فازڵ میرانی
وەک چۆن جووڵەی پێیەکانی مرۆڤ لەناو ئاودا –بە ویستی خۆی بێت نەک بە ناچاری– دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی هەنگاوەکانی و بەفیڕۆدانی وزەیەکی زۆر، کە ئەمەش پەیوەندییەکی پێچەوانەی بە تەمەنی مرۆڤەوە هەیە؛ لە سیاسەتیشدا ڕەنگە بۆ گەیشتن بە ئامانج پەنا بۆ ڕێگەی لاریش ببرێت، بەڵام بڕینی هەر مەودایەک پەیوەستە بە فاکتەری کاتەوە. بە خەرجدانی کات و دانبەخۆداگرتن بە هیوای دەستکەوتی باشتر کارێکی پەسەندە، بەڵام بەفیڕۆدانی کات لەگەڵ دەرئەنجامی ئاساییدا، تەنیا ئیسرافە.
من بە هەموو ڕێز و خۆشەویستییەکمەوە بۆ تەواوی ئەو پێکهاتانەی لە عێراقدا کۆبوونەتەوە، پێم وایە دروستنەکردنی ناسنامەیەکی گشتگیری نیشتمانی (هاووڵاتیبوون)، بووەتە هۆی پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگە، کە تێیدا عێراقێکی کۆمەڵایەتیی فرەڕەنگ کرایە قوربانیی عێراقێکی دابەشکراو بۆ سەر کۆمەڵە و گرووپی جیاواز کە تەنیا بەپێی دەستکەوتە تاکەکەسییەکان زیاد دەکەن. بۆ دڵنیابوون لەم ڕاستییەش، تەنیا گەڕانەوە بۆ ڕۆژانی پێش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و ڕۆژانی دواتریش، وەڵامەکانمان دەداتێ؛ چونکە ئەو تەحەدییانەی دواتر ڕووبەڕووی عێراق بوونەوە و بەشێکی گەورەیان مەترسییان بۆ سەر بوونی عێراق دروست کرد، تەنیا بەهۆی هەوڵە هەرێمییەکان بۆ شکستهێنان بە پرۆژەی گۆڕانکاریی عێراق نەبوو، بەڵکو بەهۆی خراپیی ئیدارەدانی ناوخۆییەوە بوو. “هونەری دوژمنسازی” ئەو دیاردە سەیرەیە کە لایەنەکان کێبڕکێی تێدا دەکەن، لەسەر حیسابی هەموو عێراقییەکانە و دەیانەوێت پێگەیەک بۆ دەستکەوتی نائاسایی خۆیان دروست بکەن.
وەرن با ڕووداوەکان وەک خۆیان ناوبنێین و دەستنیشانیان بکەین، با بۆ گفتوگۆیەکی بەرهەمدار دابنیشین، نەک بۆ گفتوگۆی نمایش و وێنەگرتنی بێسوود؛ چونکە لە عێراقدا کێشەی کەڵەکەبوو سەروزیادن، چارەسەرەکەشیان بە دابەشکردنی بڕیار بە شێوەی نایەکسان ناکرێت، هەروەها بە سزادانی ئێمە کە ڕیفراندۆممان بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا.
کورد لە عێراقدا نەتەوەیەکە کە بەم دەوڵەتەوە لکێنراوە، بەو هۆیەشەوە مافگەلێکی کەوتووەتە ئەستۆ کە تا ئێستا بەدەستمان نەهێناوە، لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک ئەرکی بەسەردا سەپێنراوە کە لە بنەڕەتدا لە بەرژەوەندی بونیادنانی دەوڵەتێکی هێژا نەبوون. لە لایەکی ترەوە، شیعە لە عێراقدا ڕووبەڕووی ستەمێکی مێژوویی بوونەتەوە کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای لێکترازانی سیاسی لەو دەوڵەتەی پەیامی ئیسلامی کردبووە ناونیشانی خۆی. بەڵام لەگەڵ ڕەوتی مێژوودا، کارێکی دروست نییە کە بە گشتاندن سوننەکان بە هەموو مەزهەبەکانیانەوە بخەینە ژێر باری تاوانی فەرمانڕەوایەک؛ چونکە فەرمانڕەوای سوننە یەکێک نییە لە خەلیفە ڕاشدینەکان و قورئانیش دەفەرموێت: (ۆڵا تَزِرُ ۆازِرَە وِزْرَ أُخْرَیٰ) واتە: کەس باری گوناهی کەسێکی تر هەڵناگرێت.
ئەم ڕاستییە بەسەر هەر کۆمەڵە و تاکێکدا جێبەجێ دەبێت کە ناسنامە عێراقییەکانی تێدا کورت دەکرێتەوە بۆ دەستکەوتی شەخسی، یان بەهۆی پاشکۆیەتییەوە تاوانبار دەکرێن.
تا ئێستاش، جیاوازییەکی گەورە لەنێوان هەنگاوەکان و لێدوانەکاندا دەبینرێت و دژبەیەکی هەیە؛ کێشە بنەڕەتییەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و کەس ناوێرێت لێیان نزیک بێتەوە، جا چ لەبەر ترس بێت یان دەستەوستانی، یان ڕەنگە وەک وەبەرهێنانێک بێت بۆ هێشتنەوەیان، چونکە وەک دیارە ئەم کێشانە بوونەتە سووتەمەنی بۆ بەردەوامیی هێزگەلێک.
چەندە بە ئاواتەوە بووین و چەندەش لەگەڵ ئەو دڵسۆزانەی بڕوایان بە خەباتی نیشتمانی هەیە تێکۆشاین بۆ خوڵقاندنی دۆخێکی ڕاستەقینە و سادقانە لەلایەن زۆرینەی عێراقییەکانەوە بەرامبەر بەو فرەچەشنییەی فەرمانڕەوایی دەکات؛ چونکە زایەبوونی مافی زۆرینەی عێراقییەکان، کاریگەریی هەبوو لەسەر ونبوونی مافەکانی ئێمەش.
ئێمە هێشتا بەدەست پلاندانانی شێواو دەناڵێنین.
هێشتا بەدەست کەڵەکەبوونی یاساکانەوە دەناڵێنین، کە مەترسیدارترینیان کارپێکردنی ئەو یاسایانەیە کە هی سەردەمە سیاسییەکانی پێشوون.
هێشتا قسەکانمان لە کار زۆرتر و دوورترن؛ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ناڕوونە و بەردەوامیدان بە ئەدایەکی هەڵە بووەتە نەریت.
سەرەڕای پابەندبوون و ڕێزی ڕاستەقینەمان بۆ بڕیارەکانی دیمەنە دووبارەبووەکەی ئەو عورفەی لەسەر دابەشکردنی سێ سەرۆکایەتییەکە هەیە، بەڵام تا ئێستا پێمان وایە نابێت پۆستەکان بکرێنە قۆرخکاریی سیاسی و حزبی؛ چونکە ئەمە پەیامێک دەگەیەنێت بە کەسی سەربەخۆ کە جێگەی نییە، پەیامێکە بۆ ئەقل و ئیرادەکان کە دەبێت تەحەزوب بکەن و هیچ مەجال و پارێزەرێکیان نییە جگە لە خۆ حەشاردان لە پشت حزبێکەوە، دەبێت حزبەکەش بەهێز بێت.
کێشەکانی عێراق، لەوانەش کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر –کە زۆربەیان لە دەرەوەی هەولێر و بەغداشەوە بەسەر هەردووکیاندا دەسەپێنرێن– لە ئاستی جەماوەریدا زۆر گەورەتر و گرنگترن لەو پۆستانەی تەنیا وەک پشکی کەسی بۆ بەرژەوەندی خاوەن پشکەکە دەبینرێن. عێراقییەکان بە هەموو فرەچەشنییە نەتەوەیی، مەزهەبی و فکری و بیروباوەڕییەکەیانەوە، سەرکەوتوو نابن لە مۆدێلێکی دەوڵەتدا کە تێیدا “تاکحزبی” بگۆڕدرێت بۆ “فرەییەک” پەراوێزخستن پەیڕەو بکات بەرامبەر ئەوەی سەر بە فیکرێک نییە، یان کەسی سەربەخۆ بخاتە نێوان هەڵبژاردنی هەژاری و قبوڵکردن، یان بەجێهێشتن و چوونە ناو حزب. لە سایەی ئەدایەکی وەهادایە کە مافی بنەڕەتی لە سامانی نیشتمانی بۆ خاوەنەکەی ون دەبێت، دەرگای قوتابخانەکان لە جێ دەردەچن و سەقفەکان بەسەر قوتابیاندا دەڕوخێن، دەرمان دەگمەن دەبێت و هەژاریش لە خێر و سەدەقە یان لە تەنەکەی خۆڵدا بەدوای بژێویدا دەگەڕێت.
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا سەبارەت بە سکاڵای گەلی موسا لە سەردەمی چەوسانەوەیاندا دەفەرمووێت، کە دوای نەمانی ستەم لێیان، خودا چاودێرییان دەکات بزانێت چۆن ڕەفتار دەکەن:
بسم الله الرحمن الرحیم
قَالُوا أُوذِينَا مِن قَبْلِ أَن تَأْتِيَنَا وَمِن بَعْدِ مَا جِئْتَنَا ۚ قَالَ عَسَىٰ رَبُّكُمْ أَن يُهْلِكَ عَدُوَّكُمْ وَيَسْتَخْلِفَكُمْ فِي الْأَرْضِ فَيَنظُرَ كَيْفَ تَعْمَلُونَ».
صدق الله العظيم.

