رۆژنامەی ھەولێر

بەرپرسیارێتی لــــــە گوتاری سیاسیدا

د. خالیدە خەلیل
سیاسەت لە جەوهەری خۆیدا چالاکییەکی مرۆییە، کە ئەرکی ڕێکخستنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کاروباری حوکمڕانی و کۆمەڵگەی لە ئەستۆیە؛ بەمەش پێش ئەوەی ململانێ بێت لەسەر هەژموون یان پێشبڕکێ بێت بۆ گەیشتن بە پلە و پۆست، کردەیەکی ئاراستەکردن و کاریگەرییە. لێرەشەوە، وشەی سیاسەت وەک یەکێک لە ئامرازە بنەڕەتییەکانی سیاسەت گرنگیی خۆی بەدەست دەهێنێت، چونکە تەنیا گوزارشت لە هەڵوێستێکی کاتی ناکات، بەڵکو بەشدارە لە داڕشتنی هۆشیاریی گشتی و ئاراستەکردنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا.
کاتێک کەسی سیاسی بە هۆشیاری و داناییەوە وشە دەردەبڕێت، وشەکەی دەبێتە ئامرازێکی بونیادنان و ڕێکخستن، بەڵام کاتێک وشە لە بەها ئەخلاقییەکانی دادەماڵرێت، دەبێتە هۆی شڵەژان و پشێوی. هەر بۆیە، وا بڕیارە گوتاری سیاسی بە لێهاتوویی، هاوسەنگی و ڕێزگرتن لە بەرامبەر بناسرێتەوە و پابەندی سنوورەکانی ئەخلاقی گشتی بێت، نەک دابەزێت بۆ ئاستی بریندارکردن، بێڕێزی و یەکلاکردنەوەی کێشە شەخسییەکان؛ چونکە سیاسەت پرسێکی تایبەت نییە، بەڵکوو کردەیەکی گشتییە و کاریگەرییەکەی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەوە ڕەنگ دەداتەوە.
بێگومان گوتاری سیاسی جەوهەری پرۆسەی سیاسییە، چونکە ئەو ئامرازە سەرەکییە کە سەرکردە و سیاسییەکان بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ جەماوەر، بەدەستهێنانی متمانەیان و پاساودانەوەی هەڵوێست و بڕیارەکانیان پشتی پێ دەبەستن. لەبەر ئەوە، هەر وشەیەک لەم بوارەدا دەگوترێت یان دەنووسرێت، کێش و سەنگێکی زۆری هەیە و دەرەنجامگەلێکی لێ دەکەوێتەوە کە ڕەنگە کاریگەرییەکانی تا داهاتوویەکی دوور بڕوات؛ ئەمەش وا دەکات ئەو بەرپرسیارێتییەی دەکەوێتە سەر شانی کاراکتەری سیاسی، بەرپرسیارێتییەکی دووقات بێت.
وشەی سیاسەت لەسەر بنەمای دیدێکی ستراتیژی و پڕۆژەیەکی ئەخلاقی بونیاد دەنرێت، کە گوزارشت لە کۆمەڵە بەها و پاشخانە کولتوورییەکەی خاوەنەکەی دەکات. وشە تەنیا دەربڕینێکی زمانەوانیی سەرپێیی نییە، بەڵکو ئامرازێکی کاریگەرە و توانای ئاراستەکردنی عەقڵەکان و داڕشتنەوەی هۆشیاریی گشتیی هەیە؛ هەروەها ڕێڕەوەکانی بیرکردنەوە بەرەو بەرژەوەندی و ئامانجێکی دیاریکراو دەبات، ئەمەش وای لێ دەکات ببێتە توخمێکی یەکلاکەرەوە لە بونیادنانی نیشتمانیدا، یان لە حاڵەتی خراپ بەکارهێنانیدا، ببێتە هۆکارێک بۆ قووڵکردنەوەی لێکترازان و گرژییەکان.
لە دیمەنی گشتیی عێراقدا، ناکرێت بەراورد بکرێت لەنێوان ئەوانەی وەک پڕۆژەیەکی گشتگیر و بونیادنراو لەسەر دیدگا و ئەزموون و شارەزایی مامەڵە لەگەڵ سیاسەت دەکەن، لەگەڵ ئەوانەی وەک کارێکی سەرپێیی یان پەرچەکردارێکی کاتی دەیبینن. پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ئەکتەرێکی سیاسی کە ئەزموون دایتاشیوە و مەعریفەی قووڵ کردووەتەوە، نموونەی حزبێکە کە ئامادەیی خۆی لەسەر تێگەیشتنێکی ورد بۆ ئاڵۆزییەکانی واقیع بونیاد ناوە. ئەو حزبە لە ڕێگەی کاروانێکی دوورودرێژەوە، درکی بەوە کردووە کە “کات” بەشێکی دانەبڕاوە لە کاری سیاسی و، بایەخی بڕیارەکانیش بەپێی ئەو شوێنەوارە درێژخایەنانە دەپێورێن کە لە دوای خۆیان جێی دەهێڵن. هەر بۆیە، ئەم جۆرە کاراکتەرە سیاسییانە، وەک چۆن سەنگی هەڵوێستەکانیان دەگرن، بەو ئەندازەیەش سەنگی وشەکانیان دەپێون؛ چونکە دەزانن گوتار ئامرازی نمایش نییە، بەڵکو ڕەگەزێکی بنەڕەتییە لە دروستکردنی هۆشیاریی گشتی و چەسپاندنی متمانەدا.
حزبێکی ڕەسەنی لەم شێوەیە، بەو کەسانە بەراورد ناکرێت، کە بە ڕێکەوت یان بە هۆکاری کاتی و بۆ ئەرکێکی کورتخایەن هاتوونەتە ناو کایەی سیاسییەوە؛ چونکە ئەم جۆرە کەسانە پەنا بۆ ڕەفتارگەلێک دەبەن کە قووڵییان تێدا نییە و، “هەڵپە و سەرپێیی” دەخەنە شوێنی “پلاندانان”، و “هەڵچوون” دەخەنە شوێنی “دیدگا”، بەمەش سیاسەت کورت دەکەنەوە بۆ پەرچەکردارە کاتییەکان کە لە سنووری ساتەکە تێناپەڕن. زۆرجار هەڵوێستەکانیان زیاتر لەوەی هەڵوێستێکی سیاسیی بەرپرسانە بن، دەبنە دەربڕینی شەخسی، تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی بگوترێت: “هاوار بەقەد ئازارەکەیە”؛ وا دیارە شکستە یەک لەدوای یەکەکان، هەندێکیانی پاڵ ناوە بەرەو پەیڕەوکردنی گوتارێکی هێرشبەرانە، بەو خەیاڵەی کە توندیی زمانەکەیان دەتوانێت جێگەی نەبوونی ئەزموون یان کەمیی شەرعییەت پڕ بکاتەوە. لەبری ئەوەی گوتار ئامرازێک بێت بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان، لەم چوارچێوەیەدا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و، زمانی پێکدادان وەک جێگرەوەیەک بۆ لاوازیی دیدگا یان نەبوونی ئەزموون بەکاردەهێنرێت. دەرەنجامەکەش، دابەزینی ئاستی گوتارە بۆ پلەیەک کە نە لەگەڵ کردەی سیاسیدا دەگونجێت و نە لەگەڵ مەترسیی کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەیەک کە هێشتا برینە مێژووییەکانی سارێژ نەبوونەتەوە.
یەکێک لە مەترسیدارترین دەرهاویشتەکانی ئەم دابەزینە، بە سووک سەیرکردن و هەڕەمەکی مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕەمزە کوردییەکان، بێ ئەوەی درک بە قووڵایی مێژوویی، ڕەمزی و کۆمەڵایەتییان بکرێت. چونکە ڕەمزە کوردییەکان پوختەی مێژوویەکی دوورودرێژن لە مەینەتی، بەرگری و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانان و کەرامەت. ئەم ڕەمزانە لە ناو جەرگەی چەوساندنەوە و پەراوێزخستندا دروست بوون و لە ناو هۆشیاریی بەکۆمەڵدا، واتاکانی خۆڕاگری، ناسنامە و یادەوەرییان هەڵگرتووە؛ لێرەشەوە هەر سووکایەتییەک پێیان، وەک خەنجەر وەشاندنە لە یادەوەریی گشتیی کورد.
هەروەها ڕەهەندی ڕەمزیی ئەم کەسایەتییانە لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتییان جیا نابێتەوە؛ چونکە بۆ کۆمەڵگەی کوردی، ئەمانە وەک پردێک لەنێوان ڕابردوو و ئێستادا دەبینرێن و نیشانەی بەردەوامیی مێژوویین لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی سڕینەوەدا. مامەڵەی نابەرپرسانە لەگەڵ ئەم ڕەمزانەدا، برینە کۆنەکان دەکولێنێتەوە و هەستی پەراوێزخستن بەرهەم دەهێنێتەوە؛ هەروەها دەبێتە هۆی تێکدانی دەرفەتەکانی متمانەسازی لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقیدا، لەو ساتەوەختەی کە پێویست بوو هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی درزەکان تەرخان بکرێن، نەک بۆ قووڵکردنەوەیان.
هەر بۆیە، ڕێزگرتن لە ڕەمز و مەرجەعەکان، بەتایبەت لە وڵاتێکی فرەڕەنگی وەک عێراقدا، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئاشتیی نێوخۆیی. چونکە جیاوازیی نەتەوەیی، کولتووری و ئایینی، بە ململانێ و پێکدادان بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو بە دانپێدانانی یەکتر و تێگەیشتن لە هەستیاریی یادەوەریی مێژوویی هەر پێکهاتەیەک بەڕێوە دەچێت. کاتێک ئەم ڕەهەندە ڕەمزییە لە ناو گوتاری سیاسیدا پێشێل دەکرێت، ئەنجامەکەی تەنیا قووڵبوونەوەی لێکترازانە، لە کاتێکدا هەمووان پێویستیان بەوەیە کەشتییەکە بەرەو کەنارێکی ئارامتر ئاراستە بکەن.
لێرەوە دەردەکەوێت ئەخلاق لە سیاسەتدا، مەرجێکی حەتمییە بۆ بەردەوامی و سەقامگیری. کاتێک ڕێسای ئەخلاقی ون دەبێت، سیاسەت مانا ڕاستەقینەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە ئامرازێک بۆ سەپاندنی هەژموون یان دروستکردنی پشێوی. بەڵام کاتێک بەهاکان وەک مەرجەعێکی باڵا بۆ ڕەفتاری سیاسی دەگەڕێندرێنەوە، متمانەی نێوان پێکهاتەکان بەهێزتر دەکەن و بە جیاوازییەکان سیمایەکی تەندروست دەبەخشن، کە نە هەڕەشە لە یەکپارچەیی کۆمەڵگە دەکات و نە لە داهاتووەکەی.
ئەزموونە کۆن و نوێیەکان ئەوەیان سەلماندووە، ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگەیانەی پارێزگارییان لە سەنگ و ڕەسەنایەتیی گوتاری سیاسییان کردووە و ڕێزیان لە ڕەمز و یادەوەریی بەکۆمەڵی خۆیان گرتووە، توانایەکی زیاتریان هەبووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و لە بەرانبەر ئاستەنگەکاندا پارێزراوتر بوون. لە بەرانبەردا، ئەو کۆمەڵگەیانەی ڕێگەیان داوە زمانی سیاسییان دابەزێت بۆ ئاستی جنێو و سووکایەتیی شەخسی و تێکشکاندنی ڕەمزەکان، باجی قورسیان لە سەقامگیری، یەکڕیزی و دەرفەتەکانی پێشکەوتنی خۆیان داوە.
ئەمڕۆ پێویستییەکی هەنووکەیی و بەپەلە هەیە بۆ ئەوەی شکۆ و بایەخ بۆ سیاسەت بگەڕێندرێتەوە؛ وەک هونەرێکی بەڕێوەبردنی ژیرانە و خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی گشتی، نەک وەک گۆڕەپانێک بۆ هەڵچوون یان سەکۆیەک بۆ بێڕێزیکردن. چونکە تا ئەو ڕادەیەی ئاستی ئەخلاقیاتی گوتاری سیاسی بەرز بکەینەوە و ڕێز لە ڕەمز و یادەوەریی گەلان بگرین، هێندەش ئاستی هۆشیاریی بەکۆمەڵمان بەرز دەبێتەوە و کۆمەڵگەکەمان لە لێکترازان دەپارێزین؛ بەمەش ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ دیالۆگێکی نیشتمانیی بەرپرسانە دەکەینەوە، کە بڕوای وایە “وشە” کاتێک بە جوانی و دانایی دابڕێژرێت، دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەر، نەک ببێتە پڕیشکێک بۆ بەرپابوونی قەیرانێکی نوێ!