رۆژنامەی ھەولێر

ژیانی هاوسەرێتی و گرفتەکانی قۆناغی پێش پڕۆسەی هاوسەرگیری

بنار حەمزە
هاوسەرێتی وەک یەکێک لە گرنگترین پێکھاتەکانی کۆمەڵگە ڕەچاو دەکرێت؛ زۆرێک لە تیۆرییەکان و توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەمڕۆ ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرێک لە کێشەکانی ژیانی هاوسەری، ڕەگ و بنچینەیان لە قوڵایی پەیوەندییە پێش هاوسەرێتییەکاندا ھەیە.
ژیانی هاوبەش و هاوسەرگیری یەکێکە لە هەستیارترین قۆناغەکانی ژیانی هەر تاکێک کە بیەوێت دەست بەم قۆناغە بکات، لەبەر ئەوەی ژیانی هاوسەرێتی تەنها پەیوەندیی نێوان دوو کەس نییە، بەڵکو یەکگرتنێکە لە نێوان دوو دنیابینیی جیاواز، یاخود دوو خێزان و دوو کولتووری جیاواز. لە هەرێمی کوردستانیش وەک هەر وڵاتێکی تر، بەهۆی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و بیروباوەڕی ئایینی، شێوازێکی دیاریکراوی خۆی هەیە؛ تا ڕادەیەک بەهۆی زاڵبوونی ئایینی ئیسلام و دابونەریتە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان، پڕۆسەکە جیاوازتر لە هەندێک شوێن و ناوچەی تر پیرۆز کراوە. بۆیە پێش ئەم پڕۆسەیە، واتا پێش ئەوەی ئەو دوو کەسە پەیوەندیی هاوسەرگیری دروست بکەن، زۆر کێشە و گیروگرفت هەیە کە زۆر جار دەبێتە هۆکاری نەگەیشتنیان بەم پڕۆسەیە.
یەکێکیش لە هۆکارە گرنگەکان ئەوەیە کە زۆربەی کات کچان و کوڕان لە ڕوانگەی مەعنەوی و هەست و سۆزەوە بڕیار لەسەر یەکتر دەدەن، لەسەر بنەمایەکی خەیاڵی و خورافی بڕیاری ژیانی هاوسەری دەدەن؛ دواتر کاتێک دەچنە ناو پڕۆسەکە و بینینی کرداریی بەرپرسیارێتییەکان، ئەم ژیانە واقیعییە قبووڵنەکراوە بۆ کەسێک کە بنەمای سەرەکیی هەست و سۆز بێت، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان ژیانی هاوسەرێتی لە ڕووە شکڵییە جوانەکانەوە دەبینن. بە جۆرێک لە هزری خۆیاندا وێنای دەکەن کە هاوسەرگیری تەنها لەبەرکردنی پۆشاکی هاوسەرگیری، گەشت، میوانداری، گەڕان و هەموو ڕۆژێک خۆشی و باشی و ئەم جۆرە پێشبینیانەیە، بەڵام لە ڕاستیدا بەو جۆرە نییە، بەڵکو دنیایەکی واقیعیی پڕ لە بەرپرسیارێتییە؛ ماندوێتی، شەونخونی، بێزاری و قەلەقیش لە ناو پڕۆسەکەدا هەیە.
ئەتوانم بڵێم هەبوونی ناکۆکی و ڕێکنەکەوتنیش لەسەر هەندێک لە شتەکان بەشێکە لە واقیع بینی، چونکە دوو مرۆڤی کامڵ و دوو ئەقڵییەتی جیاواز کە هەریەکەیان لە پەروەردەی خێزانێکەوە هاتووە، بێگومان هەموو شتێک لە نێوان کچ و کوڕەکەدا هەماهەنگ نییە و هەردوولا لەسەر یەک شت کۆک نین بەبەردەوامی. بۆیە ژیانی دوو هاوسەر ئەگەر سەرکەوتوو بوو، ماوەیەکی دوورودرێژ پەیوەندییەکی سەقامگیریان هەبێت و مابێتەوە بە جوانی، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەرکامێکیان باجیان داوە و قوربانییان بە هەندێک شتی یەکتر داوە تاوەکو ئەو هاوسەنگییە ڕاگرن. بۆیە کچان و کوڕانمان کە هاوسەرگیری ئەکەن، زۆر گرنگە زانیاریی گونجاویان هەبێت سەبارەت بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خێزان.
لە کۆتاییدا، بۆ ئەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە قەیران و کێشە خێزانییەکان دووربکەوێتەوە، یاخود کەمترین کێشە و گرفت لە پەیوەندییە خێزانییەکاندا هەبێت و ئاسایش و ئارامیی خێزان پارێزراو بێت، پێویستە کار لەسەر چەند خاڵێک بکرێت؛ گرنگترینیان هۆشیاریی هاوسەرگیرییە. پێویستە گەنجەکانمان تەنها لە ڕووی سۆزدارییەوە بڕیار نەدەن، بەڵکو لە ڕووی عەقڵی و دەروونییەوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها کەمکردنەوە و سادەکردنەوەی مەراسیمەکان کە هەندێک جار دەچێتە چوارچێوەیەکی ناپێویستەوە، وەک کەمکردنەوەی تێچووە زیادەکانی وەک زێڕی زۆر، ئاهەنگی گەورە و مەرجە قورسە داراییەکان. لە هەمان کاتدا، هێشتنەوەی ناکۆکی و کێشەکان لە چوارچێوەی خودی خێزانەکاندا، هۆکارێکی ترە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هاوسەرگیری.
دواجار سەرکەوتنی ژیانی هاوسەرێتی، بریتییە لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی خێزان و کۆمەڵگە.