رۆژنامەی ھەولێر

چیرۆک بۆ منداڵان دوو کۆ دوو دەکاتە یەک

ئەرسەلان حەسەن
ئارا لەگەڵ دایک و باوکیدا لە ژوورەوە دانیشتبوون. ژوورەکە تەواو ئارام و بێدەنگ بوو، بەهێواشی خشەی پەڕەی کتێبەکەی باوکی و دەنگی تەلەڤزیۆنەکە دەهات. باوکی لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، کتێبی دەخوێندەوە، دایکیشی تەماشای بەرنامەی دەستڕەنگینیی منداڵانی دەکرد لە تەلەڤزیۆنەوە.
ئارا، ئەرکەکانی ماڵەوەی تەواو کردبوو، گۆڤارێکی منداڵان و مێرمنداڵانی دەخوێندەوە کە باوکی بۆی هێنابووەوە.
لە گۆڤارەکەدا ئۆپەرێتێکی دەخوێندەوە باسی هەرچوار پارچەی کوردستانی دەکرد، بە ناوی پایتەختەکانیانەوە.
ئارا سەری بەرزکردەوە و لە باوکی پرسی:
– باوکە، بۆچی دەڵێن چوارپارچەی کوردستان؟
باوکی کتێبەکەی پێوە دا، تەماشای ئارای کرد و بە هێمنی وەڵامی دایەوە:
– ئارا گیان، کوردستان تەنیا ئەو شوێنە نییە کەئێمە لێی دەژین. سەردەمێک کوردستان وڵاتێکی گەورە و یەکپارچە بووە، بەڵام ئەوانەی چاویان بە کورد و کوردستان هەڵنەدەهات، ئەو وڵاتەیان بەسەر چوار دەوڵەتدا، دابەش کرد: (عێراق، تورکیا، ئێران و سوریا).
ئارا کەمێک بیری کردەوە و دواتر پرسی:
– ئەی باشە، کورد هەوڵی یەکگرتنەوەی نەداوە؟
دایکی ڕووی لە ئارا کرد، دەستێکی لەسەر شانی دانا و بە دڵنیاکردنەوە وتی:
– با ئاراگیان، کورد لە هەموو پارچەکاندا بەردەوام هەوڵی داوە و هەروەها هەوڵ دەدات. ئەو ئاواتە لە دڵی هەموو کوردێکدا زیندووە. دڵنیا بە، ڕۆژێک ئەو ئاواتەمان دەبێتە ڕاستی.
باوکیشی قسەکەی بۆ تەواو کرد:
– هەر کات لە پارچەیەک کورد پێویستی بە پشتیوانی بووبێت، کوردەکانی پارچەکانی دیکە دەنگیان بەرز کردووەتەوە و بەهانایانەوە چوونە.
دایکی بە هەناسەیەکی قووڵەوە وتی:
– وەک ئێستا، کە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێویستیان بە پشتیوانییە. لە هەر شوێنێک کوردێک هەبێت، دەنگی بەرز دەکاتەوە بۆ پشتیوانیان.
ئارا بێدەنگ بوو. چاوی لە گۆڤارەکە هەڵگرت، بیری لای قسەکانی دایک و باوکی بوو.
دوای کەمێک، ئارا بە زەردەخەنەوە وتی:
– ڕاستە لە بیرکاریدا دوو کۆ دوو ناکاتە یەک و هەڵەیە، بەڵام ڕەنگە لە ژیاندا ڕاست بێت. ئێستا تێگەیشتم بۆچی ئەو ڕۆژە لەسەر لافیتەیەک نووسرابوو: دوو کۆ دوو دەکاتە یەک.
دایک و باوکی سەیری یەکتریان کرد. هیوایەکی گەورەیان لەو زەردەخەنەی منداڵەکەیاندا، بەدی کرد.