سهرۆ قادر
گۆڕانکاری لە هەندێک لەو هاوسەنگییە جێگیرانەی، کە دۆزی کورد پشتی پێ بەستبوو، نیگەرانییەکی قووڵی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان دروست کردووە؛ بە جۆرێک کە تێڕوانینێکی گشتی هەیە باس لە ئەگەری لەدەستدانی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان دەکات. ئەم نیگەرانییە میللییە، کە لەلایەن خاوەن ڕاو پسپۆڕانەوە دەردەبڕدرێت، بێبنەما نییە، بەڵام هاوکات بەو ئاستە مەترسیدارەش نییە کە وێنا دەکرێت، بێگومان ئەگەر بە هەندێک مەرج و خوێندنەوەی سیاسیی ورد مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
دوای تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر ڕزگارییەکی مەرجدار لە هەرێمی کوردستان و ١٢ ساڵ بەسەر هەمان ئەزموون لە کوردستانی ڕۆژاڤا، ئێستا گوشاری گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خێرایی و بەرژەوەندیی دەوڵەتانی گرتووەتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل لە ڕێگەی گوشاری هەمەچەشنە بۆ سەر ئێران، لە هەوڵی ئەوەدان دوایین ڕێسمەی ئەو سیستەمە سیاسییەی کە دەوڵەتانی ناوچەکەی لەسەر بونیاد نراوە، هەڵوەشێننەوە. بەڵام لەم ئامانجەدا ڕووبەڕووی بەربەست بوونەتەوە؛ چونکە دەوڵەتە کاریگەرەکانی ناوچەکە (تورکیا، سعودیە، ئیمارات و دەوڵەتانی کەنداو، میسر و ئوردن، کە هەموویان چاویان لە ئاماژەکانی چین و ڕووسیایە) خەریکە یەکدەگرن بۆ ڕێگریکردن لەو ئامانجە و لە ڕووی ئابوورییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا دەکەن. سروشتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و نێردراوەکانی، دەرگای ئەم جۆرە لە گوشار و مامەڵەیەیان تا ڕادەیەک واڵا کردووە، کە دەرئەنجامەکەی بریتییە لە تەنگاوکردن و لاوازکردنی پێگەی هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بەتایبەت (ئیسڕائیل، کورد بە گشتی و ئەوروپا).
ئەم کێشمەکێشە سیاسییە وای کردووە کورد لە هەموو پارچەکان بکەوێتە ژێر گوشارێکی توندترەوە، بەتایبەت لە ڕۆژاڤا کە پەلکێشی جەنگێک کراوە کە دەستی هەموو دەوڵەتە کاریگەرەکانی ناوچەکەی تێدایە. بۆ خۆپاراستن لەم قۆناغە بەرتەسک و پڕ مەترسییە، پێویستمان بە “سیاسەتێکی واقیعبینانە بۆ پەڕینەوە لە قەیرانەکان” هەیە. ئەمەش دەخوازێت سەرکردە سیاسییەکان لە چەقی بڕیاری دروستدا کۆببنەوە و لە “یاریی بە ئاگر” دووربکەونەوە؛ چونکە لە ئەگەری هەر سووتانێکدا تەنیا کورد باجەکەی دەدات و کەس بە سەلامەت لێی دەرناچێت.
لە ئێستادا ئەمریکا و ئیسڕائیل گوشارەکانیان بۆ سەر هێزە لایەنگرەکانی ئێران چڕ کردۆتەوە و یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی گفتوگۆ لەگەڵ تاران، دەستبەرداربوونی ئێرانە لەو هێزانە. لە بەرانبەردا، دەوڵەتە کاریگەرەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی پێدانی ئیمتیازی ئابووری و سیاسی، هانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەدەن کە لە گەرمەی دانوستانەکاندا کەمێک دەست لە هاوپەیمانەکانی خۆی (ئیسڕائیل و کورد) شل بکات. ئەمە ئەگەرچی ئیسڕائیل تەنگاو دەکات، بەڵام ئەگەر بە زانایی سیاسی و دیپلۆماسییەکی چوست مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، ئەوا مەترسیی “ئێسقان شکاندنی کورد” لە زۆر بەشی کوردستاندا لە ئارادایە.
بۆ نموونە، ئەگەر سەرکردایەتیی ڕۆژاڤا لە ساڵی ڕابردوودا خۆیان لە سیاسەتی نوێی سووریا نزیک بکردایەتەوە و پرۆسەی دانوستانیان ڕانەگرتایە (وەک ئەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتاوە پێشنیاریان کردبوو)، بێگومان ئەو گەلەکۆمە و پیلانگێڕییەی ئێستا بەو ئاسانییە جێبەجێ نەدەکرا. بە هەمان شێوە، ناتەبایی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و پەکخستنی پڕۆسە سیاسی و یاسایییەکان لە هەرێم و عێراق، ئەگەر بە دیدگایەکی نوێی سیاسی چارەسەر نەکرێن، دەستی ناحەزان بۆ گوشار خستنە سەر هەرێم بەهێزتر دەکات.
ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان کورد و دەوڵەتی سووریا لە ناو جەرگەی ئاگردا کراوە، دەبێت بپارێزرێت؛ نەک لەبەر ئەوەی بێ کەموکووڕی و تەڵە نیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی “پاراستنی کورد” دەبێت ئامانجی باڵا بێت. بۆ هەرێمی کوردستان، پاراستنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا مەرجی سەرەکیی مانەوەیە، ئەمەش بە دوو ئاراستە دەبێت: یەکەم؛ دانوستانی بەردەوام و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا. دووەم؛ پەرەپێدانی ئەو ڕای گشتی و ناوەندە بڕیاربەدەست و نوخبەگەرایییەی کە لە ناو ئەمریکادا پاڵپشتی کورد دەکەن. لە پاڵ ئەمانەشدا، نابێت بایەخی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەوروپا فەرامۆش بکرێت.
ئێستا ئەمریکا و ئێران لە قۆناغی “گوشار و گفتوگۆ”دان. ئەگەر بژاردەی ئاشتی سەربگرێت، دەبێت ئێران مل بدات بۆ سێ مەرجی چارەنووسساز:
1.لەناوبردنی توانای ئەتۆمی و لەوانەیە مووشەکیشی بەدوادا بێ.
2.دەستبەرداربوون لە هێزە لایەنگرەکانی (پڕۆکسییەکان).
3.قبووڵکردنی چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە سەرکوتی ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکان.
لەبەر ئەوەی ئێران لەژێر گوشارێکی تاقەتپڕووکێندایە، پێویستە تا یەکلابوونەوەی ئەم کێشانە، کورد لە هەموو پارچەکان، بەتایبەت لە هەرێم و ڕۆژاوا، لە لووتکەی وریایی سیاسی و ستراتیژیدا بن. لەم ساتەدا ناتوانرێت گرەو لەسەر ئەنجامی هیچ جەنگێک بکرێت، چونکە بژاردەی سەرەکی هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆیە.

