میدیا سەڵاح عوسمان جاف
بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی، یەکێکە لە گرنگترین کۆڵەکە فکری و کۆمەڵایەتییەکانی هەر نەتەوەیەک. مێژووی گەلی کوردستان شایەتی ئەوە دەدات کە کورد هەمیشە بەهۆی پاراستنی ناسنامە و داواکردنی مافە ڕەواکانییەوە، ڕووبەڕووی ستەم، چەوساندنەوە و پێشێلکاریی نامرۆڤانەی دوژمنان بووەتەوە. ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە پێمان دەڵێت کە پرسی کورد لە بنەڕەتدا پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، نەک تەنها کێشەیەکی سیاسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. گەرچی کورد مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشان و خەباتی هەیە، بەڵام گوشاری سیاسی و نێودەوڵەتی هەمیشە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەکەمانی داوە.
بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی بریتییە لە هەست و ئەرکی تاک و کۆمەڵگە بۆ پاراستنی ناسنامە، زمان، کەلتوور، مێژوو، خاک و مافە بنچینەییەکان. ئەم بەرپرسیارێتییە لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا دەردەکەوێت و هەر لە منداڵییەوە لە ناخماندا جێگیر دەبێت. بەتایبەتی لە دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستاندا، دەبینین دوژمنانی کورد کاتێک هێرش دەکەن، جیاوازیی لەنێوان بیروباوەڕی سیاسی و ئایینیی تاکەکاندا ناکەن؛ تەنها لەبەر ئەوەی کوردن دەکرێنە ئامانج، دەربەدەر دەکرێن و هەوڵی جینۆسایدکردن و سڕینەوەی ناسنامەکەیان دەدرێت. ئەمەش پێچەوانەی ئەو هزرە نەتەوەیی و خۆشەویستییەیە کە لەوپەڕی بەرزیدا لای تاک بە تاکی گەلەکەمان بوونی هەیە.
کاتێک نەتەوەیەک هەستی بە مەترسی، نادادی و سەرکوتکردن کرد، هەستی نەتەوەیی دەبێتە هەوێنی سەربەخۆیی و بەرگری. نموونەی ئەمە لە شۆڕشی شێخ مەحموود (١٩١٩-١٩٢٤) دوای جەنگی یەکەمی جیهانی دەرکەوت؛ هەرچەندە بەشێک لە هێزە ناوخۆیی و گرووپە سیاسییەکان پشتیوانییان نەکرد، بەڵام خەڵکی کوردستان بە هەستێکی نەتەوەیی و بە دروشمی “ئێمە کوردین” دژی داگیرکاری وەستانەوە و پشتیوانیی شۆڕشەکەیان کرد. هەروەها لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١یشدا، سەرەڕای ئەوەی هەموو چینوتوێژ و هێزە سیاسییەکان تەبا نەبوون، بەڵام هەستی نەتەوەیی و تووڕەیی دژی زوڵم، هەموو میلـلەاتی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێک خست و ڕژانە سەر شەقامەکان.
ئەمڕۆش لە باشووری کوردستان هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە؛ هەموو چینوتوێژەکان دوور لە هەموو بیروڕایەکی سیاسی و بەبێ بەرزکردنەوەی ئاڵای حیزبی، تەنها بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و دروشمی (کێین ئێمە؟ یەکین یەکین.. کوردستان یەکین) لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا دەنگ هەڵدەبڕن. ئەم دروشمانە بۆ بەرگرییە لە ناسنامەی نەتەوەییمان و ئەو ڕۆڵە گرنگەی گەنجان لە شەقامەکاندا دەیگێڕن، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە گەنجانی ئێمە تامەزرۆی سەربەخۆیی، سەقامگیری و بۆنی ئازادیی نیشتمانن.
بۆیە ئەمڕۆ ئەرکی هەموو کوردێکی خاوەن هەڵوێست و ویژدانە، بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن. دەبێت یەکڕیز و یەکگوتار بین لەسەر پرسە نەتەوەییەکان، هەروەک چۆن شەقام بە یەکڕیزی داوای ماف و ژیان دەکات. پێویستە لە داهاتووشدا بە ستراتیژێکی ڕوونی کوردانە و دوور لە هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی، خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بکەین، تا دوژمنان ئەو ڕاستییە بزانن کە بە مێژووی پڕ قوربانی و بەرخۆدانی گەلی کورددا دەچنەوە و ناتوانن ئیرادەی پۆڵایینی کوردستان بشکێنن.
وەک چۆن جەنابی سەرۆک بارزانی دەفەرمووێت: (خۆت هەبی خەڵک هەیە، خۆت نەبی کەست نییە).

