د. خالیدە خەلیل
لەم سەردەمەدا، کە نەخشەکان تێیدا دەگۆڕێن و برینەکان سارێژ نابن، ئێمەی کورد جارێکی دیکە لەبەردەم ئاوێنەی مێژوودا دەوەستین؛ دەبینین ڕوخسارمان چەندە لە یەکتر دەچێت، هەرچەندە ڕووگەکانمان جیاواز بن، هەمان لێدانی دڵ دەبیستین، هەرچەندە شارەکانمان لێک دوور بن. لە شێخ مەقسوود و کۆبانییەوە، کە لەژێر بڵێسەی ئاگردا هەناسەیان دەدا، لەو لاشەوە سەرمای کڕێوە منداڵەکانیان دەڕفێنێت، تا کەرکووک کە تەماحەکان بەشبەشیان کردووە؛ لە ئامەد و دیاربەکرەوە کە یادەوەری تێیدا دەجەنگێت بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، تا هەولێر کە قورسایی بەرپرسیارێتیی هەڵگرتووە؛ لە هەورامان، سنە، کرماشان و موکریانەوە، کە چیاکان گەواهیدەری سەبر و خۆڕاگرین، تا دهۆک کە ئاوارەیی وەک قەدەرێکی بێکۆتایی لە ئامێز دەگرێت؛ لە عەفرینی بریندارەوە تا خانەقینی هەڵپەسێردراو بە کەنارەکانی چاوەڕوانیدا.. ئەمە پەرتەوازەیی جوگرافیا نییە، بەڵکوو جەستەیەکە کە ئازارەکانی تێدا دابەش بووە.
ئەم هەستی “یەک جەستەیی”یە، زادەی ئەم ساتەوەختەی ئێستامان نییە، بەڵکوو دەنگدانەوەی ئەو برینە مێژووییانەیە کە تەنها یەک وانەی بەنرخیان فێر کردین: هەرچەندە دابەشیان کردین و لێکترازانیان بەسەردا سەپاندین، هەرچەندە لە پەراوێزخستن و چاندنی تۆوی دووبەرەکیدا زیادەڕەوییان کرد، ئێمە زیاتر بە ئاگا هاتینەوە لە یەکێتیی چارەنووسمان و زیاتر بە دۆزی بنەڕەتیمانەوە پەیوەست بووین. مێژوو خۆی بە پیتی گەورە دووبارە ناکاتەوە، بەڵکوو بە هەمان پەند و عیبرەت دەچرپێنێت: دوژمنی دەرەکی هێندەی ئەوەی گرەو لەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکانمان دەکات، هێندە لە سەرکوتکردن ناترسێت. ئەو باجەی کورد لە ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ و دواتر لە ڕێککەوتننامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥دا دای، تەنها ئەنجامی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی نەبوو، بەڵکوو – بە تاڵی – بەرهەمی نەبوونی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو بوو. دەیان ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتی لە شاخەکاندا ئێمەی کردە شارەزا و خۆڕاگرکرد، بەڵام تاڵترین وانە کە دەبێت تێیبگەین ئەوەیە: خەنجەری لێکترازان زۆر کوشندەترە لە هەموو شمشێرەکانی دوژمن.
مێژوو شایەتحاڵە کە جەلادەکان، ناویان هەرچی بێت، لە سەلجووقی و سەفەوی و عوسمانییەوە تا دەگاتە دەوڵەتە نەتەوەییە مۆدێرنەکان، مامەڵەیان لەگەڵ جۆراوجۆریی زاراوە، عەشیرەت و ئایینەکانماندا وەک کەرستەیەکی ئامادەکراو بۆ پارچەپارچەکردن کردووە. چونکە خوێنی ڕژاو نە زاراوە دەناسێت، نە حیزب، نە ڕێکخراو و نە ئایین؛ هەروەها ئەو خاکەی بست بە بست دادەبڕێت، جیاوازی لەنێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات یان ڕۆژاوا، یان باکوور و باشووردا ناکات. هەر کاتێک ویستیان قەناعەتمان پێ بهێنن کە دۆزەکانمان لە چوار لای جیهانەوە لێک جیاوازن، واقیع بە پێچەوانەوە هاواری دەکرد. ئەمە تیۆریی پیلانگێڕی نییە، بەڵکوو ستراتیژییەکی بەردەوامە، هەرچەندە تاکتیکەکان بگۆڕدرێن. عوسمانییەکان سیستەمی “سزای بەکۆمەڵ”یان بەکارهێنا بۆ دوورخستنەوەی ئەو هۆزەی لێیان یاخی دەبوو و دایان بە یەکێکی تر، تا تۆوی تۆڵەسەندنەوە بچێنن. ڕژێمە هاوچەرخەکانیش “سیاسەتی تێڕوانینی نیشتمانیی جیاواز”یان بەکارهێنا، هانی نەتەوەپەرستیی عەرەبی، فارسی یان تورکییان دا و کوردایەتییان سەرکوت کرد، بۆ ئەوەی هاوکێشەی ململانێ (کورد بەرامبەر عەرەب/فارس/تورک) وەک هاوکێشەی باڵا بمێنێتەوە، ئەو هاوکێشە مەترسیدارەی کە (کوردی یەکگرتوو بەرامبەر هەمووان)ە، بە مەحاڵ بمێنێتەوە.
ئەوەی کۆمان دەکاتەوە قووڵترە لە سیاسەت، کۆنترە لە سنوورەکان و ڕاستگۆترە لە دروشمەکان. ئەو هەستە پەنهانە کۆمان دەکاتەوە کە لەگەڵ منداڵی کورددا لەدایک دەبێت پێش ئەوەی فێری قسەکردن بێت: هەستێک پێمان دەڵێت : چیاکان بێدەنگ نین، خاک تەنها خۆڵ نییە، ناسنامەش تەنها بەڵگەنامەیەک نییە ببەخشرێت یان زەوت بکرێت، بەڵکوو ڕۆحێکە لەناو جەستەدا نیشتەجێیە.
لە گەرمەی هەموو ئەوەی ڕووی دا و ڕوو دەدات، هۆشیاریی نەتەوەیی کامڵ نابێت بەبێ بڕوابوون بە هەبوونی مەرجەعێکی دانا کە یادەوەریی کوردی لە ساتەوەختە سەختەکانی تاقیکردنەوەدا پشتی پێ ببەستێت. مەرجەعێک کە هەرگیز لەگەڵ ئازارەکاندا نامۆ نەبووە، بەڵکوو لە قووڵایی برینەکاندا ئامادەیی هەبووە؛ ئەوەش لە حیکمەتی مەرجەعی کورد، سەرۆک مەسعوود بارزانیدا هەستی پێ دەکەین، کە لە هەموو وەرچەرخانە توند و دژوارەکاندا، لەو کاتانەی ژاوەژاو و دەنگەدەنگ بەرز دەبووەوە، ئەو بە دەنگی ئەقڵ و دانایی مایەوە؛ ئەو هەمیشە پشتیوان بووە بۆ کورد لە هەر شوێنێکی ئەم سەر زەوییەدا بێت، نەک تەنها وەک هێما و سەرکردەیەکی سیاسیی لێهاتوو، بەڵکوو وەک ویژدانێکی کۆکەرەوە کە بەرگری لە یەکێتیی خوێنی کورد دەکات، پێش ئەوەی بیر لە هاوسەنگییەکانی ساتەوەختەکە بکاتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە هەر شارێکی کوردستاندا ڕوو دەدات، تەنها دەنگدانەوەیەکی درەنگوەختی ئەو ڕووداوانەیە کە دوێنێ لە شارێکی دیکەدا قەوماون. ئەو ئامرازەی ئەمڕۆ لە شوێنێک لە دژی گەلەکەمان تاقی دەکرێتەوە، زۆری پێ ناچێت جارێکی دیکە لە شوێنێکی تر جێبەجێ دەکرێت. ڕەنگە بیانووەکان بگۆڕێن و دەموچاوەکان جیاواز بن، بەڵام لۆژیکەکە یەکە: هێشتنەوەی کورد بە پەرتەوازەیی لەسەر نەخشەکان؛ چونکە ئەوان دەزانن کورد کاتێک یەک دەگرێت، دەبێتە هێزێکی وا کە نە دەشکێت و نە دەسڕێتەوە. ئێمە فێر بووین، یان دەبوو فێر بوینایە، کە مەترسیدارترین شت لە نێوانماندا بچێنرێت، چەک و دوژمن نییە، بەڵکوو ئەو ناکۆکییانەیە کە درز دەخەنە ناو ئەو دیوارەی پارێزگاری لە هەمووان دەکات. کاتێک لەسەر وردەکارییەکان دەبێتە دەمەقاڵێ و جەوهەری دۆزەکەمان لەبیر دەچێت، خاک و مرۆڤ پێکەوە دەدۆڕێنین. یەکێتی ئەوە نییە لە هەموو شتێکدا وەک یەک بین، بەڵکوو ئەوەیە تێبگەین کە جیاوازییەکانمان نابێتە هۆکار بۆ لێکترازانمان، فرەیی و جۆراوجۆریمان نیعمەتێکە و نابێت بگۆڕدرێت بۆ نەفرەت. یەکێتیی ئێمە تەنها هۆنراوەیەکی ڕۆمانسی نییە لە بۆنەکاندا بخوێندرێتەوە، تەنها حەسرەتێکیش نییە بۆ ڕابردوویەکی تەواونەکراو، بەڵکوو نانی ڕۆژانەمانە، سەقفی ماڵمانە و مەرجی مانەوەمانە. یەکێتی ئەوەیە هەست بە ئازاری یەکتر بکەین، بۆ کەرامەتی یەکتر تووڕە بین وەک چۆن بۆ کەرامەتی خۆمان تووڕە دەبین؛ ئەوەیە تێبگەین کە کەوتنی گوندێک، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ شارێک، بێدەنگبوونمان لە ئاست برینێکی دوور، بانگهێشتنامەیەکە بۆ برینێکی نزیک.
تێڕامان لە ئاوێنەی مێژوو نابێت تەنها حەسرەتمان بۆ دروست بکات، بەڵکو دەبێت هۆشیاری و بەئاگاهاتنەوەمان تێدا بچێنێت. باوباپیرانمان بە لەدەستدانی میرنشینەکان و لەدەستچوونی هەلە چارەنووسسازەکان، باجێکی گەورەیان دا؛ ئێمەش ئەمڕۆ باجەکە بە شێوەی شارە پارچەپارچەکراوەکان دەدەین، کە تێیاندا ناسنامەمان لەبەر چاوی جیهاندا دەگۆڕدرێت و دەسڕێتەوە. ئیتر لەدەستدان تەنها لەدەستدانی مافێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بووەتە زیانگەیاندن بە مرۆڤ و یادەوەری و جوگرافیا پێکەوە. بۆیە نابێت ئەم ساتەوەختە بەفیڕۆ بدەین، چونکە مێژوو دادوەرێکی بێبەزەییە و بەزەیی بەوانەدا نایەتەوە کە هەڵەکانی خۆیان دووبارە دەکەنەوە.
ئێمە ڕۆڵەی یەک خاکین، هەرچەندە سنووری ناڕێکی بەسەردا بکێشن؛ ڕۆڵەی یەک یادەوەریی هاوبەشین، هەرچەندە هەوڵی دروستکردنی درز بدەن. زمانەکەمان ئەگەر زاراوەکانیشی جیاواز بن، بەڵام ئازارەکەی یەکە. لایەلایەی دایکان لە شەودا هەمان ئاوازە، نزا و نوێژەکانیشیان چوار لای جیهان ناناسێت، چونکە هەمیشە بەرەو یەک ئامانج بەرز دەبنەوە: ئەویش ئەوەیە ڕۆڵەکانیان لەسەر ئەم خاکە بە سەربەستی بمێننەوە، چونکە ئەوان نەوەی کاوەی ئاسنگەرن. لەم کاتە پڕ لە گێژەڵووکەیەدا، کە هەموو ناوچەکە لەسەر ساجی گەرمە، هەر چرکەیەک دواکەوتن تێچوویەکی زۆری دەبێت. کاتی ئەوە هاتووە وەک پاسەوانی یەک چارەنووس سەیری یەکتر بکەین. کاتی ئەوە هاتووە “کوردایەتی” بخەینە سەرووی هەموو حیساباتێکی ترەوە، تێبگەین کە مێژوو بەزەیی بەوانەدا نایەتەوە کە ئەو ساتەوەختانە پشتگوێ دەخەن کە دەتوانن خاڵی وەرچەرخان بن.
لە شێخ مەقسوودەوە تا کەرکووک، لە ئامەدەوە تا هەولێر، لە هەورامانەوە تا دهۆک، لە عفرینەوە تا خانەقین؛ مەپرسن چی کۆمان دەکاتەوە، بەڵکوو بپرسن تا کەی تێگەیشتن لەو وانەیە دوا دەخەین کە مێژوومان نووسیویەتییەوە؟ گەلان تەنها بە خەونی داهاتوو بونیاد نانرێن، بەڵکوو بە هۆشیارییەکی ڕاستەقینە لە ئاست کارەساتەکانی ڕابردووش بونیاد دەنرێن. ئێمە پێویستمان بە پەرجوو (موعجیزە) نییە، بەڵکوو پێویستمان بە هۆشیارییە. پێویستمان بەوە نییە لە هەمووان بەهێزتر بین، تەنها پێویستمان بەوەیە “پێکەوە” بین. کاتێک پێکەوە بین، چیا پان و بەرینتر دەبێت، برین درەنگتر خوێنی لێ دەچۆڕێت، ڕێگاکەش ڕوونتر دەبێت. بەڵام کاتێک لێک دەترازێین، دەبینە خاڵی بچووک و بە ئاسانی لەسەر ئەو نەخشانە پەرت دەکرێین کە نە لە خاک دەچن و نە لە خەڵکەکەشی.
با لە مێژوومان ژیرتر بین، ئەو کاتەی دەبینە یادەوەرییە زیندووەکەی: ئەمینداری خوێنی شەهیدانمان بین، پارێزەری لێدانی دڵی گوندە ڕاگوێزراوەکانمان بین، پشتیوانی سەبری دایکان و خێزانە ئەنفالکراوەکانمان بین، میراتگری پێشمەرگە تێکۆشەرەکانمان بین. چونکە هەستمان یەکە، خوێنمان یەکە، کەرامەتمان یەکە و خاکمان یەکە. کەواتە با ڕیزەکانمان یەک بخەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوو.

