رۆژنامەی ھەولێر

سەنگی كوردستان لە كۆڕبەندی میونشندا

هاودەنگ فارووق
میونشن، وەك سەكۆی تاقیكردنەوەی توانای دیپلۆماسی و پەیوەندیی سەركردەكانی جیهان دەبینرێت؛ ئەوەی ئەم جارە لەو كۆڕبەندە ئەمنییەدا نیشان درا، گفتوگۆی پانێلیستەكان لەسەر بنەمای گۆڕانە دیجیتاڵی و ئەی ئای و ڕەوتە ئەكادیمی و وەرچەرخانە جیهانییەكان بوو.
ئەو بابەتانەی زیاتر بۆ ئێمەی كورد گرنگن، كۆبوونەوەكانی پەراوێزی پانێلەكانن، كە زیاتر وەكو لۆبیەكی نێونەتەوەیی دەكرێن. لەو پانێڵانەدا، زۆرینەی سەرۆك و سەركردەكانی جیهان كۆ دەبنەوە. پێشبڕكێیەكی ئاشكرا و بەتین بۆ دروستكردنی زۆرترین پەیوەندیی هەمەلایەنەی وڵاتان لە گفتوگۆ و دیداری سیاسی و دیبلۆماسییەکاندا ڕەنگدەداتەوە. ئەو دیدارانە، پشكی شێریان هەیە لە تواندنەوەی بەستەڵەك و ڕەنگڕێژكردنی ڕوانگایەكی نوێ لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی.
ئەوەی بۆ هەموولایەك نیشانەی سەرنجی وردە، جۆرێكی تازە لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی خەریكە فرچك دەگرێت، ئەویش پەیوەندیی ئەكتەری كارای نادەوڵەتییە؛ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەرچاوترین تایتڵی ئەو مۆدیلە دیپلۆماسیەیە و بەئاشكرا نەخش و جێپەنجەی خۆی لەسەر ئەم مۆدیلە داناوە كە جێی سەرنجی هەموو سەرۆك و سەركردە بەشداربووەكانە. ئەمە بۆ هەموو كورد و پێگەی قەوارەی هەرێمی كوردستان گرنگەو دەستكەوتێکی مەزنیشە. بارزانی، دەیان كۆبوونەوەی سیاسی چارەنوسسازی هەبوو، پەیامی گرنگ و كۆدی نوێی پێشكەشی دیمەنی سیاسیی ئامادەبووان كرد و لەكۆی دیدارەكاندا پەیامی دڵنیایی بۆ كورد و دۆزەكەی هێنا ئاراوە.
بەخشینەوەی پەیامەكانی دڵنیایی، ئەوەی پێگوتین كە وێڕای ئاستەنگەكانی ئەم قۆناغە مێژووییەی ناوچەكە، بەڵام هێشتا كەسایەتی كاریزما و سایكۆلۆجیای سارد و زمانی لۆجیك و هاوسەنگ و بیركردنەوەی نەرم، كە نێچیرڤان بارزانی پێیان دەناسرێتەوە، دەتوانێت بەهەمان قورسایی چەكە گەورە و كوشندەكانی وڵاتان كاریگەری لەسەر چارەنوسی میللەتان دا بنێت.
بارزانی، بەو توانا لەبننەهاتووەی بۆ دەستەبەری ئاشتی هەیەتی، توانی یەكێك لە بنەماكانی مامەڵەی نێودەوڵەتی بسڕێتەوە، ئەویش بریتییە لە ” مامەڵەی هاوشان” واتە دوو لایەن و كەسایەتی كە پێكەوە كۆ دەبنەوە، پێویستە هاوشان بن؛ واتە سەرۆككۆمار لەگەڵ سەرۆككۆمار، كە هەردووكیان خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خاوەن سەروەری بن! هەروەها بۆ هەموو پێگەكانی دیكەیش. كەچی لەم مۆدیلە دیپلۆماسیە تازەیەدا، نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكی هەرێمێكی فیدراڵییە، لەگەڵ سەرۆكی وڵاتانی خاوەن سەروەری كۆ دەبێتەوە، لەڕووی پڕۆتۆكۆڵەوە، وەكو دوو لایەنی هاوشان .. ئایا ئەوە دەستكەوتێكی مەزنی مێژوویی نییە بۆ كورد؟
بەردەوامی ئەو ڕەوتە دیپلۆماسییە، دەستكەوتێكی گرنگ و زێڕینە بۆ كورد و كۆكردنەوەی زیاتری دۆست و ڕاكێشانی سەرنجی سەرانی وڵاتانە بۆ ئەزمونی سەركەوتوانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەرباری دۆخی نالەبار و فشارەكان، بەردەوامە لە پێشكەوتن، سەركەوتن وبۆتە جێ سەرنجی هەموو جیهان.
بەشداریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی ئاسایشی میونشن، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەكی ژێردەستەی وەكو كورد. یەكجار گرنگە و پێویستە هەمووان بە چاوی دەركکردنی قووڵ و وانەی مێژوویی بیخوێننەوە. هاوكات وەختی ئەوەیە ئەكادیمییاكانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی، چاوێك بگێڕنەوە بەسەر ئەو ڕێسایانەدا كە بۆ پەیوەندییەكان دایان ناوە، چونكە نێچیرڤان بارزانی، ئەو هێزە بوو، توانی ئەو واقیعە دیبلۆماسیە كلاسیكییە بگۆڕی بۆ واقیعیەتێكی نوێ.