عومەر چنگیانی
دوو گوتارە پێشنیازكراوەكەی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینیی بۆ مامۆستایان تا لە 13ی شوباتی 2026 سەرپشك بن لە تیشكخستنەسەر یەكێكیان، بریتی بوو لە:
ناونیشانی یەكەم: باسكردن لە هەرەسهێنانی بەها و ڕەوشت و، ڕووخانی گەلانە.
دەستپێك بە ئایەتی ٩٠ـی سوورەتی (نەحل)ـەوە بوو، كە دەفەرمێت: (بەڕاستی خوای گەورە فەرمانتان پێ دەکا دادپەروەری و ئیحسان رەچاو بکات – دادپەروەری بەمانا ڕەهاكەی و، ئیحسانیش بەمانە لە بەرانبەر خراپەیشدا پێشكەشكردنی چاكە – هاوكات فەرمانتان پێ دەكات بۆ چاكەكردن لەگەڵ خزمان و بێنازکەوتەی باوك و دایك (هەتیو) وەكچۆن ڕێگەتان لێ دەگرێ كە نزیكی بەدكاری دڵ، یان جەستە و ڕەفتاری تاكی ببنەوە، ئیتر چ بە دەم و زمان، یان دامەن و گیرفان! ڕێگریتان لێ دەكات لە ستەمكردن! ئەم هەموو ڕینماییانە بۆ ئێوە سا بەڵكو هزر و هۆش و ئەقڵتان بەگەڕ بخەن).
پێغەمبەریش، دروود و سەلامی خوای لەسەر، دەفەرمێت: (بەدەر لە خێر و چاكە لە شەرم و حەیا چاوەڕێ ناكرێت و ئابڕوو و شەرم و حەیا لە خێر و بێر زیاتریان پێوە نییە).
ڕەوشت گرنگترین پایەی ژیانە و، کۆڵەکەی شارستانیەت و، ڕۆحی ئۆمەتە.
تاک پێی بەرز دەبێتەوە و کۆمەڵگەکان پێی ڕاست دەبنەوە و، گەلان پێی پێشکەوتوو دەبن.
هیچ گەلێک لە گەلان دانەتەپیون و بەرەو نەمان نەچوون و هەرەسیان نەهێناوە، مەگەر کاتێک دەستبەرداری بەها باڵاکان بووبێتن و، ڕەوشتیان لاواز بووبێ، بۆیە تووشی لاوازی و زەلیلی بوون.
گرنگیی داوێنپاکی و شەرمنی؛ قورئان سیستەمێکی تەواوی بۆ ڕەوشت داناوە و، یەکێک لە گەورەترین بنەماکانی ڕەوشتی بەرز بریتییە لە داوێنپاکی و شەرمنی (حیشمەت)؛ چونکە پارێزەرە بۆ تاک و، قەڵغانە بۆ کۆمەڵگە.
یەکەم/ داوێنپاکی و شەرمنیی تاکەکەسی: بریتییە لە ڕەوشتێکی ناوەکی کە خاوەنەکەی هەڵدەنێت بۆ پاراستنی ئەندامەکانی و، چاولەخەڵك نەبوون چ وەك سەیركردنی نەشیاو و حەرام، چ وەك ئێرەیی بردن، لەگەڵ پاراستنی داوێن و، بەرزڕاگرتنی خۆی لە هەموو ئەوەی شکۆی لەکەدار دەکات.
دووەم/ شەرمنوێنیی کۆمەڵایەتی و سەتری گشتی: بریتییە لە ڕووکەشی کۆمەڵگایەک کە لە ناخەوە داوێنپاکن؛ چونکە کۆمەڵگای موسڵمانان کۆمەڵگەیەکی پڕ شەرم و حەیایە، تاکەکانی فەرمان بە چاکە دەکەن و ڕێگری لە خراپە دەکەن و، عەورەتەکان دادەپۆشن و بەدوای هەڵەکاندا ناگەڕێن.
سێیەم/ حەرامێتیی ناوزڕاندن وەک پارێزگەیەکە بۆ تاک و کۆمەڵگە؛ لەبەر ئەوەی داوێنپاکی و شەرم لە گەورەترین بەهاکانن، ئیسلام هات بۆ حەرامکردنی هەموو ڕێگەیەک کە دەبێتە هۆی دڕاندنی پەردەی شەرم یان ئیستغلالکردنی.
مەترسییەکانی هەرەسهێنانی ئەخلاقی لەسەر تاک و کۆمەڵگە:
ئەگەر ڕەوشت خراپ بوو ئەوا وێرانکاری ڕوودەدات؛ داتەپینی ئەخلاقیی نەخۆشییەکی کوشندەیە کە قەوارەی ئۆمەت لە ناوەوە وێران دەکات پێش ئەوەی بەسوپاکان داگیربکرێت.
لەسەر ئاستی تاک، دەبێتە هۆی بەدبەختیی دەروون و دڵەڕاوکێ و، ونبوونی ناسنامە و، لەدەستدانی ڕێز و، ڕۆچوونی مرۆڤ بۆ ناو خراپەکارییەکان و، دوورکەوتنەوەی لە پەروەردگاری.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و ئۆمەت، دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان و، بڵاوبوونەوەی تاوان و گەندەڵی و، لاوازیی ئۆمەت و سووکبوونی؛ چونکە ئەو ئۆمەتەی کە بەهاکانی شەرەف و داوێنپاکی و ڕاستگۆیی لەدەست دەدات ناتوانێت شارستانیەت بنیات بنێت و، ناتوانێت سەرکەوتن تۆمار بکات و، لە ئەنجامدا تووڕەیی و سزای خوای بەسەردا دێت.
پاراستنی تاک و کۆمەڵگە لە داتەپینی ئەخلاقی:
خۆپاراستن لەم دەردە کوشندەیە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، لە تاکەوە دەست پێ دەکات و دەگاتە کۆمەڵگە بە هەموو دامەزراوەکانیەوە، ئەوەش لە ڕێگەی:
یەکەم/ پەروەردەی ئیمانی و چاودێریی خودیی: بە بەهێزکردنی پاڵنەری ئایینی و، بەگەورەزانینی چاودێریی سنورەکانی خوا لە پەنهان و ئاشکرادا؛.
دووەم/ پێشەنگ و نموونەی جوان: لە ماڵەوە لە دایک و باوک و، لە قوتابخانە لە مامۆستا و، لە کۆمەڵگە لە بەرپرس و زانایانەوە.
سێیەم. ژینگەی دروست: بە هەڵبژاردنی هاوڕێیەتی چاک کە یارمەتیدەرن بۆ خێر و، دوورکەوتنەوە لە شەڕ.
چوارەم/ هەستانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی وەک خێزان، قوتابخانە و، ڕاگەیاندن بە پەروەردەکردنی تاک و، گەشەپێدانی حەزەکانی و، چەسپاندنی بەها بەرزەکان و، جەنگان دژی هۆکارەکانی گەندەڵی و پاڵنەرەکانی شەڕ بە هەموو شێوەکانیەوە.
پێنجەم/ هاوکاریی کۆمەڵایەتی لەسەر فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە: کە ئەمە شوورای (قەڵغانی) ئۆمەتە. (1)
ناونیشانی دووەمیش بایەخدان و بیرهێناوەیەكی چڕ بوو بۆ ڕۆژووی مانگە پیرۆزەکەی ڕەمەزان كە ئەركێكی گەورەیە ساڵانە مسوڵمانان تیایدا وێڕای بەخۆداهاتنەوە، بۆیان دەبێتە هۆكاری خزمەتكردن بە چین و توێژی هەژار و نەدار و دەسنەچووگ. (2)
تێبینی:
(1-2) گوتاری یەكەم دكتۆر عەبدولفەتاح ئەندامی بۆرد بە عەرەبی نووسیویەتی و، گوتاری دووەمیش د. عەبدوڵا شێركاوەیی ئەندامی بۆرد بە عەرەبی نووسیی و مامۆستا وەزیر باپیر كوردانی و منیش وەرگێڕانم بۆ ئایەت و فەرموودەكان كرد و كردمنە زمانی نووسین.

