عارف ڕوشدی
بۆیە، سەرەڕای هەوڵی بێوچانی هەندێ ڕەوت و حزبی سیاسیی پاشڤەرۆ لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژئاوا و کوردستانی باکوور، لەژێر چەتری دروشمی خەیاڵیی هەرزەکارانەدا، لەپێناو لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی و دەستەمۆکردنی لاوانی کوردەواری و دابڕاندنیان لە خەباتی نەتەوایەتی؛ بەڵام دەرەنجامی هەوڵەکانیان وەک چاوەڕوان دەکرا نوشستهێنان بوو. دیارترین داڕمانی بیرکردنەوە ناهەموارەکەیان لە ڕووداوەکانی کوردستانی سووریادا بەرجەستە بوو، کاتێک خودی ڕووداوەکان و هۆشیاریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی لاوی هەستبەرز و نەتەوەخواز، لە ڕابوونێکی نەتەوەیی سەرتاسەریدا سەلماندیان کە «پیرۆزیی هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری» تەنها ڕاستییەکە کە ناوەڕۆکی سەروەریی مانەوە و مرۆڤبوونمان دەپارێزێت. لە بەرامبەر ئەم ڕابوونە نەتەوەییانەدا، جەنابی سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی تایبەتدا سوپاسی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستانی کرد، نەخاسمە توێژەکانی گەنج و لاوان.
سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەتی کورد، لەگەڵ ئەوپەڕی پێزانینمدا، قەتیس ناکرێت لە هەڵوێستی ژنانی تێکۆشەری کوردستانی سوریادا، بەڵکو لەو کاتەوەی کوردستان دابەش و داگیر کراوە، ژنان لە مەیدانی خەبات و تێکۆشان جیا نەبوونەتەوە؛ بەڵکو سەدان ژن لە ئەنجامی بەشدارییان لە گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، لە سەنگەرەکانی شۆڕش و خەباتی سیاسیدا گیانیان بەخت کردووە و بوونەتە سیمبولی ڕێزلێگیراوی هەمیشەیی.

