رۆژنامەی ھەولێر

باجی هۆشیاری

خوسره‌و جاف
مرۆڤ چەندە سازندە و داهێنەرە، چەندین ئەوەندەش خۆپەسەند و خوو و خولیای “من منم”ـە. کاتێک مرۆڤ چوار تەنیشتی خۆی ژیرانە وەک خۆی هەڵسەنگاند و تەپڵی “هەر من هەر من”ی کردە پیشە، ئەوەی جوانی و زەرافەتە، بەو ئافەتە دڕندانە لە ڕیشە هەڵیدەکەنێت.
لە پێش شۆڕشی (ڕێنێسانس)دا ئەوروپا لەناو تاریکستانێکدا دەژیا، بچووکترین مافی مرۆڤ لەبەرچاو نەدەگیرا. کەنیسە و زۆر و زەوتی پاپا، نەک هەر ئەوروپا، بەڵکو عالەمی مەسیحییەتی لە جیهاندا گرتبووەوە؛ مرۆڤ کرابووە ئامێرێک نەک مەبەست. زوڵم و زۆر لە چوار تەنیشتی ئەوروپا دەبینرا و هەزاران ئافرەت بە تۆمەتی جادوو سووتێنران. شەڕی خاچ و پەلامارەکەی بۆ ڕۆژهەڵات، کرابوو بە ئامێری بەردەوامی و زرتە زەلامی دەسەڵاتی پاپا و قەشەکان.
ئیتر جەهالەت و بێخەبەری سەرتاسەری ئەوروپای گرتبووەوە؛ دادگاکانی پشکنین و قەشە هەرزەهەوەسەکان لە سەرتاسەری ئەوروپادا حوکمفەرما بوون و بە شێوەیەکی وەحشیانە فەرمانڕەواییەکی ڕەها و بێسنووریان دەکرد. لە ئاوا دەوروبەر و چوار تەنیشتێکدا، بوومەلەرزەی (ڕێنێسانس) وردە وردە دەستی پێکرد و زۆری نەخایاند سەرتاسەری ئەوروپای گرتەوە. قەشە و دەسەڵاتی پاپا کشانەوە ناو کڵێسەکان و لە سەرپەرشتیکردنی میللەتانی ئەوروپا دەستیان هەڵگرت و لە چوار دەوری (ڤاتیکان) دوور نەکەوتنەوە، دەستیان لەو دەسەڵاتە ڕەها و بێسنوورە هەڵگرت.
ژیانی ئاسایی میللەتانی ئەوروپا وردە وردە دەستی پێکرد و لە عالەمێکی ئازاددا زانست و عەقڵ و داهێنان بوو بە دروشم و پلان و مەنهەجییەتی میللەتەکانی ئەوروپا. وردە وردە شۆڕشی دەستکردی مرۆڤ لە چەند گۆشەی ئەوروپادا دەستی پێکرد و ژیانی ڕۆژانەی میللەتان لە بنەماوە گۆڕا، سەرئەنجام ئەو سیستمە تەواوی جیهانی گرتەوە.
ئێمەی میللەتی موسڵمان نەمانتوانی لەو چەشنە گۆڕانکارییانە ئەنجام بدەین و هەروەک خۆمان ماینەوە. ئەمڕۆکە دەستکردەکانی ئەو میللەتانە، گەرا و نوێخوازانە لە چێشتخانەکانماندایە کە وەک کارگەیەک وایە. ناچار دیسانەوە پەنا دەبەینە (کوانوو)ی ئاگر و دار سووتاندن بۆ ئەوەی لە برسا نەمرین یان لە گەرمادا نەسووتێین، لە هاتوچۆیشدا بگەڕێینەوە سەر ئەسپ و هێستر و وڵاغ. تازە نەعلەتییان هێندە لەو دەستکرد و ئامێرانە بووەتە ئامرازی ژیان، کەچی بە “گاور” ناویان دەبەین! زیندەگی خەڵکەکە لایان وایە باوباپیرانمان دروستیان کردووە. ئەو عەقڵییەتە بە (باجی جەهالەت) دەزانم کەوا سەرتاسەری وڵاتە ئیسلامییەکانی گرتووەتەوە و تازە لە دەمارگرژییەکەشدا ساڵ بە ساڵ زۆرتر و بێپەرواتر و دەمارگرژانەتر دەردەکەوێت و جەهالەتی گومڕا هەموو جێگیرتر دەبێت.