د. خالیدە خەلیل
هەڵەیە مرۆڤ تەنیا لە یەک ناسنامەدا کورت بکرێتەوە و بەسەریدا بسەپێنرێت. (سیسێرۆ) پێیوایە مرۆڤ هاونیشتمانیی دوو شارە: شاری لەدایکبوون، کە ڕەگوڕیشەی یەکەمی پێ دەبەخشێت، شاری مرۆڤایەتی ئاسۆیەکی فراوانتری بۆ دەخاتە سەرپشت. لە هەمان کاتدا، (ئامارتیا سێن) لە کتێبەکەیدا (ناسنامە و توندوتیژی) هۆشداری لە وەهمی (تاکە ناسنامە) دەدات؛ ئەو وەهمەی کە هەمەجۆریی سروشتی لە کەینوونەی مرۆڤدا دەگۆڕێت بۆ تەنگەژەیەکی ئایدۆلۆژی و دەبێتە سووتەمەنی بۆ توندوتیژی و دەمارگیری.
ئەمە تەنیا تەنزیرێکی ڕووت نەبوو، بەڵکوو ئەزموونی نەتەوەکان ڕاستییەکەیان چەسپاند؛ بۆ نموونە لە کەنەدا، توێژێکی بەرفراوانی دانیشتووانی ویلایەتی (کیبێک) پێش ئەوەی خۆیان بە (کەنەدی) بزانن، وەک (کیبێکی) دەبینن، چونکە دەستوور دانی بەم فرەییەدا ناوە و لە چوارچێوەیەکی فیدراڵیی گشتگیردا لە ناو جەستەی خۆیدا جێی کردوونەتەوە. بەڵام ئەزموونی عێراق، لە ڕێڕەوە نوێیەکەیدا، کۆسپ و تەگەرەی لە گەیشتن بەم ئاسۆیە نیشان دا، چونکە دەوڵەت نەیتوانی ببێتە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و فرەیی بگۆڕێت بۆ گرێبەستێکی یاساییی دادپەروەرانە لە نێوان هەموواندا. هەروەها چوارچێوەی سیاسی لەسەر بنەمای دانپێدانانی هاوسەنگ بە ناسنامە مێژووییەکان دانەمەزرا، بەڵکو تێڕوانینە تاکڕەهەندەکان زاڵ بوون و ناسنامەی فەرمیی (عێراقی)یان کردە مەرجێک بۆ تێکەڵبوون، نەک وەک بەرهەمی ڕێککەوتن و سازانێکی ئازادانە لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا. گومانی تێدا نییە ئەو دەوڵەتەی توانای بەڕێوەبردنی دادپەروەرانەی هەمەجۆرییەکانی نەبێت، تێیدا ئەم فرەییە لە زەنگینییەکی کولتوورییەوە دەگۆڕێت بۆ گرژییەکی سیاسی، لە جیاوازییەکی ڕەواوە دەیگۆڕێ بۆ ململانێ لەسەر ناسنامە.
لێرەدا پێویستە پەیوەندیی نێوان (نەتەوایەتی) و (هاووڵاتیبوون) دووبارە پێناسە بکرێتەوە. هاووڵاتیبوون گرێبەستێکی یاسایییە و لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتدا دێتە کایەوە، بەڵام نەتەوایەتی کەلەپوورێکی کولتوورییە و بە درێژاییی سەدەکان کەڵەکە بووە. یەکسانی لە هاووڵاتیبووندا بە مانای یەکسانیی ماف و ئەرکەکان دێت لەبەردەم یاسادا، بەڵام هەرگیز بە مانای سڕینەوەی جیاوازییە مێژووییەکان یان نکۆڵیکردن لە پێشینەیی کاتیی ئەوان نایەت. هەر دەوڵەتێکی مۆدێرن ساتەوەختێکی دیاریکراوی بۆ دامەزراندن هەیە، لەکاتێکدا ئەو نەتەوانەی دەوڵەتەکەیان لێ پێک دێت، زۆر لەوە پێشتر دروست بوون؛ کەواتە ئینتیمای نەتەوەیی لە ڕووی زەمەنییەوە پێش ئینتیما بۆ دەوڵەتی مۆدێرن دەکەوێت. لەم سۆنگەیەوە، وتەکەی کاک مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە دەڵێت: (خودا منی بە کورد دروست کردووە پێش ئەوەی عێراقی بم)، گوزارشت لە ڕیزبەندییەکی سروشتیی ئینتیماکان دەکات؛ چونکە مرۆڤ لە ئامێزی زمان، کولتوور و یادەوەریدا لەدایک دەبێت، پاشان دواتر دەخرێتە ناو چوارچێوەیەکی سیاسییەوە کە ناوی دەوڵەتە!
ئەم واتایە بە ڕوونی بەرجەستە دەبێت کاتێک لە مەسەلەی (دانپێدانانی زمانەوانیدا) ڕادەمێنین. کاتێک دەستووری عێراق لە ماددەی چوارەمیدا دەقنوس دەکات کە عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین، ئەوا دان بە ڕاستییەکی مێژووییدا دەنێت کە پێش خودی دەقە دەستوورییەکە هەبووە؛ چونکە یاسا ڕاستییەکان دروست ناکات، بەڵکو ڕێکیان دەخات و دانیان پێدا دەنێت و لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەییدا جێیان دەکاتەوە. لەم سۆنگەیەوە، ناساندنی کوردی وەک زمانێکی فەرمی، چەسپاندنێکی یاسایییە بۆ بوونی کورد وەک قەوارەیەکی زمانی و کولتووریی زیندوو. زمان، لە کرۆکی خۆیدا، لەوە تێپەڕی کردووە کە تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی بێت، بەڵکو بووەتە دەفرێک بۆ یادەوەری و ئاوێنەیەک بۆ ناسنامە؛ زمان کەڵەکەبوونی ئەزموون و ڕوانینە بۆ جیهان، داڕشتنێکی تایبەتە بۆ مانا کە بە بڕیارێکی سەرەوژێر (فەوقی) داناهێنرێت.
لێرەدا تێگەیشتنەکان زیاتر ئاڵۆز دەبن کاتێک تێکەڵییەک دەکرێت لە نێوان (عێراقی جوگرافی) و (عێراقی سیاسیی مۆدێرن). چەمکی (میزۆپۆتامیا) ناساندنێکی جوگرافیی دێرینە، بەڵام بە درێژاییی مێژوو دەوڵەتێکی نەتەوەییی عەرەبیی بەردەوام نەبووە. بەڵام دەوڵەتی عێراقی نوێ، قەوارەیەکە لە سەدەی بیستەمدا و لە ناو بارودۆخێکی نێودەوڵەتیی نوێدا دامەزراوە. عێراقی نوێ نەبووەتە میراتگری بەردەوامیی زمانی یان کولتووریی ڕاستەوخۆی ئەو شارستانییەتانەی کە لەناوچوون، وەک ئەکەدی و بابلی. ئەگەر عێراق قەوارەیەکی نەتەوەییی بەردەوام بووایە بە درێژاییی سەدەکان، ئەوا لە سەردەمە پێشووەکانیشدا ناسنامەیەکی نیشتمانیی سیاسیی گشتگیرمان دەدۆزییەوە، بەڵام ناسنامە باوەکانی ئەو سەردەمە خێڵەکی، مەزهەبی یان ناوچەیی بوون، چونکە چەمکی (ناسنامەی نیشتمانیی مۆدێرن) زادەی سەردەمی نوێیە.
بەڵگە مێژوویی و جوگرافییەکانیش ئەم ڕێڕەوە بەهێزتر دەکەن؛ ناوی (کوردستان) لە سەرچاوە کۆنەکاندا، چەندین سەدە پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی نوێ هاتووە. (ئیستەخری) لە سەدەی دەیەم و (ئەبو ئەلفیدا) لە سەدەی چواردەیەمدا ئاماژەیان پێ کردووە. هەروەها هاتنی ناوی کوردستان لە نەخشە و ئینسایکلۆپیدیا جیهانییەکاندا، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ناسنامە پێش ئەو دەوڵەتە کەوتووە کە لە ساڵی ١٩٢١دا دامەزراوە!
ئەدەبیش گەواهیی تەواوبوونی هۆشیاریی نەتەوەیی دەدات؛ ئەحمەدی خانی لە ساڵی ١٦٩٤دا لە (مەم و زین)دا بە زمانی کوردی گوزارشتی لە ناسنامەیەکی نەتەوەیی و هۆشیاریی سەربەخۆیی کردووە، وەک پڕۆژەیەکی فیکری کە زیاتر لە دوو سەدە پێش دامەزراندنی عێراق بووە. خانی نە عێراقی بوو نە تورک، بەڵکو کوردێک بوو کە سەر بە فەزا کولتووری و مێژووییەکەی خۆی بوو. لێرەدا جیاوازیی نێوان قەوارەیەکی نەتەوەیی کە بە درێژاییی سەدەکان دروست بووە، قەوارەیەکی سیاسی کە بە مێژووی ڕاگەیاندن و دابەشکردنی نەخشەکان دیاری کراوە، بەرجەستە دەبێت.
دەرچوون لە بنبەستی شکست و پەراوێزخستن، بە نکۆڵیکردن لە ئینتیماکان نابێت، هەروەها بە سەپاندنی ناسنامەیەکی گشتگیری زۆرەملێش ناکرێت، بەڵکو تەنیا بە بونیاتنانی دەوڵەتێکی هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە دەبێت کە دان بە هەمەجۆریی پێکهاتەکانیدا بنێت و ئەم فرەییە بگۆڕێت بۆ گرێبەستێکی یاساییی دادپەروەرانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا.

