رۆژنامەی ھەولێر

پێویستە مینبەرەکان ببنە پایەی سەقامگیریی کۆمەڵگە”

فەزیلە شۆرش
نیشتمان وەک باوەشی دایک پیرۆزترین ئارامگەیە بۆ مرۆڤ؛ بۆیە نیشتمان پێویستی بە هێزی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی هەیە بۆ پێکەوەژیان، سەقامگیری و ئاشتی، لەژێر ئاڵای کوردستانی پیرۆزدا. گرنگە ڕۆڵی مینبەرەکانی ڕۆشنبیران، ئایین، ئازادیخوازان و سۆشیال میدیا هەڵگری یەک پەیام بن بۆ پاراستنی نیشتمان. بێگومان هاودەنگبوونی مینبەرەکان بنەمایەکە بۆ خەمخۆرییان بۆ نیشتمان و پێکەوەژیان؛ ئەو کات ڕۆڵی مینبەرەکان دەبێتە ڕۆڵێکی گرنگ لە زەمینەسازی بۆ پێگەیاندنی تاکی دڵسۆز بۆ نیشتمان، کە خۆشەویستی و ڕێزگرتن بناغەی دروستبوونی دەبێت.
هەروەها کاتێک هەر یەک لەم مینبەرانە ئاراستەی کۆمەڵگە بە گشتی و ئافرەت بە تایبەتی بەرەو متمانەبەخۆبوون و خزمەتکردنی نیشتمان بکەن، ئەوا وا دەگەیەنێت کە مینبەرەکان گورەیی و جوامێرییان لە خزمەتی گەل و نیشتمان و پێگەیاندنی هزرێکی کۆمەڵایەتیی دروستدایە. ئەم هزرە دروستە کۆمەڵایەتییە متمانەی زیاتر بەتایبەت بە ئافرەتان دەبەخشێت بۆ بەشدارییەکی کاریگەرتر لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و نیشتماندا؛ بۆیە پێویستە مینبەرەکان ببنە پایەی سەقامگیریی کۆمەڵگە، چونکە ئەمەش مانەوەی وڵات مسۆگەر دەکات.
هەڵبەتە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەت بەگوێرەی ڕۆشنبیریی خێزان، تاک و کۆمەڵگە دەگۆڕێت؛ بەدەر لە هەموو بیروبۆچوونێکی جیاواز، دەبێت ڕێزی ئافرەت پارێزراو بێت. لە خۆشەویستیی تاکەکاندا بۆ نیشتمان نابێت هیچ جیاوازییەک هەبێت، چونکە نیشتمان تەنیا هەستێک نییە لای تاکێک، بەڵکوو نیشتمان بوون و مانی نەتەوەیە.
ئەگەر هەر مینبەرێک لەو مینبەرانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، گوتاری ڕقوکینە بڵاو بکاتەوە، یان ڕۆڵی کەمترخەمی هەبێت بەرامبەر نیشتمان و ئافرەت، یان لە ستایشی ئافرەت کەم بکاتەوە، ئەوا ئەو وتار و پەیامە کەمکردنەوەیە لە پیرۆزیی تاک، خێزان، کۆمەڵگە و نیشتمان.
دەبێت لەبیر نەکرێت، سەبارەت بە باڵاترین بەهاکانی مانەوەی کۆمەڵگە کە بەردەوامدەری نیشتمانە، لە بوونی ڕۆڵە گرنگەکەی ئافرەتدایە. گرنگە دەنگی مینبەرەکان، ئافرەت وەک ئاوێنە و دەنگێکی نەرمی کۆمەڵگە بخەنە بەر گوێی گوێگرەکانیان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بکەنە ستراتیژیەتی مینبەرەکانیان؛ چونکە نیشتمان و ئافرەت تەواوکەری یەکترن. ئافرەت بە شێوەیەکی ڕاستەقینە سۆز و خۆشەویستی دەبەخشێت، هەروەک نیشتمانیش هەموو ڕۆڵەکانی لە ئامێزی خۆی گرتووە.