نەسرین شێرزاد
ئەمڕۆ ژن تەنها وەک بەشدارێکی سادە لە کایەی سیاسیدا نابینرێت، بەڵکوو بووەتە داینامۆی سەرەکیی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان. وەک ئیلینۆر ڕۆزفێڵت لە کتێبی “فێربوون لە ڕێگەی ژیانەوە”دا دەڵێت: “داهاتوو سەر بەو کەسانەیە کە بڕوایان بە جوانیی خەونەکانیان هەیە”. ئافرەتیش بە بڕوابوون بە خەونی یەکسانی، دیوارە بەرز و پڕ هەورازەکانی سیاسەتیان تێپەڕاندووە؛ ئەم وەرچەرخانە تەنها گۆڕینی دەموچاوەکان نییە، بەڵکوو گۆڕینی ناوەڕۆکی دیموکراسییە.
بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ژن لە پشت پەردەی بڕیارەکانەوە، ئەتوانین بڵێین حەشاردرابوو و تەنها وەک بینەرێکی بێدەنگ دەردەکەوت، بەڵام خەباتی بەردەوام ئەم هاوکێشە ئاڵۆز و سەختەی گۆڕی. مەلالە یوسفزای، کە کچێکی چالاکوانی پاکستانییە، بە جوانی ئاماژە بەم هێزە دەکات و دەڵێت: “کاتێک هەموو جیهان بێدەنگ دەبێت، یەک دەنگ بەسە ببێتە هێزێکی مەزن”. دەنگی ئافرەتان لە پەرلەمان و ناوەندە دیپلۆماسییەکاندا، ئێستا ئەو هێزە مەزنەیە کە مێژوویەکی نوێ دەنووسێتەوە و عەقڵییەتە کۆنەپەرستەکان ناچار بە پاشەکشە دەکات.
بەربەستەکان و ئیرادەی گۆڕانکاری
سەرەڕای پێشکەوتنەکان، هێشتا ڕێگاکە بێ کێشە نییە. ئافرەتان ڕووبەڕووی “تێڕوانینی جیاوازی ڕەگەزی لە بڕیاردان” و “نەریتە کۆمەڵایەتییەکان” دەبنەوە. ڕاستییەکی گرنگ هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئیرادەی ئافرەت بۆ جێبەجێکردن و گۆڕانکاری، زۆرجار لە هەموو بەربەستە کولتووری و ئابوورییەکان بەهێزترە.
بۆچی بەشداریی ژن لە داهاتووی سیاسەتدا زەروورە؟
سیاسەتێک کە تەنها یەک ڕەگەز دایبڕێژێت، سیاسەتێکی نوقسان و نادادپەروەرە. کاتێک ئافرەت دەبێتە بڕیاربەدەست، پرسەکانی وەک پەروەردە، تەندروستیی خێزان و مافە بنەڕەتییەکان دەبنە ئەولەویەت. ئافرەتان بە دیدگایەکی مرۆییترەوە سەیری کێشەکان دەکەن.

