ئازاد ساڵح نادر
لە مێژووی نەتەوەکاندا، هەندێک چەمک هەن تەنها وشە نین، بەڵکو دەبنە هێمای بەرگری. کاتێک تاریکپەرستان و تەکفیرییەکان هێرش دەبەنە سەر ڕۆژئاوا، وێنای ئەوە دەکەن کە بە بڕینی “کەزییەک” دەتوانن ئیرادەی گەلێک بشکێنن، بەڵام نەیانزانیوە کە لە خاکی خۆرئاوابوونی خۆردا، بڕینی هەر کەزییەک دەبێتە هەوێنی هۆنینەوەی ملیۆنان کەزیی تری شۆڕشگێڕی.
کەزی وەک سەنگەری بەرگری
بڕینی کەزیی کچانی کورد لەلایەن تەکفیرییەکانەوە، تەنها تاوانێک نەبوو دژی ژن، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ بڕینی ڕەگی ژیان و شوناس لەو خاکەدا. بەڵام وەڵامی کچانی کورد لە کۆبانی و عەفرین و سەرێکانی بۆ جیهان و بۆ تاریکپەرستان ئەوە بوو: “کەزییەک دەبڕن، ملیۆن کەزی دەهۆنینەوە”. ئەمە تەنها دروشم نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی نەتەوەییە؛ واتە هەرچەندە ستەمکاران هەوڵی سڕینەوەی ئێمە بدەن، ئێمە بە دەستێکی تر هیوا و ئیرادە دەهۆنینەوە.
شەڕی تەکفیر: ڕەشاییەک لەبەردەم ڕووناکیدا
ئەو هێزە تاریکپەرستانەی کە ئەمڕۆ بە ناوی جیاوازەوە دژایەتی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دەکەن، نوێنەرایەتی عەقڵییەتێکی تەکفیری دەکەن کە هیچ شتێک قبوڵ ناکات جگە لە کوشتن و وێرانکاری. ئەوان لەو “کەزییە” دەترسن کە بووەتە ئاڵای ئازادی. شەڕی ئەوان دژی کورد، شەڕە دژی مۆدێلێکی پێشکەوتووخوازی ژیان کە تێیدا مرۆڤ کەرامەتی پارێزراوە.
“ئەگەر بە خۆمان نەبین، کەسمان نییە”
وەک جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی فەرمووی، مێژوو باشترین مامۆستایە. پێشهاتەکانی ڕۆژئاوا و هێرشی تەکفیرییەکان جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان چەسپاندەوە کە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان لەبەردەم بەرژەوەندییەکاندا دەلرزێن، و تەنها “خۆمان”ین کە دەتوانین پارێزگاری لە خاک و کەرامەتی خۆمان بکەین. هۆنینەوەی ملیۆنان کەزی، واتە یەکخستنی ناوماڵی کورد و پشتبەستن بە ئیرادەی میللەت.
کەزییەکان دەبنە کۆتایی تاریکی
ئەو ڕەشپۆشانەی کە دەیانویست ڕۆژئاوا بکەنە مەیدانی جەهل، لەبەردەم کەزییەکانی کچانی کورددا شکان. مێژوو دەنووسێتەوە کە چۆن میللەتێک لەناو ئازاردا، جوانترین داستانی بەرگریی هۆنییەوە. هەر کەزییەک کە ئەمڕۆ دەهۆندرێتەوە، بزمارێکە لە تابووتی بیری تەکفیری و هەنگاوێکە بەرەو بەیانییەکی ڕووناکتر.
“کەزی” لە ڕۆژئاوا تەنها جوانی نییە، بەڵکو چەکی قورسی بەرگرییە. با تەکفیرییەکان بزانن، ئەوان چەندە ستەمکار بن، ئێمە لە هۆنینەوەی ئازادی بێزار نابین. ملیۆنان کەزیی تێکئاڵاو، دەبنە ئەو پەتەی کە هەموو خەونە تاریکەکانی تەکفیرییەکانی پێ هەڵدەواسرێت.

