رۆژنامەی ھەولێر

چۆن لە خۆشەویستی گەیشتوون؟

سەدیق سەعید ڕواندزی
بێگومان خۆشەویستی وەك هەستێكی دەروونی و كۆمەڵایەتی و هاوكات پەیوەندییەكی ڕۆحی نێوان مرۆڤەكان، ڕووداوێكی گرنگە لە ژیانی مرۆڤەكان، بگرە لە هەندێ كاتدا ئەو ڕووداوە ژیانی مرۆڤ بە جۆرێك دەگۆڕێت، كە ببێتە مرۆڤێكی جیا لەوەی كە پێشووتر هەبووە. خۆشەویستی ماكێكی سروشتییە و لە ناخی هەموومان دا هەیە. مرۆڤ بێ خۆشەویستی ناژیت. ڕووبەرێكی بەرفراوان لە ئەزموونی ئەدەبیات بە گشتی و شیعریش بە تایبەتی، ڕەنگدانەوەی ئەزموونی عشق و خۆشەویستییە و تیایدا چیرۆك و سەربوردەی عشقی نێوان مرۆڤەكانمان بۆ باس دەكەن لەوەی كە ڕوویداوە. تاكو ئێستاش داستانەكانی وەك:(مەم و زین، شیرین و فەرهاد، ئەسمەر و مامەر) لە نێو ئەدەبیاتی فۆلكلۆری ئێمەدا بە زیندووی ماونەتەوە و نەوە لە دوای نەوە گوێبیستی دەبن. لە كاتێكدا بە درێژایی ئەو مێژووە، چەندین ڕووداوی تر ڕوویانداوە كەچی لە بیركراون. وەلێ ئەم داستانانە لە بەرئەوەی پەیوەندییان بە خۆشەویستی هەیە، دەبینین تاكو ئێستاش ماونەتەوە. ئەزموونی خۆشەویستی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی بەرانبەر، جۆرە خۆشەویستییەكی تایبەتمەندە و بەراورد ناكرێت لەگەڵ هیچ جۆرە خۆشەویستییەكی دیكە. دیارە ئەمەش بۆ سرووشتی ئەو جۆرە پەیوەندییە ڕۆحی و دەروونییە دەگەڕێتەوە كە مرۆڤەكان بە یەكتری دەبەستێتەوە. نەك هەر ئەمە، بگرە لە زۆر كاتدا لە ئەزموونی خۆشەویستی نێوان هەردوو ڕەگەزدا، پرۆسەی دۆنادۆن دێتە كایەوە. واتە تێكەڵاوبوونی ڕۆحی نێوان هەردووكیان تا ئەو ڕادەیەی بتوێنەوە لە یەكتری. بە مانایەكی تر، لە ئەزموونی خۆشەویستیدا، هەردوو ڕەگەز بوونی خۆیان لە بوونی یەكتردەبیننەوە، هەرئەمەشە وا دەكات كاتێ مرۆڤ خۆشەویستەكەی لە دەست دەدات، ئیدی كۆتایی بە ژیانی خۆشی بێنێت، چونكە بە تێگەیشتنی خۆی ژیانی ئەویش دوای خۆشەویستەكەی كۆتایی هاتوءە. ئەمەش پەیوەستە بەو ئاوێزانبوونە ڕۆحییەی نێوان خۆشەویستەكان. تاكە دیاردەیەك لە ژیانی مرۆڤەكاندا كە بشێ پێوانە نەكرێت، ڕادەی خۆشەویستی ئێمەیە بۆ بەرانبەرەكەمان.
ئەگەر سنوور لە بەردەم هەموو دیاردەكانی دیكەی ژیاندا هەبێت، ئەوا لە بەردەم خۆشەویستیدا هیچ سنوورێكی دیاریكراو نییە، ئەندازەیەك نییە ئاستی خۆشەویستی ئێمە بۆ بەرانبەرەكەمان بكێشێت. هەر ئەمەشە كاتێ مرۆڤ وەسفی خۆشەویستەكەی خۆی دەكات، هەوڵدەدات ئەم خۆشەویستییە هاوشێوەی هەموو شتێكی ئەم گەردوونە نیشان بدات.
دیاردەی عشق و خۆشەویستی نێوان هەردوو ڕەگەزەكە، تا ژیان و مرۆڤایەتی ماوە دەمێنن و بەردەوام دەبن، بەڵام مەرج نییە هەموو مرۆڤێك عاشق بێت و ئەزموونی عشق و خۆشەویستی بكات، چونكە ئەو ئەزموونە تایبەت و هەست پێ نەكراوە. مرۆڤەكان نازانن بۆچی عاشقی یەكێك دەبن، بەڵام كەسێكی دیكەیان ناكەوێتە نێو دڵ و دیدە و خۆشیان ناوێت؟ كەواتا هەر باسكردنێك لە ئەزموونی خۆشەویستی كەسەكان باسكردنێكی ناتەواوە، بەو پێیەی باس لە كردەیەك دەكەین، كە خۆمان ئەزموونمان نەكردووە، بەڵكو لە دوورەوە بەریدەكەوین، بۆیە هیچ كەسێك ناتوانێت گوزارشت لە عشق و پەیوەندی خۆشەویستی ئەویتر بكات. لێرەدا بە ناڕاستەوخۆیی دەگەینە ئەو وەڵامەی كە نەخێر مرۆڤ بە ئەقڵ خۆشەویستی ناكات و هەمیشە لە كاتی گوزارشتكردن لە پەیوەندی خۆشەویستییانەی خۆیدا لەگەڵ ئەویتری بەرانبەر دەڵێت:(ناكەوێتە بەر دڵم، دڵم نایگرێت نازانم بۆ؟) واتا هیچ كام لە مرۆڤەكان لە میانەی ئەزموونی خۆشەویستیدا، ناڵێن ئەقڵمان نایگرێت، بەڵكو دەڵێن دڵمان نایگرێت. ئەمە بە بڕوای من گوزارشت لە دوو خاڵ دەكات، یەكەمیان: خۆشەویستی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو تەوژمە كارەبایانەی نێو دڵەوە هەیە، كە سەرچاوەی لێدان و ترپەكانە، دووەمیان: لە خۆشەویستیدا مێشك سەنتەری بڕیار و بیركردنەوە نییە.
دیارە ئێمە باسی خۆشەویستی دەكەین، نەك ئەوەی مرۆڤێك بۆ هاوسەرگیری كەسێك دیاری دەكات و دەبنە هاوسەری یەكتری. كەواتا هەمیشە خۆشەویستی، ویستێكە لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤەكان خۆیان. ئەو ویستە مرۆڤ بە جۆرێك ئاراستە دەكات، كە هەموو هەستەكانی، ڕوانین و بیركردنەوەكانی لە ژێر سەنتەری هزر دەربچن و ئیدی تەنها بە سۆز و دڵ بیر دەكاتەوە و ئەو كەسە دەبینێت كە خۆشی دەوێت. ئەم سۆزەش بە ئەندازەیەك گەورە و بزوێنەر و كاریگەرە، كە مرۆڤ دەخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە چونكە بێگومان سۆزیش، هەستێكی نابەرجەستە و نەكۆنترۆڵكراوە و ناچێتە نێو هیچ جۆرە لێكدانەوەیەكەوە.
گریمان ئەگەر ئێمە پاساوێكمان هەبێت ڕەوایەتی ئەوەمان پێ بدات كە لە سۆنگەی هەر هەڵەیەكەوە بێت، ڕقمان لە كەسێك ببێتەوە و خۆشیمان نەوێت، ئەوا لە سۆزی خۆشەویستیدا، ئەو هەستە بە جۆرێكی دیكە وێنا دەكرێت. هەستەكانیش ئەو لایەنە دەماری و بایۆلۆژی و جەستەییەی مرۆڤن، كە ڕاستە لە ژێر نێوەند و بڕیاری مێشك دانە، بەڵام لە هەموو كاتێك و لە هیچ قۆناغێكی ژیاندا، بە قۆناغی تەواوكاریشەوە مێشك ناتوانێت هەستەكان بە بەردەوامی ئاراستە بكات و کۆنترۆڵیان بكات، بەڵكو زۆرجار دوور لە بڕیار و بیركردنەوەی مرۆڤ دەجوڵێنەوە.
لەو سۆنگەیەوە لە ئەزموونی خۆشەویستیدا هەمیشە دەگوترێت مرۆڤ بە دڵ خۆشەویستی دەكەن بە ئاوەز نا، بە چاوی خۆشەویستی دەبینن، بە چاوی ئاسایی نا، بە هەست دەجووڵێنەوە، نەك بە ئەقڵ و لۆژیك، كە ڕەنگە ئەمەش هۆكارێكی هەرە دیاری پاڵنەری هەستی خۆكوژی و كردەی خۆكوشتنی خۆشەویستەكان بێت لە ئەگەری مردن، یان دابڕان و بە یەك نەگەیشتن، بە تایبەتیش حاڵەتی خۆكوژی، كە ئەقڵ تیایدا پێوازە، چونكە مەحاڵە مرۆڤ لە باری ئاگامەندیدا، پەنا بۆ خۆكوشتن و بڕیارێكی مەترسیداری لەو شێوەیە بەرێت و ئەو پرسیارە بێوەڵامە لە دوای خۆی جێ دێڵێت، كە بۆچی خۆی كوشت؟! كەواتە خۆشەویستی كردەیەكی ئاسایی و سەرپێیی و ڕاگوزەرانە نییە، تا بە ئاسانی لە نێو شاشەی مۆبایلێك و لە ڕێی چات و پەیوەندییەكی مەجازییەوە، بێ ئەو ڕایەڵانەی ڕۆح و هەست و نیگاكانی دوو خۆشەویست بە یەكەوە ئاوێتە دەكات، دروست ببێت. هەموو ئەو پەیوەندیانەشی كە لەسەر بنەمای دنیای شاشەوە بنیاد دەنرێن، كورتخایەن و ڕاگوزەرن و گوزارشت لە مانا قووڵەكانی خۆشەویستی ناكەن. لەو سۆنگەیەوە (سەهەند كۆیی) لە وتارێكیدا كە هەر لەو ڕۆژنامە سەنگینە بڵاوی كردۆتەوە دەنووسێت:
(كاتێك نامەكان دەسڕێنەوە وەك ئەوە وایە بەڵێنەكان و نامەكان هیچ قورساییەكیان نەمێنێت، ئەمەش جۆرێك لە خۆشەویستی بێ بەرپرسیاریەتی بەرهەم دەهێنێت) بێگومان ئەمە، تێگەیشتنێكی یەكجار سادە و بێقووڵایی و ناڕۆحیانەیە لە خۆشەویستی ڕاستەقینەدا. ئینگلیزەكان دەڵێن، خۆشەویستی ڕاستەقینە كۆتایی نایەت، گەر كۆتایی هات، مانا وایە ڕاستەقینە نەبووە. پەیوەندی خۆشەویستی نێوان دوو ڕەگەز، كە لە سەرچاوەیەكی قووڵی رۆحی و سۆزداری و هەستییەوە بۆ یەكتری سەرچاوەی گرتبێت، كۆتاییی نایەت بە ئاسانی، مەگەر بەركەوتنێكی توند، لە ژیانی هاوسەری دوای ئەو خۆشەویستییە ڕوو بدات.
ئێمە بەو جۆرە لە خۆشەویستی گەیشتووین، بۆیە ڕۆژانە بەر سەدەها بە ناو ئەزموونی خۆشەویستی دەكەوین، كە چارەنووسەكەی بەوپەڕی ڕق، جیابوونەوە، دابڕان كۆتایی دێت، چونكە بڕوامان وایە، خۆشەویستی كردەی و پەیوەندییەكی هێندە ئاساییە، كە دەشێ لەو دیو شاشەیەكی مردووی، وەلە نێو دنیایەكی پڕ لە ماسك و فریودەرانەوە دروست دەبێت، بێ ئەوەی نیگاكردن، ڕامان و گۆڕینەوەی ئەو سۆزە قووڵەی نێوان هەردووكیان هەبێت.
دنیای مەجازی سۆسیال میدیا، وەك چۆن لە چەندین لایەنەوە بۆتە سەرچاوەی نەهامەتی بۆ ئەم میللەتە، بەو شێوەیەش جۆرە خۆشەویستییەكی فریودەرانە و ساختەكارییانە لە نێوان كەسەكاندا دروست دەكات. بۆیە ئەوەی بە ناوی خۆشەویستییەوە لەو شاشە مردووە هەیە، لە بنەڕەتدا هەر خۆشەویستی نییە، تاكو بەرپرسیاریەتی تێدا بێت، یان تێدا نەبێت، بەڵكو جۆرێك لە خۆخەڵەتاندن و خۆفریودانە بە ناوی خۆشەویستی، وەك چۆن لە كایەكانی دیكەی ژیانیش دەبینرێت. هەر بۆنموونە، ئەو دوو هاوڕێیەی ڕۆژانە بەیەكەوە لە چوارچێوەی شارێكدا، دەیان كۆمێنت و پۆست دەگۆڕنەوە، لە پەیوەندیدانە لە ڕێی شاشەیەكی مردووەوە، ئامادە نین بە چەندین مانگ یەكتری ببینن و وا دەزانن قسەكردن لە ڕێی شاشەوە، دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی پەیوەندی ڕاستەقینە و ڕۆحی نێوان كەسەكان، لە نێو واقیعی ژیانی كۆمەڵایەتیدا؟ بۆیە ئەوەی لە نێو دنیای شاشەدا هەیە، جگە لە ئارەزووێكی ڕووكەش و بێقووڵایی و بگرە جۆرێك لە فریودان و پەیوەندیی ساختانە هیچی تر نییە.
ئەم شاشەیە، ڕاستە ڕێگە دوورەكان، لە ڕووی جوگرافیا و شوێنەوە زۆر لە یەكتری نزیك دەكاتەوە و سنوورێك ناهێڵێت، بەڵام ناتوانێت سنوورە ڕۆحییەكانی نێوان دوو خۆشەویست كورت بكاتەوە، چونكە ئەم سنوورانە، دەبێ لە ڕێگەی ئاوێتەبوون و ناسین و ئەزموونكردنی پەیوەندی تێپەڕێندرێن، بەو مانایەی پەیوەندی بە ناو خۆشەویستی لە ڕێگەی شاشە و چات و نامەی مۆبایلەوە، هەر چەند وا دەربخرێت، كە خۆشەویستی ڕاستەقینەیە، كەچی بە پێچەوانەوە دەكەوێتەوە، ئەمەش زۆر بە ڕوونی لە ژیانی هاوسەرگیری نەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت، كە بە داخەوە چارەنووسەكەی جگە لە جیابوونەوە هیچی تر نییە. خۆشەویستی، پەیوەندییەك نییە شاشە دروستی بكات، هەستێك نییە واتس‌ئەپ و ڤایبەر، گوزارشتی لێ بكەن و ڕێكی بخەن، بەڵكو خۆشەویستی لە نیگاكردن، گۆڕینەوەی هەستەكان و بەركەوتنی دوو رۆح و دوو سۆزی شاراوە دروست دەبێت، ناكرێ هەموو پەیوەندییەك بە خۆشەویستی بزانین و، پێمان وابێت خۆشەویستی ئەوەیە لەگەڵ نەمانی نامەكانی مۆبایل و قسەكانی نێو چات و سناپ كۆتایی دێت!