرازێکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و بەشداریکردن لە دامەزراندنی سیستەمێکی ئاسایشی کە لەسەر بنەمای دیالۆگ و هاوکاری بنیاتنراوە. لە سەردەمی ئاڵۆزیی و ناسەقامگیریدا، ئەم هەنگاوانە وەک ئامرازێكی كاریگەر دەمێننەوە بۆ ژینگەیەكی سەقامگیرتر و دڵنیاتر.

