رۆژنامەی ھەولێر

دیموکراسی: لە نێوان تێگەیشتنی ئێمە و تێگەیشتنی ئەوان

شێرکۆ حەبیب
هەرچەندە هەندێک پێیان وایە دیموکراسی تەنها ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، بەڵام لە واقیعدا گرنگترین بابەت لەو پرۆسەیە پابەندبوونە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و مامەڵەکردنە بەو بەڵێن و دروشمانەی کە لە کاتی بانگەشەی میدیایی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەڵێن بە هاووڵاتیان دەدرا. ڕاستە ئەنجامدانی هەڵبژاردن گرنگە بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت بە ئازادی و بەبێ دەستوەردان و فشار و هەڕەشە دەنگی خۆی بدات، بەڵام دەنگدان بەتەنها پرۆسەی دیموکراسی نییە.

لە ساڵی ٢٠٠٢ لیژنەی مافی مرۆڤی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی ٤٦/٢٠٠٢دا ڕایگەیاند کە توخمە جەوهەریەکانی دیموکراسی بریتین لە:
ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان، لەوانەش ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕینی ئازادانە بۆ دامەزراندنی رێکخراوەکان
توانای بەدەستهێنان و بەکارهێنانی دەسەڵات لە ژێر سەروەری یاسادا
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لە کاتی خۆیدا بە دەنگدانی گشتی و نهێنی وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئیرادەی گەل
• بوونی سیستەمی فرە حزبی و ڕێکخراوە سیاسییەکان
• جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان
• سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری
• شەفافیەت و لێپرسینەوە لە ئیدارەی گشتیدا
• ئازادی و سەربەخۆیی و فرەیی میدیا
ئەمەش پرسیارێک دەوروژێنێت: ئایا هەڵبژاردنەکان لە هەندێک وڵاتدا بە پێی ئەم پێوەرانە بەڕێوە دەچن؟ وە هەندێک چۆن لە دیموکراسی تێدەگەن لەکاتێکدا دەستور و یاساکان ڕێزیان لێناگیرێت؟ بۆ نموونە لە عێراقدا لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا ئەمڕۆ هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئایا هاووڵاتیان بەشدارییان لە دەنگدانی ئازادانەدا کردووە؟ ڕەنگە لە دوای 2003 بتوانین بڵێین هاووڵاتیان بە گشتی بە ئازادی دەنگ دەدەن، بەڵام ئایا سیاسەتمەداران، یان باشتر بڵێین ئەوانەی دەسەڵاتیان لەدەست دابووە پابەند بوون بە بڕگەکانی دەستوورەوە؟ ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تۆزێک قورس بێت.
لە ساڵی 2005 وە دەنگدانی زۆرینەی پێکهاتەکانی عێراق لەسەر دەستوور، چەندین ماددە هەن کە حکوومەتی فیدراڵی پابەند نەبووە پێیەوە، وەک مادەی 140 و مادەی 110 و مادەی پەیوەست بە ئەنجوومەنی فیدراڵی، هەروەها زۆرێک لە ماددە دەستوورییەکان کە بونەتە هۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەوە، هەرچەندە حکوومەتی هەرێم پابەند بووە بە ماددە دەستوورییەکانەوە.
سەیرە لەم ماوەیەدا کە ئێمە حکوومەتی فیدراڵی پێکدەهێنین، هێشتا ناکۆکیەکان لەسەر کاندیدکردنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، پۆستێک کە بۆ کورد تەرخانکراوە، هەروەها ناکۆکییەکان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران، کە بۆ برا شیعەکان تەرخانکراوە. کەسێک کاندید کراوە، بەڵام هەندێک بەربەست هەیە. بەڵام ئەوەی سەیرە هەندێک لایەن کورد بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ڕێگری لە دەستوور دەکەن بەهۆی رێککنەکەوتن لە کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. مەسەلەکە ڕێگری لە دەستوور نییە، بەڵکوو دیالۆگێک هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی، بۆ دۆزینەوەی فۆرمولێک کە هەردوولا ڕازی بکات، چونکە پێگەی سەرۆک کۆمار بۆتە نەریتی بۆ گەلی کورد و تایبەت نییە بە هیچ لایەنێکی کوردی، بەڵکو مافی هەموو کوردێکە، جا لە ئەم دوو لایەنە بێت یان لایەنی دیکە یان سەربەخۆ. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە ڕێگەی لێکتێگەیشتن و کۆدەنگییەوە بێت.
سەرەڕای ئەم ساڵانە، زۆرێک لە ماددەکانی دەستوور جێبەجێ نەکراون، هەرچەندە گرنگن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر. هەندێک لایەن بەبێ هیچ پاساوێکی دەستووری وەستاون دژی بڕگەکانی دەستوورن. پێش ئەوەی لۆمەی گەلی کورد بکەن، پێویستە پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیاندا بکەن لەسەر ئەو ماددە دەستوریانەی کە بە ئەنقەست پشتگوێ خرابوون، ئینجا گەلی کورد تاوانبار بکەن.
هەموو چاوەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکە کە باوەڕی بە هاوبەشی و هاوسەنگی و کۆدەنگی هەبێت و عێراق بەرەو سەقامگیری و ئاسایش ڕێنمایی بکات، ناکۆکیەکان لەگەڵ هەولێر بە پێی دەستوور و یاسا و ڕێککەوتنەکان چارەسەر بکات، دوور لە دەستوەردانی دەرەکی و سەپاندنی ئەجێندا کە سەقامگیری و ئارامی بۆ عێراق ناخوازێت. بڕیارەکە دەبێت تەنها عێراقی بێت.
دیموکراسی تەنها بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا نییە، بەڵکو پراکتیکی ڕاستەقینەیە. ئەمە جیاوازی تێگەیشتنی ئێمە و تێگەیشتنی ئەوانە.