رۆژنامەی ھەولێر

ئەوەی مێژوو بە پیتی درەوشاوە دەینووسێتەوە

‎هاودەنگ فارووق
سەرۆک بارزانی لە یەکەم ڕۆژی سەرهەڵدانی کوردانی ڕۆژئاواوە تاکوو ئەمڕۆی نووسینی ئەم بابەتە، لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەسەر خەت بووە، لە لایەکی دی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەوڵیاندا لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا، هەر لە ڕۆژانی کۆنترۆڵکردنی ناوچە کوردییەکانەوە، ڕێنوێنیکار و هاندەریان بن بۆ ئەوەی قۆناغەکە بە شێوەیەکی تەندروست تێپەڕێنن و گەلی کورد مافەکانی خۆی وەربگرێتەوە. لەو پێناوەشدا چەندین دەستپێشخەریی گرنگیان پێشکەش کرد؛ چەندین کۆبوونەوە و ڕێککەوتنیان لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا لە هەولێر و دهۆک و سەری بڵند چێ کرد.
سەرۆک بارزانی، وەک ڕێبەری میللەتێکی بێدەوڵەت، بە ئەرکی نەتەوەیی و مێژوویی خۆی هەستاوە؛ توانی نەخشی دانایی خۆی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان دابنێت و لەو ئەزموونە سیاسی و مێژووییە زۆر و زەوەندەی هەیەتی، کوردانی ڕۆژئاوا نەک بەهرەمەند ببن، بەڵکوو بیکەنە ڕەچەتەی خەباتی خۆیان.
ئەوەی مێژوو بە پیتی درشت دەینووسێتەوە، ئەو ڕاستییەیە کە هەموو کاتێک کوردەکانی ڕۆژئاوا بەگوێرەی ڕا و سەرنج و ئامۆژگارییەکانی بارزانی کاریان کردووە، قازانجی زۆریان کردووە و لە کایەکان بە دەستمایەیەکی پڕ ئەنجامی باشەوە هاتوونەتە دەرەوە. بەڵام هەر کات لەو ئامۆژگارییانە ملەجەڕێیان کردبێت، ئیدی کارەسات ڕووی تێ کردوون، بە بارێکی دیکەیشدا ئاستەنگی قورسیان بۆ دروست بووە.
لە نزیکترین وێستگەی ئەو شۆڕشە کوردییەشدا، دیسانەوە بارزانی وەک ڕێبەر و خەمخۆر، لە کاتێکدا نەک تەنها ئەزموونەکەی ئەو بەشەی کوردستان، بەڵکوو خەڵکەکەیشی لەبەردەم مەترسیی قڕکردن و جینۆسایدێکی ترسناکدا بوون، سەرۆک بارزانی هاتەوە پێشەوە و لینکە دیپلۆماسی و هەڵوێستە “سەوابتە” نەتەوەییەکانی خۆی بەکار هێنا و هاوکێشەکانی گۆڕی.
بارەگای بارزانی بوو بە بارەگای بڕیاردەری چارەنووسسازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمریکا، فەرەنسا، سووریا، قەتەر، تورکیا، میسڕ و تەواوی وڵاتانی دنیا کە پەیوەندیدار بوون بە دۆسیەکانی سووریاوە، وەک نوێنەر و بڕیاردەری هەموو نەتەوەی کورد مامەڵەیان لەگەڵ بارەگای بارزانی کرد، ڕاوێژیان پێ کرد و هاتنە لای سەرۆک بۆ نیشاندانی ڕێگەچارەکان و خستنەڕووی بیرۆکەکانی چارەسەری کێشەکە.
بارزانی بە چاوپۆشین لەوەی خانەخوێی شاندەکان بوو، بەڵام وەک پێشمەرگەی سەنگەر، بەو هەڵوێستە یەکلاکەرەوانەی کە هەمیشە پێی ناسراوە، بە گژی هەر بیرۆکەیەکدا دەچووەوە کە مەترسییەکی هەبووایە بۆ ناوبانگ و کەرامەتی کورد و هیچ ڕیسکێک نەبوو بەرەوڕووی نەچێت.
ئەوەی لە هیچ سەرۆکێکی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆش نەبیستراوە بەرانبەر ئەمریکاییەکان نیشانی بدات، بارزانی وەکوو قەڵایەکی لەبن‌نەهاتوو نیشانی داوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، کاتێک (تۆم باراک) بە (مەزڵووم عەبدی) دەڵێت: “ئەگەر بەم ڕێککەوتنە ڕازی نەبن، ئەگەر هەموو کوردیش لەناو بچێت، چاوەڕوانی ئەوە مەبن ئێمە یەک فیشەکتان لەسەر بتەقێنین”. ئا لەو کاتەدا سەرۆک بارزانی ڕوو دەکاتە تۆم باراک و دەڵێت: “زۆر باشە، بەڵام ئەگەر هێزە کوردییەکانیش پێشڕەوییان کرد و تاکوو دیمەشق ڕۆیشتن، ئێوە مافی ئەوەتان نییە داوا لە کورد بکەن هێرشەکانی ڕابگرێت!”.
ئەمە ئەو هەڵوێستەیە؛ کە بەردێکی زێڕین دەخاتە سەر مەڵۆی سەروەرییەکانی کورد و هەڵوێستە مەردەکانی بارزانی. دواتریش هەموو لایەنەکانی دیکەی ناچار کرد لەبری زمانی شەڕ، بیر لە لۆژیکی دیالۆگ و ڕێككەوتن بکەنەوە، مل بە ئاشتی بدەن و بەشێک لە مافەکانی نەتەوەی کورد لە سووریا مسۆگەر بکەن.