بەکر کەریم حەسەن*
(ئیمامی عەلی كوڕی ئەبوتاڵب) خەلیفەی ڕاشدین دەڵێ “وڵاتەكان بنیات دەنرێن بە خۆشەویستیی نیشتمان”.
كۆی زانایان و بیرمەندان و سەركردەكان كۆكن لەسەر ئەوەی كەوا نیشتمان گرانترین و بەبەهاترین شتە كەوا مرۆڤ هەیەتی، نیشتمان ماڵە، ناسنامەیە، ڕەوشتە، ئابڕووە، ئەو خوێن و گیانەیە كە پێی دەژیین. هەستی نیشتمانپەروەری ئەو هەستە خۆڕسكە و خۆماکە و سروشتییە كە لە ناخی هەموو تاكێكدا هەیە پێویستی بە چاودێری و پاڵپشتیكردنی بەردەوام هەیە لە ڕێگای پەروەردەی خێزان و پەروەردەی قوتابخانە، تاوەكو لە منداڵیەوە بتوانرێ تۆوی نیشتمانپەروەری لە ناخی منداڵان و قوتابیان بچێنین و سەوز بێت و گەشە بكات و لەگەڵ گەورەبوونی كەسەكان زیاتر گەشە بكات و گەورە بێت.
نیشتمان ناسنامەی هەموو تاكێكە هەر كەسێك بێنیشتمان بێت بێناسنامە و بێناو دەبێت. بۆیە گرینگە پابەندی و خۆبەندییەکی قایم و بەهێز و پتەومان هەبێت بە نیشتمانەكەمان، بە كوردستانەوە كە هەردەم و هەردەم مایەی شانازی و شكۆمەندی و سەرفرازی و پایەبەرزی و هێز و هەڕەتە، بۆیە هەردەم نیشتمان هەموو شتێكە. ناسنامەی نیشتمانپەروەری بنچینە و ڕەسەن و خۆبەندییە، مرۆڤ بەرامبەر بەرگریكردن و قوربانیدان بۆ نیشتمانەكەی هیچی نایەتە بەرچاو و گرانترین شتی مرۆڤ كە گیانەكەیەتی لە پێناو پارێزگاری لە نیشتمان و پاراستنی بەخت دەكات. دیتمان لە ڕۆژانی ڕابردوو خوشك و برا كوردەكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان گیان لەسەر دەست بەرگرییان لە بست بە بستی خاكی كوردستان و نیشتمان و گوند و شارە كوردییەكان كرد و، وەكو شاخ وەستان و تیرۆریستان و دوژمن نەیتوانی پێشڕەوی بكەن و پاشەكشەیان كرد و كوڕان و كچانی شەڕڤان و پێشمەرگە وەك شاخ بەرگرییان كرد. لەوەش گرنگتر سەركردایەتی كورد و كوردستان بە سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵێكی خستە گەڕ بۆ ئەوەی كورد و كوردستان پارێزراو بێت و بە سەربەرزی بمێنێتەوە و، یەكدەنگی و کۆدەنگی و هاودەنگی بۆ پاڵپشتی كوردستان و كوردستانیان دروست بكات و قەوارەی كوردستانی ڕۆژئاوا بە پارێزراوی بمێنێتەوە و هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی كوردستان بەرهەمیان هەبوو، ئەوە بوو جەنابیان جەختی لەوە كردەوە كەوا كتێبی (بۆ مێژوو) بخوێنێتەوە كە جەنابیان فەرموویەتی گەر (تۆ هەبی خەڵك هەیە، تۆ نەبی كەس نییە) هاوشان لەگەڵ ئەوە كوردستانیان لە هەموو هەرێمی كوردستان بە هەولێر و شاروشارۆچكەكانی تر ڕژانە سەر شەقامەكان دژی پێشڕەوی و داگیركارییە سەربازییەکەی تیرۆریستان بۆ سەر ڕۆژئاوا و بەهەمان شێوە ڕەوەندی كوردی لە دەرەوە لە هەموو وڵاتانی كەوا كوردی لێ دەژی ڕژانە سەر شەقامەكان دژی جینۆسایدكردنی كوردانی ڕۆژئاوا.
ئەو کۆدەنگی و یەكدەنگی و یەكڕەنگییەی كوردستان و كوردستانیان لە ناو هەرێمی كوردستان و لە دەرەوەی كوردستانیش مایەی شانازی و خۆشی و بەختەوەری هەموو كوردێك بوو لە بەرامبەردا بووە مایەی شۆك بۆ ناحەزان و دژمنانی كورد. كەوا كورد بە یەكدەنگ پاڵپشتی یەكترن بە خۆپێشاندان و بە كۆمەك و كۆكردنەوەی هاوكاری و چەكهەڵگرتن هەموویان گیان لەسەر دەست بۆ پاراستنی خوشك و براکانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە كەوا نیشتمان ئەشقێكی ئەبەدییە لە نێوان مرۆڤ و خاكەكەی و هەرگیز دەستبەرداری نابێت.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

