ئاری ئاغۆک*
هەندێ بابەت ڕاستەوخۆ و خۆرسکانە دەبنە هەوێنی دروستبوونی پرسێکی گەورەو کاریگەرو مێژوویی، بێ ئەوەی پلانێکی پێشوەختەی بۆ دابنرێت، بەڵام بەهۆی هەڵوێستێک یا دیمەنێک، یا رووداوێکی گرنگی سەردەم دەبنە ترێند و لە زەین و بیرکردنەوەی هەمووان هەر بەجوانی دەمێننەوە، بۆیە هەر کارێک لەو ڕوانگەیەوە بە نیازپاکی و هەڵوێستی جوانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریەوە هەنگاوی بۆ بنرێ ئەوا جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیە.
ڕوون و ئاشکرایە ئەم گڕ و تین و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەی لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان بۆ کارەساتی (کوردانی ڕۆژئاوا) ئەنجام دەدرێ بۆتە پرسێکی گەورەی ناوچەکە بەگشتی، هەمووان خۆرسکانە و ئازادانە هاتوونەتە شەقام و چەندین پەیام و هەڵوێستی نەتەوەیی و مڕۆیی بۆ بەرخودان و بەرگری و پاڵپشتی (ڕۆژئاوا) ئەنجام دەدەن، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژی حزبی و ناوچەیی بە هەست کردن بە ئێش و ژانی ئەو کارەساتە گەورەیە و هەروەها گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری لە هەموو لایەکەوە هەر یەکەو بەپێی ئاست و توانای خۆی، ئەوا وەک ئەرکی نیشیمانی هەموومان هاوکار و هاوخەمی ڕۆژئاواین.
لەلایەکی دیکەوە هاتنە سەرشەقامی سەرجەم چین و توێژەکان بۆ پاڵپشتی (ڕۆژئاوا) وەک هێزی مەعنەوی بە سروودی نیشتمانی و ئاڵای پیرۆزی کوردستان ڕۆژانە دیمەنی جوان و کاریگەر دەبنە تایتل و ترێندی سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندن، کە هەریەکێکیان گوزارشتێکی جوانی مرۆڤدۆستی و کوردایەتی و نەتەوەیی نیشان دەدات، ئەمەشیان هەمدیس جێگەی خۆشحاڵییە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئاماژەی پێ بکەین (منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت) وەک هەرتاکێکی کۆمەڵگە خەمخۆرانە و پەرۆشانە بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەگەڵ چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە هاتۆتە شەقام و پەیامی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستی بۆ ڕۆژئاوا دووپات دەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە (منداڵێکی ٢ ساڵ و سێ مانگانی شیرەخۆرە) لەتەک دایک و باوکیدا بە ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە ئەویش هاتۆتە شەقام، ئەوەی جێی سەرنجە بێ ئەوەی دەستی دایک یا باوکی بگرێت هەر بەتەنیا هەنگاو دەنێت بەرەو ئاسۆ، ئەمەش لە ڕوانگەی دەروونزانییەوە خوێندنەوە و ڕەهەندێکی هەیە کە خۆی لە چوارچێوەی متمانەبەخۆبووندا دەدۆزێتەوە و دەلالەتێکی گەورە نیشان دەدات.
ئەم وێنەیەش بووە وێنەیەکی هەرە جوان و هەرە سەرنجراکێش و هەرە ماناداری ڕۆژ، کە زۆر بە خێرایی لە سۆشیالمیدیا دەنگی دایەوە، ئەوەی جێگەی دەستخۆشیە لە دەستپێشخەرییەکی گرنگدا وەزیری پەروەردە بڕیاری دا، ئەم دوو وێنەیە بخرێنە سەر بەرگی کتێبی کوردی پۆلی یەکەم و پۆلی شەشەم بۆ ساڵی ئایندە، هەروەک لە بڕیارێکدا (ئالان حەمەسەعید ساڵح) وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٩-١-٢٠٢٦ لە ڕاگەیەێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە:
“بڕیارمان دا، وێنەی ئەو دوو منداڵەی کە هێمای ئاستێکی بەرزی نیشتمانپەروەریی و خۆشەویستی کوردستانن، بخەینە سەر بەرگی کتێبەکانی خوێندن و بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو چاپبکرێن.
منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەولێر، وێنە سەرنجڕاکێشەکەی دەخرێتە سەر بەرگی کتێبی کوردی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی.
منداڵێکی (دوو ساڵ و سێ مانگان) لە سلێمانی، وێنە سەرنجڕاکێشەکەی دەخرێتە سەر بەرگی کتێبی کوردی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی.
ئەم بابەتە مانایەکی قووڵی هەیە لەسەر پەروەردەکردنی نیشتمانیانەی نەوە دوای نەوە.”
لێرەدا ئەگەر لە ڕوانگەی پەروەردەیی و دەروونی و مرۆیی و نیشتمانییەوە شڕۆڤەی ئەم بڕیارە بکەین دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین:
1. کاتێ دەڵێین هەموو منداڵێک مافی فێربوون و خوێندنی هەیە، ئەوا قوتابی خاوەن پێداویستی تایبەت خۆی لە هەمان پێناسە دەدۆزێتەوە، بۆیە گرنگی دان بەم قوتابیانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، لەهەموو ڕوانگەیەکەوە بەتایبەتی کە وێنەی دەچێتە سەربەرگی کتێبی پرۆگرامەکانی خوێندن، بێگومان ئەمەیان یەکسان بوون و دادپەروەرییەکە نیشان هەمووان دەدا کە بەڵێ گەرچی ئەو ئەندامێکی جەستەی نییە، بەڵام وەک هەمووان مافی خوێندنی هەیە، ئەوەتا ئەویش لەگەل ئێمەیە و خەمی خاک و نەتەوە و نیشتمانی گرتۆتە ئەستۆ.
2. دروستکردنی متمانەی کەسانی خاوەن پێداویست لەگەڵ کەسانی دیکەی کۆمەڵگە ئەمەش دەبێتە کلیلی خۆ دروستکردن و بەردەوامی، لەبەرامبەریش دا قوتابیانی تر هەست بە یەکسانی و بەردەوامی دەکات، هەروەک چۆن لە پرۆگرامەکانی خوێندندا بە ڕێژەیەکی ئێجگار باش گرنگی بەم توێژە دراوە و بە کرداریش لە ژیانی ڕۆژانەی خوێندنیدا ڕەنگی داوەتەوە.
3. لەگەڵ ئەوەی ئەم کارە گرنگیپێدانە بە بابەت و پرسێکی گەرمی ڕۆژ ئەویش (خەمی ڕۆژئاوا خەمی هەموومانە)، ئەوا کردنەوەی پەنجەرەیەکی ئومێدبەخشە بۆ ئایندە، لەبەر ئەوەی ڕەنگە لە داهاتوو پرسیار بکەن ئایا ئەم منداڵانە کێن؟ ئایا چیرۆکی ئەم دوو وێنەیە چییە؟ وەڵامەکەی بۆ نەوەی نوێ دەبێتە ڕابردوویەکی جوانی نەتەوەیی و نیشتمانی و خاکپارێزی.
دواجار ماوە بڵێین ئەم بڕیارە وەک ڕەهەندێکی پەروەردەیی ئاوێتەبوونی چەمکی پەروەردە و خوێندنە هاوشان لەگەڵ پرس و بابەت و بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان بۆ ئێستا و ئایندە.
• بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

