خوسرەو جاف
دووملیۆن و پێنسەدهەزار ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤ لە ئەوپەڕی دەردەسەری و سەختیی ژیاندا بووە؛ نە ئەقڵێکی تەواو و نە ڕۆژگارێکی شیاوی دوور لە مەترسیی هەبووە. هەمیشە برسی بووە و ململانێی تەنها بۆ ئەوە بووە بە زیندوویی بمێنێتەوە. سەرما، تۆفان، باران، پەلاماری دڕندە زەبەلاحەکان و تەنانەت هەورەبروسکەی ئاسمان، مەترسییە ڕۆژانەکانی ژیانی بوون. ئیتر وەک باڵندە و ئاژەڵەکان، گژوگیا، پەتاتەی کێوی، دۆمەڵان، هەنجیری کێوی و ناوەناوەش ڕاووشکاری جۆراوجۆریان کردووە.
مرۆڤ، لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیاوە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەورووپا و ئاسیاوە تا ئوسترالیا و ئەمریکا، لەسەر یەک شێوە و سیستەم دەژیا، ئەویش: ڕاوکردن و خواردنی گژوگیا و بڕێک میوە بوو.
نزیکەی دەهەزار ساڵ لەمەوبەر، ئیدی ژیانی مرۆڤی بیرکەرەوە و ژیر گۆڕانکاریی بەسەردا هات و کەوتە پەروەردەکردن و ماڵیکردنی ئاژەڵ و تۆموەشاندن و کشتوکاڵکردن. ئاودانی بڕێک تۆوی تایبەت کە شیاوی چاندن و بەرهەمهێنان بوون، بە سەرەتای “کودەتای کشتوکاڵی” دادەنرێت. ئەو کودەتایە بەپێی سەرچاوەکان لە باکووری کوردستان و بەشێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکردووە؛ واتە لە ٩٥٠٠ تا ٨٥٠٠ ساڵ پێش زایین، شوێنەواری ئەو کودەتایە بەدی کراوە.
ئەڵبەتە سەرەتا لە سنوورێکی جوگرافیی بچووکەوە سەری هەڵداوە و وردەوردە ڕووبەرەکەی فراوان بووە؛ بەتایبەت چاندنی گەنم و بەخێوکردنی بزن. لە نزیکەی ٩٠٠٠ ساڵ پێش زاییندا، تۆوی نۆک و نیسک ٨٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر وەک بەرهەم بەدەست هێنراوە. هەروەها درەختی زەیتون ٥٠٠٠ ساڵ پێش زایین چێنراوە و ئەسپیش ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین ماڵی کراوە. لە ٣٥٠٠ ساڵ پێش زاییندا حوشتر ماڵی کراوە.
بەپێی سەرچاوەکان، مرۆڤەکانی ٩٥٠٠ ساڵ پێش زایین توانیویانە گەنم، برنج، زەڕات (گەنمەشامی)، پەتاتە و جۆ وەک بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەم بهێنن. ئەمڕۆ بۆ مرۆڤ ئاشکرا بووە کە ئەم کودەتایە تەنها لەسەر زەویی باکووری کوردستان دەستی پێ نەکردوە، بەڵکو لە چەندین گۆشەی تری جیهاندا مرۆڤ پەی بەو کارە بردووە؛ بۆ نموونە لە ناوەندی ئەمریکادا “گەنمەشامی و لۆبیا”یان چاندووە و هیچ ئاگاداری گەنم نەبوون، ئاژەڵی “لاما”یان بەخێو کردووە. لە وڵاتی چین ” بەراز”یان بەخێو کردووە. لە وڵاتی کینیای ئێستا “قامیش”یان چاندووە و درەختی “مۆز”یان پەروەردە کردووە. ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە کودەتای کشتوکاڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چین و ئەمریکای ناوەندی سەری هەڵداوە. ئەو زانیارییانەی دەڵێن کودەتای کشتوکاڵی لە ئوسترالیا، یان ئەمریکای باشوور ڕووی داوە، هەڵەن.
با بە وردی لە مێژووی “گەنم” بکۆڵینەوە؛ ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ١٠،٠٠٠ ساڵ پێش زایین، گەنم تەنها گیایەکی کێوی بووە و بەسەرخۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری کوردستان ڕوواوە. لە ماوەی چەند هەزار ساڵێکدا، مرۆڤ توانی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا گەنم بچێنێت. دەکرێت بڵێین سەرکەوتووترین هەوڵی مرۆڤ، بەرهەمهێنانی گەنم بووە. ئێستا لە سەرتاسەری جیهاندا لەسەر ڕووبەری ٢.٢٥ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە گەنم بەرهەم دەهێنرێت (واتە دە ئەوەندەی ڕووبەری بەریتانیا).
لە هەمان کاتدا، گەنم بوو بە هۆکاری گرفتاریی مرۆڤی ئەو سەردەمە؛ هێندە بە چاندنیەوە خەریک بوو، ئاودان، دروێنەکردن، خەرمان و کوتانی، وای کرد ژیانی سەردەمی ڕاوکردن و ئازادیی ڕەهای خۆی لەبیر بکات. مرۆڤ بوو بە بوونەوەرێکی نیشتەجێی سنووردار و کەمدەسەڵات، کە هیچ توانایەکی دژ بە کرم، کەروێشک و کوللە نەبوو بۆ پاراستنی بەرهەمەکەی.
لە ڕاستیدا، ئەوە مرۆڤ نەبووە گەنمی ماڵی کردووە، بەپێچەوانەوە ئەوە گەنم بووە ئازادیی مرۆڤی بەتاڵان بردووە و مرۆڤی ماڵی کردووە؛ کردی بە دێنشین و نیشتەجێ، تا کار گەیشتە شارنشینی و سەرئەنجام دامەزرانی دەوڵەت و ئیمپراتۆریەتەکان. یەکەمین دەسەڵاتی بەربڵاوی مرۆڤ لە لایەن (سەرجۆنی ئەکەدی)یەوە دروست بوو، بە دوایدا دەسەڵاتی سۆمەری، ئاشووری و بابلییەکان. تەواوی ئەوانە لە دۆڵی دوو ڕووبار (میزۆپۆتامیا) سەریان هەڵدا، وەک چۆن دواتر دەسەڵاتی میدیا، هەخامەنشی، ئەشکانی و سەرئەنجام یۆنان و ڕۆمان پەیدا بوون.

