رۆژنامەی ھەولێر

نەخشەی بوێری: ڕێگای گەیشتن بە کەسایەتییەکی بڕوابەخۆ لە منداڵاندا

سەهەند کۆیی
چەمکی متمانە بەخۆبوون و ڕەهەندە دەروونییەکانی.
ئەم چەمکە تەنها دەستەواژەیەکی باو نییە، بەڵکو بەردی بناغەی کەسایەتیی مرۆڤە. ئەم ورە بەرزە لای نەوەی چاوگەش وەک ئاوێنەیەک وایە کە وێنەی توانا و بەهاکانی خۆیانی تێدا دەبیننەوە، ئایا بچکۆلەکان خۆیان بە کارامە دەزانن؟ ئایا پێیان وایە هێزی چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەیە؟ ئەم بڕوابەخۆبوونە لە تەمەنی زۆر زووەوە چرۆ دەکات، هەر لەو ساتەوەی ساوا هەوڵی یەکەم هەنگاو یان دەربڕینی یەکەم وشە دەدات، کاتێک ڕۆڵەکانمان خاوەن ئیرادەیەکی جێگیر بن، پارێزبەندیی دەروونییان بەهێز دەبێت، بەم شێوەیە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی گاڵتەپێکردنی هاوتەمەنەکانیان یان سەرنەکەوتن لە کێبڕکێیەکاندا، تووشی داڕووخان نابن، ئەوان تێدەگەن کە “سەرنەکەوتن لە کارێکدا” بە واتای “شکستی ئەوان وەک مرۆڤ” نایەت. ئەم جیاکارییە وردە لە نێوان “کردار” و “خود”دا، تەنها لە سایەی پەروەردەیەکی تەندروستدا شکۆفە دەکات، کە تێیدا تاکی تێگەیشتوو هەست دەکات بەها مرۆییەکەی جێگیرە و بەند نییە بە ڕەزامەندیی دەوروبەرەکەی.

ڕۆڵی خێزان وەک ژینگەیەکی بنیادنەر
خێزان وەک کارگەیەک وایە کە کەسایەتی تێدا دروست دەکرێت، ئەو پەیامانەی دایک و باوک بە منداڵەکەیانی دەدەن، دەبنە ئەو دەنگەی کە لە ناوەوە منداڵەکە لە تەمەنی گەورەیدا دەیبیستێتەوە، ئەگەر دایک و باوک هەمیشە ڕەخنەگر بن، منداڵەکە لە گەورەیدا دەبێتە کەسێکی ڕەخنەگر لە خۆی و هەمیشە دوودڵ دەبێت، بەڵام ئەگەر ژینگەکە پڕ بێت لە هاندان، منداڵەکە بە ئازاییەوە ڕووبەڕووی ژیان دەبێتەوە، تەنانەت چۆنیەتیی پەیوەندیی نێوان دایک و باوکیش کاریگەرە. کاتێک منداڵ دەبینێت باوکی یان دایکی بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن و متمانەیان بە تواناکانی خۆیان هەیە، ئەو وەک سەرمەشقێک سوودیان لێ دەبینێت، دابینکردنی “ئاسایشی سۆزداری” یەکەم هەنگاوە؛ منداڵێک کە نەترسێت لەوەی ئەگەر هەڵەی کرد لێی توڕە دەبن، زیاتر دەتوانێت بەهرەکانی تاقی بکاتەوە، ئەم ئاسایشە وای لێ دەکات لە جیاتی ئەوەی وزەکەی لە پاراستنی خۆی و شاردنەوەی هەڵەکانی خەرج بکات، لە پێناو داهێنان و فێربووندا بەکاری بهێنێت.

ستراتیژییەکانی گەشەپێدانی سەربەخۆیی لە منداڵدا
بۆ ئەوەی منداڵێکی بوێر پەروەردە بکەین، پێویستە فێری بکەین کە ژیان زنجیرەیەک بڕیارە؛ هەر بۆیە لە تەمەنێکی زووەوە مافی هەڵبژاردنی پێ بدە. بۆ نموونە: «ئەمڕۆ حەز دەکەیت جلی شین لەبەر بکەیت یان سوور؟». ئەم بڕیارە بچووکانە مێشکی منداڵەکە ڕادەهێنن کە خاوەنی ئیرادەی خۆیەتی، کاتێکیش گەورەتر دەبێت، دەبێت لێی بگەڕێین خۆی ئەزموون بکات و بەرپرسیارێتیی کارەکانی هەڵبگرێت، زۆرێک لە دایک و باوکان بەهۆی خۆشەویستی زۆرەوە، ڕێگە نادەن منداڵەکانیان تووشی هیچ ناڕەحەتییەک ببن، ئەمە پێی دەوترێت “پەروەردەی شووشەیی”. ئەم جۆرە منداڵانە کاتێک دەچنە ناو کۆمەڵگە، بە بچووکترین بەربەست دەشکێن، بوێری لێرەوە دەست پێ دەکات کە ڕێگەی بدەیت بکەوێت و دواتر فێری بکەیت چۆن هەڵسێتەوە، فێری بکە کە ئەو بەرپرسە لە ئەنجامی کارەکانی؛ ئەگەر یارییەکانی تێکدا، دەبێت خۆی کۆیان بکاتەوە، ئەمە هەستی توانایی لای منداڵەکە بەهێز دەکات.

هونەری ستایشکردن و کاریگەری لەسەر هۆشیاری
هەموو ستایشێک سوودبەخش نییە. ستایشکردنی:)زیرەکی) ، یان: (جوانی)، منداڵ، لەوانەیە دوایی زیانی هەبێت؛ چونکە منداڵەکە دەترسێت ئەو سیفەتە لەدەست بدات و متمانەی دەڕوخێت، لەبری ئەوە، دەبێت ستایشی «هەوڵەکان و شێوازی کارکردنی» بکرێت. بۆ نموونە بڵێ: (دەستخۆشی لەو ماندووبوونەت دەکەم کە بۆ ئەم تابلۆیە کێشاوتە)، یان : (بینیم چەند بە ئارامییەوە کارت لەسەر ئەم پڕۆژەیە کرد). ئەم جۆرە دەستخۆشییە منداڵەکە هان دەدات کە بەردەوام بێت لە تێکۆشان، چونکە تێدەگات کە بەهاکەی لە کارکردنەکەیدایە نەک تەنها لە ئەنجامەکە.

مامەڵەکردن لەگەڵ شکست وەک دەرفەتێکی فێربوون
بوێری واتە ڕووبەڕووبوونەوەی شکست بەبێ ترس، منداڵ دەبێت تێبگات کە شکست کۆتایی ڕێگەکە نییە، کاتێک منداڵەکەت لە پێشبڕکێیەکدا دەدۆڕێت، با یەکەم پەرچەکردارت هاوسۆزی بێت؛ پێی بڵێ:(ئاساییە خەمبار بیت، هەموومان هەندێک جار دەدۆڕێین). دوای ئەوەی هێور بووەوە، پێکەوە سەیری ئەو هەڵانە بکەن کە دەبنە وانەی نوێ بۆ داهاتووی ، پێویستە چیرۆکی سەرکەوتنی کەسایەتییە گەورەکانی بۆ بگێڕیتەوە ، وەک تۆماس ئەدیسۆن کە پێش داهێنانی گڵۆپ چەندین جار شکستی هێنا، بەڵام هەرگیز کۆڵی نەدا. ئەم چیرۆکانە متمانە بە منداڵ دەبەخشن کە ئەوەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت شتێکی ئاساییە، کاتێک منداڵ فێر دەبێت کە: (هەڵە)، مامۆستایەکی باشە، ئیتر لە تاقیکردنەوەی شتە نوێیەکان سڵ ناکاتەوە، چونکە دەزانێت سەرکەوتن لە هەڵسانەوەدایە نەک لە نەدۆڕان.

گەشەپێدانی لایەنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکان
متمانەبەخۆبوونی منداڵ، زیاتر لە ناو کۆمەڵگە و پەیوەندییەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە؛ بە جۆرێک منداڵێکی بڕوابەخۆ دەتوانێت بە ڕوونی داوای مافی خۆی بکات بەبێ ئەوەی شەڕانگێز بێت، بۆ گەیشتن بەمە، دەبێت لە ناو ماڵەوە مافی قسەکردنی هەبێت، کاتێک منداڵەکە لەسەر مێزی نانخواردن قسە دەکات، بێدەنگی مەکە و مەڵێ “تۆ منداڵی و تێناگەیت”. بە پێچەوانەوە، گوێی لێ بگرە و ڕێز لە بیرۆکەکانی بگرە، بۆ ئەو منداڵانەی کە لە تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی دەترسن، دەکرێت ڕێگەی “هەنگاو بە هەنگاو” بەکار بهێنرێت. سەرەتا لەگەڵ یەک هاوڕێی نزیک یاری بکات، دواتر بیبەرە شوێنە گشتییەکان. هانی بدە کە خۆی داوای شتومەک لە دوکاندار بکات یان سڵاو لە کەسە ناسیاوەکان بکات، هەر پێشکەوتنێکی بچووک لەم بوارەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە هەست بکات کە جیهانی دەرەوە شوێنێکی ترسناک نییە و ئەو دەتوانێت جێپەنجەی خۆی جێ بهێڵێت.

کاریگەری چالاکییە دەرەکییەکان و وەرزش
وەرزش یەکێکە لە باشترین ئامرازەکان بۆ بنیادنانی متمانە بەخۆبوون، لە وەرزشدا، منداڵ فێری دیسپلین، کارکردنی بە کۆمەڵ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەختییەکان دەبێت. کاتێک منداڵێک دەبینێت کە جەستەی بەهێز دەبێت و دەتوانێت کارێکی جەستەیی قورس ئەنجام بدات، ئەمە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر مێشکی و وێنەی خۆی لا جوانتر دەکات، هەروەها هونەر وەک وێنەکێشان، مۆسیقا یان نواندن، ڕێگەیەکی ترن بۆ دەربڕینی خود، زۆرێک لە منداڵان کە لە ڕێگەی قسەکردنەوە ناتوانن بوێری خۆیان نیشان بدەن، لە ڕێگەی تابلۆیەک یان پارچە مۆسیقایەکەوە ئەو متمانەیە دەدۆزنەوە. گرنگ ئەوەیە دایک و باوک بەهرە شاراوەکانی منداڵەکەیان بدۆزنەوە و پاڵپشتی بکەن، نەک ئەو بەهرەیەی کە خۆیان ئارەزووی دەکەن بەسەریدا بسەپێنن.

زیرەکیی سۆزداری و ناسینی هەستەکان
متمانە بەخۆبوون تەنها پەیوەندی بە هێزی دەرەکییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تێگەیشتن لە جیهانی ناوەوە هەیە. منداڵێک کە بتوانێت هەستەکانی خۆی بناسێت و ناویان لێ بنێت، زۆر متمانەی بەخۆی زیاترە لەو منداڵەی کە لەناو هەستەکانیدا ون دەبێت. کاتێک منداڵ فێر دەبێت بڵێت “من ئێستا تووڕەم” یان “من ئێستا نیگەرانم”، دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ڕەفتارەکانی بکات، فێرکردنی “هاوسۆزی” لەگەڵ خود بەشێکی گرنگە لەم قۆناغە، پێویستە منداڵ فێر بێت کە کاتێک هەڵە دەکات، وەک چۆن لەگەڵ هاوڕێیەکی میهرەبانە، لەگەڵ خۆشی میهرەبان بێت، ئەم ئارامییە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە لە دەروونییەوە هەست بە جێگیری بکات، کاتێک منداڵ لە هەستەکانی خۆی تێدەگات، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی قسەی ناخۆشی کەسانی تر، دەزانێت کە ئەو قسانە گوزارشت لە بەرامبەر دەکەن نەک لە ڕاستی ئەو، ئەمەش بەرزترین ئاستی پاراستنی متمانەیە.

ڕۆڵی خوێندنەوە و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوە
کتێب و چیرۆکەکان پەنجەرەیەکی گەورەن بۆ بنیادنانی کەسایەتییەکی بوێر. کاتێک منداڵ چیرۆکی ئەو پاڵەوانانە دەخوێنێتەوە کە بەسەر ترسی خۆیاندا زاڵ بوون، خۆی لەناو ئەو کارەکتەرانەدا دەبینێتەوە، خوێندنەوە تەنها زانیاری زیاد ناکات، بەڵکو خەیاڵی منداڵ فراوان دەکات و فێری دەکات کە بۆ هەر کێشەیەک چەندین ڕێگەچارەی جیاواز هەیە، دایباب دەتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆکردن دەربارەی کتێبەکان، منداڵەکەیان فێری “ڕەخنەگرتنی بنیادنەر” بکەن. پرسیارکردن لە منداڵ کە “تۆ چۆن ئەو کێشەیەت چارەسەر دەکرد؟” یان “بۆچی ئەو کارەکتەرە ئەو بڕیارەی دا؟”، متمانەی منداڵ بە عەقڵی خۆی زیاد دەکات، منداڵێک کە زۆر دەخوێنێتەوە، خاوەنی فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی ووشەیە، ئەمەش وای لێ دەکات لە کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ گەورەکان یان لە قوتابخانەدا، بە ڕەوانبێژی و بوێرییەوە قسە بکات و هەست بە شەرم نەکات.

فێربوونی بەها ئەخلاقییەکان وەک سەرچاوەی هێز
متمانەبەخۆبوونێکی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای بەها باڵاکان دروست دەبێت، منداڵێک کە لەسەر ڕاستگۆیی، دەستپاکی و هاوکاریی کەسانی تر پەروەردە کرابێت، هەمیشە هەست بە پاکی و پتەویی کەسایەتیی خۆی دەکات. ئەم جۆرە متمانەیە زۆر قووڵترە لەو متمانەیەی کە تەنها لەسەر جوانی یان پارە دروست دەبێت. کاتێک منداڵ کارێکی چاکە ئەنجام دەدات، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر گەشەی مێشکی دادەنێت و هەستی بەختەوەری و متمانەی زیاد دەبێت، پێویستە منداڵ فێر بکرێت کە “نەخێر” بڵێت بۆ ئەو شتانەی کە دژی بەهاکانی ئەون، بۆ نموونە، ئەگەر هاوڕێکانی داوای لێ بکەن کارێکی هەڵە بکات، بوێری ئەوەی هەبێت بڵێت نەخێر، ئەم جۆرە بوێرییە ئەخلاقییە وا دەکات منداڵەکە لە گەورەیدا نەبێتە کەسێکی پاشکۆ، بەڵکو ببێتە کەسێک کە خاوەنی پرەنسیپی تایبەت بە خۆیەتی. کاتێک منداڵ دەزانێت کە کارێکی ڕاست دەکات، متمانەیەکی دەروونی بێوێنەی بۆ دروست دەبێت کە هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت بیهەژێنێت.

بەرەو ئایندەیەکی گەش: متمانە بەخۆبوون وەک میراتێکی هەمیشەیی
بنیادنانی نەوەیەکی بوێر، گەشتێکی دوورودێژە و پێویستی بە پشوودرێژییەکی قووڵ هەیە، متمانە بەخۆبوون وەک نەمامێک وایە، تەنها بە میهرەبانی و پاڵپشتیی بێ مەرج باڵا دەکات.. ئێمە کاتێک منداڵێک بە گوڕوتین و بڕوابەخۆ گۆش دەکەین، لە ڕاستیدا کار بۆ ڕزگارکردنی ئایندەی نیشتمان دەکەین؛ چونکە تاکی خاوەن ئیرادە، هەمیشە دەبێتە کانییەک بۆ داهێنان، قەڵغانێک بۆ بەرگری لە ماف و سەرکردەیەکی لێهاتوو بۆ گۆڕانکاری، دەبێت ئەو ڕاستییەمان لە یاد بێت کە گەورەترین وەبەرهێنان، چەسپاندنی کەسایەتییەکی بەهێزە لە ناخی منداڵەکانماندا، هەموو ئەو سامان و ناوبانگەی بۆیان بەجێ دەهێڵین، ئەگەر لەگەڵیدا متمانەی بڕیاردانیان نەبێت، کاتی و بێبایەخن، بەڵام کاتێک منداڵ خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز بێت ، تەنانەت ئەگەر لەناو تەمومژی نەبوونی و تەنگانەیشدا بێت، دەتوانێت بەرەو سەرکەوتن هەنگاو بنێت و بە هەموو ئامانجەکانی بگات.