رۆژنامەی ھەولێر

ئێمە ئازاترین شینگێڕانی جیهانین؛

یەڵدا هەرکی
هەمیشە
ئەوکاتە دەرگای ماڵەکانمان
دادەخەین،
کە دز، هەموو خەونەکانی بردووە.

ئێمە
تێهەڵکێشی پەنجەکانمان
لە میوانیی برینەکاندا ناسییەوە؛
هەمیشە
تەنیا لە چەماوەی ئازاردا
دەگەین بە یەک.
دەڵێی توخمی ئێمە
مامانێک بە ناوی کارەسات بەستوویەتی؛
کە تا تەقەی شکان نەیەت،
بێدەنگی،
کراسێکە لەبەری یەک بە یەکی ئێمەدا،
بە هەزار قۆڵی جیاوازەوە.

پرسیار لێرەدایە:
ئایا ئەم مشتە یەکگرتووە،
تەنیا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانە؟
ئەگەر ڕۆژێک
هیچ دیوارێک بەسەرماندا نەکەوێت،
ئایا دیسان
ناوی بچووکی یەکترمان
وەبیر دێتەوە؟

ئەی ئەگەر ئەمجارە،
کارەسات، خاڵی کۆتایی ڕستەکە بێت نەک بینۆک ؟
ئەگەر پێش ئەوەی پەنجەکانمان،
لە درێژەی ئەم ئازایەتییە لەناکاوەدا بگەن بە یەک،
خاک،
دەمی هەموومانی پڕ کردبێت،
کوێی ئەم وەستانە، دەستپێکە؟
بۆچی هەمیشە
کاتژمێری بەخەبەرهاتنی ئێمە،
چرکەیەک دوای کارەساتە؟