رۆژنامەی ھەولێر

گرینلاند

فەوزی زەکی هەناری
(گرینلاند) گەورەترین دوورگەیە لە جیهاندا. ڕووبەرەکەی ٢ملیۆن کیلومەتر دووجایە، بەشی زۆری دەکەوێتە ناوەوەی بازنەی جەمسەری _ (3. 66) هێڵی پانی باکوور _ چینێکی گەورەی سەهۆڵ (شەختە) (٪85)ی ڕووبەرەکەی داپۆشیوە. بێتە پێش چاوت ئەگەر نەخشەیەکی (گرینلاند) لەسەر نەخشەیەکی (ئەورووپا) دابندرێت، ئەوا نەخشەکەی (گرینلاند) لە (لەندەن)ـەوە تا بیابانی (ئەفریقا) دەکشێت.
چینە سەهۆڵینەکەی گرینگلاند، تێکڕا ١.٦ کیلومەتر ئەستوورە؛ لە هەندێ شوێن دەگاتە ٣ کیلۆمەتر؛ هەرگیز ناتوێتەوە، لەوانەیە تەنها بەرد لە بنیدا هەبن، کەسیش لەم زانیارییە دڵنیا نییە.
لە کەنارەکانیدا، چیاکان لە دەریاوە بەرزبوونەتەوە، لە باشووری خۆرئاوای دورگەکە کەمێك درەختی نزم (دارچك) هەن. بەڵام دارستانی لێ نییە، لە زستاندا بەفر هەموو شتێك دادەپۆشێ، بەڵام لە هاویندا ڕووەکی زۆر کورت لە زەویەکانی نێوان کەنارەکان و چینە سەهۆڵییەکە شین دەبێت (دەڕوێت).
(ڤایکنگ)ـە (Viking) (نەرویج)یەکان یەکەم ئەورووپایی بوون لە ساڵی (875)ی زایینی ئەم دورگەیان بینی، بەڵام تا ساڵی (982) کەس سەری لێ نەداوە. دوای سێ ساڵ کەمێك لە (ڤایکنگ)ـەکان چوون لە ئەوێدا نیشتەجێبن (بژین)، لە ساڵی (1261) خەڵکی (گرینلاند) بڕیاریاندا، لەگەڵ (نەرویج) دابن (یەکبگرن)، (نەرویج) و (دانیمارک) لە ساڵی (1380) یەکیان گرت (United)، بەڵام ئەم یەکگرتنە لە ساڵی (1814) کۆتایی هات، (گرینلاند) لەگەڵ (دانیمارک) بە یەکگرتوویی مایەوە. هەرچەندە گرینلاند پەنجا هەندی (دانیمارک) گەورەترە، بەڵام تا ئێستاش بەشێکە لەم دەوڵەتە بچووکە.
دەوری (62000) کەس لە گرینلاند دەژین، بەشێکیان (ئەسکیمۆ)ن بەشەکەی تر (دانیمارک)ین، هەموویان لە گوند و شارە بچووکەکان لە کەنارەکانی باشووری ڕۆژئاوای دورگەکە دەژین، چونکە گەرمترین جێیە لە دورگەکە. کەمێك (ئەسکیمۆ) ڕەسەنەکان _ دوور _ لە باکوور دەژین و (دانیماڕکییەکان) لە شارە بچووکەکان.
ژیان لە (گرینلاند) زۆر زەحمەتە چونکە کەشوهەوا زۆر ساردە، لە مانگی کانوونی دووەم پلەی گەرمی دەبێتە 29،5C – (واتە سالیب 5، 29 پلەی سیلیزی)، و لە مانگی تەمموز دەبێتە C4 (واتە 4 پلەی سیلیزی). لە زستاندا ڕۆژێ 24 سعات تاریکە وە لە هاویندا هەموو دەم ڕۆژی ڕووناکە.
ئەم دورگەیە کەم دەرامەتی سروشتی هەیە، خەڵکەکەی کەمێك سەوزە دەچێنن و کەمێك مەڕوماڵات بەخێو دەکەن، خەریکی ڕاو و ڕاوە ماسین.. بەڵام ئێستاکە بە ئاسانی دەتوانن خواردەمەنی لە دوکانەکان بکڕن.
(گرینلاند) بۆ هەموو جیهان گرنگە. چونکە زاناکان لە ئەوێوە کەشوهەوا چاودێری دەکەن، دەتوانن بڵێن کەی باهۆز (عاصفە) لە باکووری زەریای (ئەتلانتیك) هەڵدەکەن. شتێکی گرنگە بزانی کەی باهۆزەکان لە ئەوێدا هەڵدەکەن، چونکە ڕووبەرێکی فراوانی هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرەکانە.
ژیان لە (گرینلاند) زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت، خەڵکەکەی بە سەدان ساڵ لەگەڵ نەریتە کۆندا ژیاون، بەڵام ئێستا بۆ ناو جیهانێکی سەردەم دەڕۆن، نەریتی کۆن ون دەکەن، بەڵام هیچ شتێك نییە جێگرەوەیان بێت، کێشەی گەورە لە نێوان خەڵکەکەی هەیە. شتێکی سەختە بۆ میللەتێك لە ژیانێکی نەریتی کۆنەوە بۆ ژیانێکی سەردەمی بڕوات. بەتایبەتی ئەمە بۆ (گرینلاند) زەحمەتە، چونکە خەڵکەکەی سەدان ساڵیان بەڕێکردووە و پەیوەندییەکی کەمیان لەگەڵ بەشەکانی تری جیهان هەبووە. ئەم کێشەیەش لە ئایندە لەوانەیە بەردەوام بێت؛ لە کتێبی (Concepts and comments – An ESL Reader) وەرگیراوە.
لەو ماوە مێژووییەی ئێستادا، لە ماوەی پێشکەوتنی تێکنەلۆجی لە هەموو بوارەکانیدا، گرینلاند بایەخ و گرنگییەکی زۆری لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکان پەیداکردووە، بەتایبەتی (ئەمریکا) کە دەیەوێت گرینلاند، بە هەر ڕێگایەك بێت، بیخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆی، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
1- شوێنێکی ستراتیجی ڕووبەر فراوانە، دانیمارک ناتوانێ بیپارێزێت.
2- لەبەر گەرمداگەڕانی ئەتمۆسفیری زەوی لە ئەنجامی دیاردەی خانووەشووشە بەشێك لە ڕووبەرە بەستەڵەکەکانی باکووری زەوی تواونەتەوە. ئەم ڕووبەرە تواوانە دەتواندرێت بەکار بهێندرێت وەك ڕێڕەوێکی نوێ بۆ کەشتییە بازرگانی و سەبازییەکان؛ گرینلاند دەکەوێتە سەر ئەم ڕێڕەوە نوێیانەوە.
3- کۆگایەکی گەورەی کانزا دەگمەنەکانە.
4- لە کاتی ئاڵۆزی، مووشەکەکانی (ڕووسیا) بەرەو (ئەمریکا) بەسەر (گرینلاند)دا تێپەڕ دەبن.