رۆژنامەی ھەولێر

یەکڕیزی ڕێگای سەرکەوتن و مانەوەیە

عومەر چنگیانی
لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی بۆ هەینی ڕابردوو كە دەیكردە 11ی شەعبانی 1447ی كۆچیی بەرانبەر بە 30ی1ی2026 دوو ناونیشانی گرنگ خرایە بەردەست مامۆستا بەڕێزەكان تا لەڕێگەی دوانگەی مزگەوتەكانی كوردستانەوە هەر مامۆستایەی سەرپشك بێت لە بەگوێدان و بیرهێنانەوەی هەریەكێكیان بۆ نوێژکەرە بەڕێزەكان، كە من لەلای خۆمەوە تیشكم خستە سەر بابەتی (یەکڕیزی ڕێگای سەرکەوتن و مانەوەیە)، كە ئەمە پوختەكەیەتی و هاوكات پوختەی گوتارەكەی تریش دەخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز.
ناونیشانی یەكەم: (یەکڕیزی ڕێگای سەرکەوتن و مانەوەیە):
زۆر بەداخەوە لە دەرەنجامی ئەو هەموو ئاشۆ و فیتنە و ناخۆشی و کارەساتانەی کە ڕووبەڕووی ئۆمەت و گەلەکەمان دەبنەوە و، لە سۆنگەی ململانێی نێوان هەق و باتڵ و، نێوان خێر و شەڕ و، نێوان نیفاق و ئیماندا، پێویستە هێزێک هەبێت کە چەوساوەکان پشتی پێ ببەستن و، یەکتاپەرستان متمانەی پێ بکەن و، لاوازەکان پێی سەر بکەون و، هەق پێی بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانی و، ئەم هێزەش هێزی خودای تاک و تاقانەیە، کە خودای گەورە خستوویەتییە ناو یەکڕیزی و یەک وتاری و وازهێنان لە دووبەرەکی و ناکۆکییەوە. كە هەربڕواداڕیك ئەوە دەزانێت كە پارێزگاریکردن لە یەکڕیزی فەرزێکی شەرعییە و ئەرکێکی نیشتمانییە، بە هیچ شێوەیەک دروست نییە کەمتەرخەمیی تێدا بکرێت؛ چونکە کۆبوونەوە لەسەر هەق هۆکارێکە بۆ بەهێزی و یەکگرتوویی ئۆمەتەکەمان و، ئامرازێکە بۆ پاراستنی ووڵات و دوورخستنەوەی شەڕی دژمنان. هەروەها وەڵامدانەوەی فەرمانی خودای گەورەیە بە دەستگرتن بە ئایینەکەیەوە و ڕێگریکردن لە پەرتەوازەبوون تێیدا. یەکێک لە گرنگترین ئەو شتانەی کە هێزی ئۆمەت و گەلەکەمان دەپارێزێت و یەکڕیزییەکەی دەهێڵێتەوە، دەستگرتنە بە ئایینی خودای گەورەوە، قورئان و سوننەت، لە ڕووی زانست و کردار و تێگەیشتن و هەڵسوکەوت و ئاداب و ڕەوشتەوە. هەروەها هاوکاریکردنە لەسەر چاکە و تەقوا و ئیمان و، وازهێنانە لە هاوکاریکردن لەسەر گوناهـ و سەرپێچی و دژمنکاری. ناکۆکی و دووبەرەکی دەبێتە هۆی ئینکارکردنی نیعمەتی خودا و گۆڕینی ئایینەکەی و، تەورێکی ڕووخێنەرە لە بنیادی ئۆمەتدا و، هۆکارێکە بۆ لەناوبردنی هێز و چاکەی کە خودا بۆی نووسیوە. هەر بۆیە ئاگادارکردنەوەی قورئانی هات لەو ناکۆکییەی کە گەلانی پێش ئێمە تێی کەوتن، وای لێ کردن نەفرەت لە یەکتر بکەن و خوێن بڕێژن سەرەڕای هاتنی بەڵگە ڕوون و ڕێنماییکەرەکان کە ڕێگر بوون لە کەوتنە ناو ئەوەوە؛ لە ئامۆژگارییەکانی قورئانیش کە ئۆمەتی پێ ئامۆژگاری کراوە؛ لە ئایەتی 46ی سوورەتی ئەنفالدا دەفەرمێت: (گوێڕایەڵ و ملكەچی فەرمانەكانی خوا و پەیامگەیێنەكەی ببن و دووبەرەكی و بەدحاڵی بوون و پێكداهەڵپژانتان نەبێت، گەر وا بكەن هەم دەڕووخێن و هەمیش لەلایەن بەرانبەرەكانتانەوە بێبەها و بێسەنگ دەبن و ڕێزتان نامینێت). ناکۆکی و دووبەرەکی ئاماژەن بۆ شکست و لەدەستدانی هێز و هیچ پارێزەرێک لێی نییە و، هیچ ڕزگاربوونێک لە خراپییەکانی نییە مەگەر بە دەستگرتن بە دەستبەندە پتەوەکەی خودا و یەکتاپەرستی و چاک پەرستنییەوە. چەند جوانە کە مینبەرەکان و سەکۆکانی میدیای نوێ، بەو هۆکارانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیڕەخسێنن، ببنە هۆکاری یەک وتاری و، ڕێگایەک بۆ گەیاندنی سیلەی ڕەحم و، ڕێزگرتن لە زانا و گەورە پیاوان و، بەزەییهاتنەوە بە بچووکدا، نەک ببنە هۆکاری دووبەرەکی و دژمنایەتی و ناکۆکی.

بەرهەمەکانی یەکڕیزی
بەڕاستی لە گەورەترین و مەزنترین نیعمەتەکانی خودا دوو نیعمەتی گەورەن: نیعمەتی نیشتمانەکان کە پەنای بۆ دەبەین و، نیعمەتی ئاسایش و سەقامگیری کە لە ژێر سێبەریدا دەحەسێینەوە. ئەمانە دوو نیعمەتن کە کەس نرخیان نازانێت مەگەر ئەوەی لەدەستی دابن و، ژیانی خەڵک بەبێ ئەوان ڕێک ناڕوات. بۆ بەدەستهێنانی ئەم دوو نیعمەتە، پێویستە لەسەر ئۆمەتەکەمان لەسەر وتەیەکی هاوبەش کۆ ببنەوە.
لەم ڕۆژە سەختانەدا کە گەلەکەمان و کەسوکارمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی ستەم و کوشتن و دەرکردن دەبنەوە و، پێویستیان بە سادەترین پێداویستییەکانی ژیان هەیە لە خواردن و خواردنەوە و دەرمان و پۆشاک. ئەرکی ئیمانی و مرۆیی لەسەرمان پێویست دەکات کە دوای نزاکردن بۆیان بە سەرکەوتن و ڕزگاربوون، هەستین بەو ئەرکەی لەسەرمانە و هانی هاوڵاتیان بدەین بۆ بەخشین و خەرجکردن و یارمەتیدان بەپێی توانایان و، ئەمە کەمترین شتە کە دەتوانرێت بکرێت بەرامبەر هەموو خەمبار و زامدارێک.
ناونیشانی دووەم: (نەسیمەکانی مانگی شەعبان)
ئەم گوتارەیش بەبیرهێنانەوەی پێویست بوو بۆ مسوڵمانان لەبارەی فەزڵەکانی مانگی شەعبان.
تێبینی:
گوتاری یەكەم دكتۆر د. مەغدید ئەندامی بۆرد بە عەرەبی نووسیویەتی و، گوتاری دووەمیش مەلا حیسامەدین ئەندامی بۆرد بە عەرەبی نووسیی و، مامۆستا وەزیر باپیر كورداندی و منیش وەرگێڕانم بۆ ئایەت و فەرموودەكان كرد و كردمنە زمانی نووسین.