ماردین عبدالکریم
دۆزی خوێناوی کورد لەدایکبووی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو برینێکە، زیاتر لە سەدەیەکە کراوەیە، کوردستان زەوییەکی دابەشکراوی پارچەپارچەکراوی لێکدابڕێنراوە، کە خەریکە کار دەگاتە ئەوەی لەسەر خاکی خۆمان جێمان نابێتەوە، تراژیدیاییترین و نزیکترین وێنەش ئەو رووداوانە بوون، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە رۆژئاڤای کوردستان گوزەرا.
ئاشکرایە لەماوەی زیاتر لەسەدەیەکدا، بە دەیان جۆر و شێواز، ناهەقی و نادادی لەسەرجەم پارچەکاندا بەرانبەر بە کوردان کراوە، لە بەرانبەردا کوردیش بەدەیان جۆر،ناڕەزایی و قوربانی و خەبات و بەرخۆدان و خۆپیشاندانی بۆ داکۆکیکردن لە دۆزەکەی ئەنجامداوەو، رووبەڕووی دوژمنەکانی بۆتەوە، زۆرجاریش لەبەر بێکەسی و بێ پشتیوانیی خۆی، چۆتە بەرەی هەندێ دەوڵەتی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، بەڵام ئەوان لە کوێدا کاریان تەواو بووبێ، هاورێی نیوەرێگا بوون و لەکوێدا بەرژەوەندییەکانیان دەستکەوتبێ بە کوردییان وتووە یاییەکە تا ئێرە بوو، هەر کتومت وەک ئەوەی سەرەتای مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦ دەرهەق بە خوشک و براکانمان لە رۆژئاڤا کردیان.
ئەوەی لەم وێستگەیەدا جیاوازە و دەمهەوێ ئاماژەی پێبدەم چەند سەرنجێکە، کە دەبوو دەمێ ساڵ بووایە کورد ئەم رێچکەیەی بگرتایە ئەویش ئەوەیە کە:
– ئەمجارەیان کورد بەدەنگی زوڵاڵ وتی (نا)، (نا) بۆ جینۆسایدی رۆڵەکانمان، (نا) بۆ داگیرکردنی خاکمان، (نا) بۆ خەڵەتاندمان، (نا) بۆ بەکارهێنانمان، (نا) بۆ دەستدرێژی بۆ سەر کەرامەتمان.
– ئەمجارەیان کورد لە هەموو پارچە دابڕێنراوەکان، لە هەموو پارچە دابەشکراوەکان، پێکەوە دەنگی ناڕەزایی هەڵبڕی و پێکەوە وتیان (نا)، (نا) بۆ ئازاردانی خوشک و براکانمان.
– ئەمجارەیان سەدای دەنگی شۆڕشی (نا) لە کوردستانی گەورەوە گەیشتە گوێی جیهان.
– ئەمجارەیان رۆڵەکانی کورد نەیانهێشت جیهان لە ئاست فرێدان و بڕینی کەزی شەڕڤان چاو دابخەن، هەروەک چۆن لەرابردوودا چاویان لە ئاست کیمیاباران و ئەنفال و جینۆسایدی باشووری کوردستان داخست!
– ئەمجارەیان نزیکەی دوو ملیون کورد لە تاراوگە خۆپیشاندانیان گەیاندە بەردەم لایەنە بەرپرسەکانی وڵاتان و پێیان گوتن (نا) بۆ جینۆسایدی کورد، (نا) بۆ سەرکوتکردن و کپکردنی دەنگمان، (نا) بۆ داگیرکردنی وڵاتەکەمان.
– ئەمجارەیان خۆشەویستی خاک و نیشتمان هەمووانی خستەوە یەک بەرەو، کورد یەک دەنگ و یەک دروشم بوو، کورد لە هەموو جیهانەنەوە پێکەوە هاواریان دەکرد (یەکە یەکە یەکە، کوردستان یەکە) بیری هەموو جیهانیان هێنایەوە، کە هاوکێشە بیرکارییەکان کوردستان ناگرێتەوەو بەڵکو وتیان (٢+٢=١ و هەرگیز ناکاتە ٤).
– دوژمنانی کورد وا دەزانن کوشتن و لەسێدارەدان، وا دەزانن ئەنفال و کیمیاباران، کۆتایی بەکورد دەهێنێ، وا دەزانن تەکنەلۆژیا نەوەکانمان لە خۆشەویستی نیشتمان غافڵ دەکات، بەڵام خەیاڵیان خاوە چونکە،
• ئەمجارەیان پێشرەوی خۆپیشاندانەکان نەک نەوەی نوێ بوو، بگرە منداڵی تازە پێگرتووش هاتە مەیدانی خەباتی کوردان، لەو میانەیەشدا نەک تەکنەڵۆژیا غافڵی نەکردن لە کوردپەرستی ، بگرە گەنجان بە نێرو مێ وە تەکنەلۆژییان خستە خزمەتی دۆزی کوردو کوردپەرستی
• ئەمجارەیان ئەوان دەنگی کوردیان بەجیهان گەیاند وتیان: ئەی وڵاتانی جیهان، نەتەوەیەکگرتووەکان، پێشرەوانی مافی مرۆڤ چاو بکەنەوەو ببینن و بزانن چۆن داعشی نێو زیندانەکان و دەرەوەی زیندانەکان بەربوونەتە گیان و کەرامەتی کوردان .
• پێیان گوتن ئەمجارەیان چاو دانەخەن، سەیرکەن بزانن چۆن داعش و دوژمنان ماڵیان لەساحێب ماڵ حەرامکردووە ، سەیرکەن چۆن یاری بەکەرامەتی مرۆڤ و بەتایبەتیش ژنان دەکەن، سەیرکەن چی بەمنداڵی کورد دەکەن و چییش فێری منداڵەکانی خۆیان دەکەن.
• ئەمجارەیان رۆڵەکانی کورد لەسەرجەم پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە لەلایەک ئاهو حەسرەتی کوردیان دەگەیاندە جیهان و لە لایەکیش دەیانپرسی نەتەوەیەکگرتووەکان ، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەکوێن؟ کوا جارنامەی گەردونییەکەی مافی مرۆڤتان؟ کوا رێککەوتننامەی مافی منداڵانتان؟ ئەوەتا بەبەرچاوی هەموو دنیاوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر شەرەف و کەرامەتی ژنانی کورد کەواتە کوا رێکەوتنامەی (سیداو)ت؟ کوا بریاری (1325).
• لەگەڵ ئەوەی مێژووی کورد لێوان لێوە لە خەباتی ژنان لەپاڵ باوک و براو هاوژینیاندا، بەڵام جیاوازی ئەمجارەیان لەوەدایە، کە سەدەی بیست و یەک، بۆتە سەدەی خەباتی ژنانی کورد،
• ئەمجارەیان ژنان لە پێشەنگی خەباتی نەتەوەکەیاندان و دژی چەوساندنەوە و ناهەقی و نایەکسانی و نەبوونی ئازادی جەنگاون.
• ئەمجارەیان هێشتا دەنگی (ژینا ئەمینی) کپ نەبووە، ئەوەتا! دروشمی؛ (ژن- ژیان- ئازادی)، تێکەڵ بە شۆڕشی کەزی بووەو بەهەزاران کچ و ژن لە بەرانبەر بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێکدا، کەزییەکانیان هۆنییەوەو، بڕیاریانداوە ناڵەی ئازاری (دەنیز)ی فریشتە و پەپوولەی بەهار تەمەن، بگەیێننە گوێی هەموو جیهان.
– ئەمجارەیان باوکان قژی کچەکانیان کردۆتە کەزی و لەنێو خۆپیشاندانەکاندا لە کۆڵیان گرتن و پێکەوە دروشمی ئازادییان لێدەدا. ئاخر کورد هەمیشە رێزی لە ژنان ناوە، لە مێژووی دوور و نزیکدا ژن سیمبولی ئاشتی و ئاوەدانی بووە.
– بەڵام ، وا ئەمڕۆ و ئەمجارەیان خەبات پێچەوانە بۆتەوە، باوکان و براکان لەپاڵ ژنان وکچانیاندا هاتونەتە مەیدانی بەرخۆدان، ژنانیش بوونەتە سیمبولی بەرخۆدان و ئاگری بڕینی کەزی شەڕڤان و فڕێدانی شەهید دەنیز و کوشتنی ژینا لەژێر ئەشکەنجەدا بەناوی ئەخلاق، بەدەستی داعش و بیر داعشەکان لە هۆش بیرو هزریاندا هەرگیز ناسردرێتەوەو بەڵێنیان داوە، گەر کەزییەک ببرن بەهەزاران کەزیتر بهۆننەوەو بیکەنە چقڵی چاوی داعشەکانی هەموو جیهان.
– هەربۆیە لەم مێژووە بەدواوە ئەوەی پێویستە مکوڕبین لە سەری و بەیەک دەنگ، بەیەک دروشم، بەیەک هاوار و بەیەک ریتم بیڵێین و بیڵێینەوە ئەوەیە؛ کوردستان یەکە و نابێ بە دوو، نابێ چیتر دوژمن بە دۆست بزانین. نابێ چیتر تەنیا لە حاڵەتی بەرگریداببن، دەبێ هەموومان پێکەوە بڵێین (نا)، نابێ خوێنی ژینا و دەنیز و تەواوی شەڕڤان و پێشمەرگەکانمان بەخۆڕایی بڕوات، دەبێ بە کەزییەکانمان تەلاری خەبات تۆکمە بکەین و گەشە بەیەک ریزی بدەین.
– ئەمجارەیان دەبێ بە کەزییەکانمان سنووری کوردستانی گەورە بنەخشێنین، سەدەی بیست و یەک بکەین بە سەدەی گرێدان و لێکدانەوەی پارچە لێکدابڕاوەکانی کوردستان، ئەوساش عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری ناسراوی باکوری کوردستان لەبەردەم پەرلەمانەکەی تورکدا بەوپەری شانازییەوە دەڵێت ئەمەیە کوردستان فەرموون بیخەنە سەر سەرتان.

