رۆژنامەی ھەولێر

بۆچی پارتییەك سەرۆککۆمار بێت؟

‎هاودەنگ فارووق
ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بینیمان، پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار وەکو میراتی لێ هاتبوو، بەبێ ڕەچاوکردنی سروشتی پرۆسەی سیاسی، وەک بڵێی وەرەسەیە و تەنیا بۆ ڕازیکردنی حیزبێک و لەناو حیزبەکەشدا بۆ یەک دوو کەس ماوەتەوە، ئەوەش پشکی میراتییە و نابێ دەستکاری بکرێت.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک گرنگترە ئەو تێگەیشتنە ڕاست بکرێتەوە. کە پۆستی سەرۆککۆمار بابەتی میراتی نییە، بەڵکوو شایستە و بەرکەوتەی سیاسیی کوردە. بەگوێرەی نەریتێکی سیاسی لەناو عێراقدا، پێویستە لە ئانی وەرگرتنی ئەو پۆستەدا، ڕەچاوی هاوکێشە سیاسییەکانی ناو عێراق و سازانی لایەنی ناوخۆیی کوردستانیش بکرێت و ئەو پۆستە بە کەسێک بدرێت کە بتوانێت ئەو باڵانسانەی کە تێکشکاوە، ڕاست بکاتەوە، ئەو پۆستە کە پشکی کورد بووە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان نەبووە، بە هیچ شێوەیەک جێپەنجە و نەخشی لەسەر باشترکردنی پێگەی کورد لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و گوزەرانی خەڵک نەبینراوە.
بێدەنگی و لاوازیی ئەو پۆستە گەیشتووەتە ڕادەیەک بووەتە نوکتەیەکی خەمئامێز و هاووڵاتییانی کوردستان بە جۆرێک لە گاڵتەجاڕییەوە باسی دەکەن. هەموو مافە دەستوورییەکانی کورد پێشێل کراون و سەرۆکی کۆمار بێدەنگ بووە، لە کاتێکدا هەر بەگوێرەی دەستوور، پۆستێکی سیادییە و لە هەمان کاتدا وەزیفەی ڕاستەقینەی بریتییە لە پاراستنی دەستوور و قەوارەی سیاسی و دەستووریی فیدراڵیی کوردستان! کەواتە بۆچی لە ئاستی پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکاندا بێدەنگە؟
ئاخر ئەگەر لە هەر هاووڵاتییەکی کوردستان بپرسین: هەست دەکەیت سەرۆکایەتیی کۆمار نوێنەرایەتیی مافە دەستوورییەکانی تۆ دەکات؟ ئایا مافەکانی تۆی مسۆگەر کردووە بۆت؟ چاوەڕوان دەکەیت وەڵامی هاووڵاتیی سادە چی بێت؟ ئەی ئەگەر ئەو بازنەیە فراوان بکەین بۆ حیزبەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی دی چی دەبێ؟ بۆیە دەمێکە گوتوومانە دەبێ ئەو پۆستە ڕۆڵی دەستووریی ڕاستەقینەی خۆی جێبەجێ بکات؛ پارێزەری ڕاستەقینەی دەستوور بێت و لەناو پرۆسەی سیاسیدا دەنگ و سەنگی هەبێت.
پرسیارەکەش ئەوەیە: ئەگەر بڕیار بێت ڕۆح بکرێتەوە بە بەری ئەو پۆستەدا و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، پێویستە هێزێکی وەکو پارتی لە پشتییەوە بوەستێت کە خاوەنی زۆرترین دەنگی کوردە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی گرنگی خۆی بگێڕێت.
جێگەی ئاماژەیە، ئەو پۆستە نەک نەیتوانیوە مافەکانی کورد بپارێزێت، لە هەمان کاتدا نەیتوانیوە مافی پێکهاتەکانی دیکەیش بپارێزێت و بووەتە بەشێک لە دیکۆری دەسەڵاتی سیاسی، کە ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە و لە ڕاستیدا پێویستە ئەو پۆستە هاوشانی سەرۆکوەزیران بەشدار بێت لە بەڕێوەبردنی عێراق.
پارتی لەپێناوی ڕازیکردنی دڵی کەسێک یان لە پێناوی خودی پۆستێک، شەڕی پۆستی سەرۆککۆمار ناکات، بەڵکو دەیەوێ بۆ هەمووانی بسەلمێنێت ئەو پۆستە تەنیا دیکۆر نییە و پارێزەری ڕاستەقینەی دەستوور و پرۆسەی سیاسیی عێراقە، تا ببێتە نوێنەری هەموو پێکهاتەکان… ئیدی لەبەر هەموو ئەو ئیعتیبارانە، پێویستە پارتییەک سەرۆککۆمار بێت. ئەگەرنا، چوار ساڵی دیکەیش کوردان ئەو پۆستە هەر بە سڕکراویی دەبینن.