ڕۆناک فازڵ
لە ڕۆژگاری ئێستادا، لە ناو ئەم هەموو جەنجاڵییەی ژیان و بارودۆخە نەخوازراوانەی دێنە پێشمان، لە ڕووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، پێشکەوتنی خێرا و زۆربوونی پێداویستییەکانی ژیان؛ کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەکەنە سەر دەروونی هەموو مرۆڤێک بەتایبەتی ئافرەتان، زۆر گرنگە مرۆڤەکان و بەتایبەت ئافرەت بتوانن دەروونێکی ئارامیان هەبێت. ئافرەت بە سروشتی کەسایەتیی خۆی، کە سۆزدار و هەستیارە، زیاتر دەکەوێتە ژێر فشاری دەروونییەوە، بۆیە گرنگە پارێزگاری لە ئارامیی دەروونیی خۆی بکات.
ئارامیی دەروون یان ئاشتیی ناوەوە (السلام الداخلی)، شتێک نییە لە دەرەوە هەبێت و بەدوایدا بگەڕێین، بەڵکوو حاڵەتێکە لە ناوەوەی مرۆڤدا دروست دەبێت و بەرهەم دێت، کە بێگومان هەندێک فاکتەری دەرەکیش ڕۆڵیان هەیە. لێرەدا چەندین خاڵ و هەنگاو هەن بۆ ئەوەی ئافرەت بتوانێت هاوسەنگییەک ڕاگرێت لە نێوان پاراستنی ئارامیی دەروونیی خۆی و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ژیاندا.
گرنگترینی ئەم خاڵانە ئەوەیە کە ئافرەت دەبێت خۆی قبووڵ بێت وەک ئەوەی هەیە، بە خاڵە بەهێز و لاوازەکانییەوە. هەمیشە ئامانجێک بۆ خۆی دابنێت و بە عاقڵانە و هێمنانە هەوڵی بۆ بدات. نابێت مێشک و دەروونی خۆی ماندوو بکات بەو شتانەی کە پەیوەندییان بە ئەوەوە نییە، یان خۆی وابەستە بکات بە کەسانی هەڵە و بێسوود کە وزەی نەرێنیی بۆ زیاد دەکەن. هەروەها پێویستە دوور بکەوێتەوە لە ڕقوکینە، ڕکابەری، چاولێکەری، ململانێ و خۆبەراوردکردن بە کەسانی تر. لەبری ئەوە، پەرە بە توانا کەسییەکانی خۆی بدات و خۆی سەرقاڵ بکات بە خوێندنەوە، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری، یان هەر بابەت و خولیایەکی سوودبەخش.
ئارامیی دەروون مانای ئەوە نییە ژیانێکی بێ کێشەت هەبێت، بەڵکوو مانای ئەوەیە عەقڵێکی گەورە و جوانت هەبێت کە بتوانیت ڕووبەڕووی تەحەدا و فشارە جۆراوجۆرەکان ببێتەوە، لەگەڵ ئازار و کێشەکانتدا بژیت و تێیان پەڕێنیت بەبێ ئەوەی بشکێیت! میهرەبانی و لێبوردەیی لەگەڵ خۆت و دەوروبەرت، ئارامیت پێ دەبەخشێت. بێگومان پەیوەندییەکی باش لەگەڵ خودا، زۆرترین ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێت.
وەک ئاماژەمان پێ کرد، چەندە ئافرەت خۆی هەوڵ بدات ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات، دەبێت لە لایەن کۆمەڵگە، ڕێکخراو و دامودەزگاکانی پەیوەندیدارەوە پاڵپشتی بکرێت؛ بەتایبەت لە کاتی قەیرانی ئابووری، سیاسی و کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ ئەوەی ئافرەت بە دەروونێکی ئارامەوە ژیان بکات، کار بکات و ماڵ و خێزان بە باشی بەڕێوە ببات. چونکە چەندە ئافرەت دەروونی ئارام بێت، خێزان و کۆمەڵگەش تەندروستتر، ئارامتر و سەقامگیرتر دەبن.
لە کۆتاییدا، نابێت لەبیرمان بچێت کەسانی دەروونئارام ئەو کەسانەن کە لە بەرزترین قۆناغی تێگەیشتن و پێگەیشتنی ژیاندان؛ چونکە دەزانن هیچ شتێکی ژیان یان کەسەکان ئەوە ناهێنن کە ئارامی و ئاشتیی دەروونییان تێک بدەن، کە یەکێکە لە گەورەترین نیعمەتەکانی خوای گەورە بە مرۆڤی دەبەخشێت.

