هەژێن لوقمان
ئەو کۆدەنگی، یەکهەڵوێستی و برایەتییەی ئێستا لەناو کورددا دەبینرێت، جێی سەربرزیی هەموو تاکێکی کوردە لە جیهاندا. هەڵوێستی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە بۆ پاڵپشتیی بەرخۆدانی ڕۆژاوای کوردستان و پشتگیریکردنی خوشک و براکانمان لە ڕۆژاوا بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر پێ بوەستن بەرامبەر دوژمنان، سەلمێنەری ئەوەیە کوردستان یەک پارچەیە، یەک ڕۆح و یەک جەستەیە؛ لە هەر کوێ زوڵم لە کورد بکرێت، هەمووان بریندار دەبین.
بە تایبەت باشووری کوردستان؛ ڕاستە ئێمە هەرێمێکمان هەیە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، بەڵام سەرجەم ئەو مافانەی کە دەبێت هەمانبێت پێشێل کراوە لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە. ماوەی ١٢ ساڵە کوردان برسی دەکرێن و بە هەزاران بیانووی جیاواز، قووت و مووچە و مافی هاووڵاتیی کورد ڕادەگیرێت، بۆ ئەوەی فشار لەسەر کورد دروست بکەن تا دەستبەرداری ئەو دەستکەوتانە بێت کە بە خوێنی ڕۆڵەی ئەم گەلە بەدەست هاتوون. هەروەها تیرۆرێکی (ئیرهابێکی) فیکریی زۆر توند لەسەر کوردانی باشوورە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بتوانن ئەو هەرێمەی ئێستا هەمانە لە ژێر دەستی کورد دەربهێنن، چونکە دوژمنانی کورد هەرگیز چاویان بە بچووکترین هەنگاوی کورد هەڵنەهاتووە. سەرەڕای ئەوەش، هاووڵاتیانی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژێکیش شەقامەکانیان چۆڵ نەکرد و لە پیشاندانی هەڵوێست و هاوخەمی نەوەستان.
ئەم دۆخەی ئێستا کورد پێیدا تێدەپەڕێت، هەڵهاتنی ڕۆژی گەلی کوردە. ئەم دەنگەی ئێستا کورد هەڵیبڕیوە، ئاه و ناڵەی هەزاران ساڵی کوردی بێدەنگە؛ هەموو ئەو ئازارانەی لە دڵ و ناخیدا هێشتەوە و چاوەڕوان بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی، بتوانێ ئازادی و سەربەستیی نەتەوەیی بەدەست بهێنێت و ئەو مافەی پێ بدرێتەوە کە لێی زەوت کرابوو. کاتێک کورد زانی هیچ نەتەوەیەک و هیچ دەوڵەتێک پشتیوانیی ڕاستەقینەی کورد نییە و لە ڕابردوو، ئێستا و بگرە داهاتووشدا کورد هەمیشە دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز، ئیتر کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، لە هەموو جیهان و لە هەموو ماڵەکانەوە، بە پیر و گەنج و منداڵەوە، بێدەنگیی هەزاران ساڵەیان بەرامبەر جیهان و دوژمنان شکاند.
دەبێت ئەمە بۆ هەموو جیهان ڕوون بێت؛ بێدەنگیی ئێمە و چاوەڕوانیی چەند ساڵەمان سەلمێنەری ئەوە بووە کە ئێمە نەتەوەیەکی خۆڕاگر و ئاشتیخوازین. هەمیشە باوەڕمان بە ئازادی، ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ هەبووە؛ چاوەڕێ بووین بە ئاشتییانە و بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی گەلان و ڕێککەوتن، مافی خوراوی چەند ساڵەی نەتەوە و خاکەکەمان بگێڕینەوە. بەڵام دیار و ڕوونە کە هەموو جیهان، وڵاتان و نەتەوەکان بەرامبەر کوردان “کوێر، کەڕ و ڵاڵن”. بۆیە هەتا ئەو کاتەی مافی گەلی کورد نەدرێت و سەربەستی، ئازادی و سەربەخۆیی بە گەلی کورد نەبەخشرێت وەک هەموو نەتەوەیەکی سەر ئەم زەوییە، نە شەقام چۆڵ دەبێت و نە گەلی کورد جارێکی تر بێدەنگ دەبێت.

