رۆژنامەی ھەولێر

پیاوی یادەوەرییەكان چۆن دەنووسێت؟

(بـــــۆب بـــــــالابان) .. ئەو پیاوەی كتێبێكی لە 8 ڕۆژدا نووسی
وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری
(بۆب بالابان ـ Bob Balaban) بۆب بالابان، ئەکتەر، دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر و نووسەرێكی ئەمریکییە کە بە کارە جیاوازەكانی لە پیشەسازیی فیلم و تەلەڤزیۆن ناسراوە. ڕۆڵی بینیوە لە فیلمەكانی (Waiting for Guffman) و (The Good Wife) و (Monuments Men) و هەروەها بەرهەمهێنەری (Parents) و (Nurse Jackie) كردووە. لە بواری نووسینیشدا چەندین كتێبی هەیە كە زیاترینیان بۆ منداڵانن وەك (زنجیرە كتێبی McGrowl) و (زنجیرە كتێبی The Creature from the Seventh Grade).

ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
بۆب: من لە شیکاگۆ لەدایک بووم. خێزانەکەم دەوروبەری ساڵی ١٨٩٨ و لە ڕووسیاوە هاتوونەتە ئەوێ و زنجیرەیەک سینەمایان دامەزراند. من وەک منداڵێکی بچووک بەدڵ و گیان خولیای فیلم بووم.

ـ یەكەم فیلمت بیرە كە تەماشات كردبێت؟
بۆب: یەکێک لەو یەکەمین یادەوەرییەکانم ئەوەیە کاتێک ٧ یان ٨ ساڵان بوو، چووم بۆ بینینی فیلمە (Guys and Dolls) لە یەکێک لە سینەماکانی باوکم. كە باوکم چوو بۆ پشکنینی داهاتی سندوقی فرۆشتنی بلیتەكان، منی لە چێشتخانەیەکی بچووک بە ناوی (Choo Choo) جێهێشت کە خواردنەكە بە شەمەندەفەرێکی بچووک بە تەنیشت کورسیەکەتدا بۆ دەهات و دواتر قاپە بەتاڵەكەت لەسەری دادەنایەوە و دەیبردەوە. بۆیە “فیلم و شەمەندەفەر” بووە یەکەمین یادەوەریم لەوبوارەوە.

ـ ڕۆتینی بەیانیانت باس بکە، كە ئەگەر ئەکتەری نەکەیت چ دەكەیت؟
بۆب: هیچ ڕۆژێك و بەیانییەكم لێك ناچن. زیاتر بەیانیان کاتژمێر ٧ هەڵدەستم و هەوڵ دەدەم بەشێکی دیاریکراوی ڕۆژەکە بە بێدەنگی بنووسم، لە نێوان 7 بۆ 11 كاتژمێر، گرنگ نییە باش دەڕوات یان نا، بەڵام هەموو ڕۆژێک دەیکەم. بەیانیان کۆمپیوتەرەکەم دەردەهێنم و دەچمە سەربانی ماڵەكەم و دادەنیشم و دەست دەکەم بە نووسینی ئیمەیلەكانم. پاشان دەست بە نووسین دەکەم و دیالۆگەکانی فیلمی ئایندەم دەنووسم، پێش خەوتنیش دووبارە سەیری دیالۆگەکان دەكەمەوە، چونکە حەزم لێیە زۆر ئاشنا بم بە نێوەرۆكی كارەكەم و كارەكتەرەكانم. دوای ماندووبوون لە نووسین، دەچمە سەنتەری وەرزش. دواتر نزیكەی 4 كاتژمێرێكیش نووسینی جدیم هەیە كە ئەمە خەمبارانەیە، وایە؟!

ـ ئەوە خەمبارانە نییە، بەڵكو زۆر بەرهەمهێنەر دیاریت؟
بۆب: من لە ڕاستیدا نووسەر نیم، بەڵام لە ناچاریان بوومە نووسەر، چونکە بە هەڵە دەستم بەم کارە كرد. بیرۆکەیەکم بۆ فیلمێک هەبوو و لەگەڵ (Scholastic Publishing) کۆبوومەوە، ئاخر ئەوانیش بەشی فیلمیان هەیە و گوتیان ناویانەوێت بیرۆكەكە وەک فیلم ئەنجامی بدەن، پێیان باشتر بوو وەك زنجیرە کتێبێكی نایاب بۆ منداڵان ئەنجامی بدەن. بۆیە بێ بیركردنەوە گوتم ڕەنگە خۆم بتوانم ئەوە بکەم. بۆیە گوتیان باشە دەبێت شەش کتێب بنووسیت، واتە هەر هەشت مانگ جارێک كتێبێكی نوێمان لە زنجیرەكە ڕادەست دەکەیت. لە کۆتاییدا ئەم زنجیرەیەم نووسی، کە هەم حەزم لێبوو و هەم جۆرێک لێی دەترسام، چونکە وەک ئەرکی ماڵەوە وابوو و كات دیاری كرابوو بۆ ڕادەستکردنی. بەڕاستی چێژم لێی وەرگرت. بۆیە دەستم بە کتێبی دیكەی منداڵان كرد بە ناوی (The Creature from the Seventh Grade) و ئەم جارە کەمێک زیاتر ڕێکوپێکم كرد.

ـ زۆر كارت ئەنجام داوە لە تەلەڤزیۆن و فیلم و دەرهێنان و ئەكتەری و شانۆ. كامیان زیاتر چێژبەخشە بۆتان؟
بۆب: هەموو ئەو شتە جیاوازانەی کە دەیکەم حەزم لێیانە. هەندێک جاریش ئازاردەرن بۆم. كە مێشکمیش بە جۆرێك ڕێگریم لێ بكات، هەرگیز بێزار نابم.

ـ ئەکتەری لەسەر سەکۆی شانۆ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ئەكتەری لە فیلم و ئەكتەری تەلەڤزیۆن، سێ شێوەی زۆر جیاوازن. كامیان لاتان پەسەندترە؟
بۆب: ئەكتەری لە شانۆگەریدا، زۆر پڕبار و سەرنجڕاکێش و لە هەمانكاتیشدا ترسناکە و وات لێ دەکات ئەو ماسولکانە ڕابهێنیت کە بە شێوەیەکی تر بەكاریان ناهێنیت. كە پەردەکە لادەدرێت، تۆ لەوێ تەنها دەفڕیت، بەڕاستی زۆر خۆشە، خۆتی و خۆت خاوەنداریەتی خۆت دەكەیت و ئەزموونێکی ڕاستەقینەی گەشەکردنە، ڕاهێنانێكی نایابە. بەڵام ئەکتەری تەلەڤزیۆنی و فیلم هەموو ڕۆژێک جیاوازە. بەزۆری لە پارچەی سێ خولەکیدا دەکرێت و پاشان دادەنیشیت و چاوەڕێ دەکەیت. ڕاهێنانێكی جیاوازە. هەموو شتێک تەنها یەک تەیکە. هەڵەی تێدا دەکەیت، دەڵێن، ئۆو، ئەوە باشە، تەنها دووبارەی دەکەینەوە. دەبێت ڕابێیت بە ئەوەی کە بەشێکی مێشکت لەسەر شتێك ڕابهێنیت و پاشان لەبیری بکەیت. بۆیەیە بە گشتی لە هەر سێ بواردا حەزم لە ئەکتەرییە.

ـ نووسەران زۆر جار سەرسام دەبن لەوەی چۆن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان ئەو کتێبانە هەڵدەبژێرن بۆ كردنە فیلم؟
بۆب: زۆر سادەیە. ئاخۆ كتێبێك چەندە سەرنجڕاکێشە بۆم، ئەکتەرەکانی یان چیرۆکەکەی؟ ئایا هێندە ڕەسەنە کە ئەگەری زۆرە دە ساڵی ژیانت بۆی تەرخان بكەیت؟ سەرقاڵی کتێبێکی کۆنی سەدەی ١٩ـەیەم بووم لە (ئەنتۆنی ترۆلۆپ) بە ناوی (The Eustace Diamonds). دەستم بە خوێندنەوەی کرد، هەستم كرد کارەکتەری زۆرە و کەمێک ئاڵۆزە. هەزار و 100 لاپەڕە بوو. كەچی دواتر هەستم كرد ئای خوایە، ئەمە دەبێتە فیلمێکی سەرنجڕاکێش. بۆیە داوام لە (جولیان فیلۆویس ـ Julian Fellowes) کرد سیناریۆکە بنووسێت و کارێکی نایابی کرد.

ـ کتێبەکەت(Spielberg, Truffaut, and Me)، ڕوانگەیەکی دەگمەنە لە پشت چۆنیەتی دروستکردنی فیلمێک. چۆن ئەو کتێبە دروست بوو؟
بۆب: خێزانەكەم لە نیویۆرک بوو و منیش هەندێك جار لە وایۆمینگ بووم و یا بە جیهاندا دەگەڕام و نامەم دەنووسی بۆ خێزانەکەم. کاتێک گەڕامەوە نیویۆرک، یەکەمین منداڵمان دەبوو، و بڕیارمدا بڕوانامەی زانکۆم تەواو بکەم. تەنها دوو کۆرسم کەم بوو. دەبوو وەڵامێكم هەبێت بۆ منداڵەکەم كە لێم دەپرسێت بۆ وازت لە خوێندن هێنا؟ بۆیە گەڕامەوە نیویۆرک یونیڤێرسیتی، کە پێشتر لەوێ بووم، و وانەیەکی کۆمەڵناسیم وەرگرت. دەبوو ڕاپۆرتێکی دوورەدرێژ بنووسم. تازە (Close Encounters)م تەواوکردبوو، بۆیە بڕیارمدا دەربارەی چینایەتیی کۆمەڵایەتی بنووسم. ئاسان بوو؛ پێویستم بە هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەبوو. بۆیە لە ئاهەنگێکدا دەربارەی ڕاپۆرتەکە قسەم دەکرد و ڕۆژنامەنووسێکی لێبوو كە ڕۆژی دواتر لە ستوونەکەیدا باسی كرد. ئەوەبوو لە کۆمەڵێک بڵاوکەرەوە و چاپەرەوە پەیوەندیم پێوە کرا و ڕێککەوتنێکم کرد و دەبوو دانیشم و هەشت ڕۆژ دواتر کتێبەكە ڕادەست بکەم. كە ئەم ماوە كورتە دەبستیت، زۆر تۆقێنەرە. بەڵام ناچار بووم هەموو شتێک بەجێبهێڵم و تەنها بۆ یەک هەفتە سەرنج بدەمە سەر كارەكەم. ئەوە زۆر ئاسانتر بوو لەوەی ساڵێک سەرنجی بخەمەسەر. بۆیە گوتم: باشە، بەڵام شوقەیەکم بۆ بگرن و کەسێکم بۆ بدۆزنەوە کە زۆر خێرا تایپ بکات. ئیتر هەموو بەیانییەک دەچوومە سەر کار. بەیانیان بە میترۆ دەچووم بۆ ئۆفیسەکەم، بیرم دەکردەوە لەوەی كە چۆن هەڵبژێردراوم بۆ ئەم فیلمە و ئەوشتانە؟ تازە فیلمەکەشم تەواوکردبوو، زۆر ئاسان بوو بۆم، چونكە بڕێکی زۆری وردەکارییەكانم بیر بوو. چەندین چیرۆک هەبوون کە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییان هەبوو و بە خۆشییەوە بەبیرم دەهاتنەوە. هەموو شتێکم بەیانیان دەنووسییەوە، خۆم تایپم دەکردن یان كە دەگەیشتمە شوقەکەم دەمدا تایپی بكەن، دواتر لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و لە نێو میترۆ هەڵەكانم ڕاست دەکردنەوە. هەشت ڕۆژ دواتر دەستنووسێکم هەبوو و دامە خێزانەکەم و ئەو دەستکاری كرد و بەم شێوەیە کتێبەکە چاپ بوو.

ـ خوویەكی تایبەتیت هەیە؟
بۆب: زیادە پابەندبوون، وەك خوویەك تێمدایە. لە ڕووی كەسیشەوە زیاد لە پێویست میهرەبانم.

ـ خواردنی دڵخوازت چییە کاتێک لە سەربانەکەت دەنووسیت؟
بۆب: شتێکی بێتام وەک… ڕاوەستە.. بەڕاستی بێتامم لەگەڵ خواردن. دانەوێڵەیەکە بەناوی (Strawberry Fields) و دەیخەمە کوپێکەوە و دەیخۆمەوە.

ـ شتێکمان پێبڵێ دەربارەی خۆت کە زۆرکەس نایزانێت؟
بۆب: زۆر بەهرەم لە یاریی (Labyrinth) هەیە، کە تۆپێکی ئاسنە لەسەر دارێكی نەخشەیی و تۆپەكە دەچێنە نێو كونەكانەوە. دەتوانم لە ئاستی یەك بگەمە ٦٤ لە کاتێکی زۆر کەمدا.

ـ چ ڕستەیەک زۆر بەکار دەهێنیت؟
بۆب: دەتوانم شتێکی ڕێزمانی، قێزەونت بۆ بڵێم کە هەموو کات وادەكەم و ئەگەری زۆرە تێبینیشت کردبێت. كاتێك دەست دەکەم بە گێڕانەوەی چیرۆکێک، پاشان هەست دەکەم وەسفكردنەكە گرنگە، بۆیە پەرەگراف بەدوای پەرەگراف دەچمەپێش.. پێش ئەوەی بگەمە خاڵەکە، زۆر ئاڵۆزی دەكەم، تۆ كە بەدوامدا دیێت، لێی تێناگەی… خۆم هەوڵ دەدەم کەمتری بکەم، بەڵام سەرکەوتوو نیم.

ـ پێت خۆشە لەسەر كێلی گۆڕەكەت چی بنووسرێت؟
بۆب: “زۆربڵێیەك گوتی”.

تێبینی:
ئەم وتووێژە كورت کراوەتەوە.