د. خالیدە خەلیل
الله اكبر.. تەنیا هاوارێکە، بەڵام ئاسمانێکە بەڕووی هەزاران پرسیاردا کراوەیە!
تەماشای ئەم تابلۆ گەردوونییە بکەن، کە تا ئاستی شۆک سەیر و غەریبە:
بکوژ هاوار دەکات «الله اكبر» و لەو کاتەدا ڕۆحێک دەکێشێت و خوێن لە دەستەکانی دەچۆڕێت.
قوربانییش لە کاتی گیانەڵڵادا هەمان وشە دەڵێتەوە و وشەکە تێکەڵی دوا هەناسەکانی دەبێت.
ستەمکار دەیکات بە دروشمێک بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بە زوڵمەکەی، ئیتر وشەکە لە دەمیدا دەبێت بە چەقۆ.
مەزڵوومیش وەک دوا بانگەواز بۆ دادپەروەری بەرزی دەکاتەوە؛ وەک پەتێکی ڕزگاری کە هەرچی دەستی بۆ درێژ دەکات، لێی دوور دەکەوێتەوە.
دایکێک بە نزا و دەپاڕانەوە بۆ گەڕانەوەی کوڕەکەی بەرزی دەکاتەوە، لە کاتێکدا فرمێسک ڕوومەتی چاوەڕوانی دەکێڵێت.
هەمان کوڕیش بەرزی دەکاتەوە کاتێک دەچێت کوڕی دایکێکی تر بکوژێت و دەنگی لە نێوان ترس و یەقیندا دەکەوێتە لەرزە.
تەنانەت بێدینیش لە ساتەوەختی بێئومێدیی ڕەهادا، ڕەنگە وەک پریشکێکی هیوای شکاو بیتەقێنێت،
بڕواداریش وەک یەقینێکی چەسپاو دەیکات بە وێرد، لە کاتێکدا دڵی وەک گەڵای بەر با هەڵدەلەرزێت.
ئەمە ئەو چرکەساتەیە کە هەموو شتێک تێیدا دەڕوخێت. کاتێک دەنگی ترس، ناڵەی ویژدان کپ دەکات؛ کاتێک خوێن وەک فرمێسکی زەوییەکی بریندار لە دەمارەکانەوە دەڕژێت؛ کاتێک عەجز دەگاتە لوتکە و مرۆڤ هیچی بۆ نامێنێتەوە جگە لە گەروویەکی کراوە ڕووەو ئاسمان. لەو چرکە چارەنووسسازانەدا، یەک هاوار لە هەزاران دەمەوە دەردەچێت: الله اكبر.
هاوارێکی تاقانە، بەڵام بێماناییەکی گەورە دێتە کایەوە.
هاوارێک لە چرکەساتی چارەنووسی هاوبەشدا دەبیسترێت؛ لەو شوێنەی بکوژ و قوربانی لە یەک سەمای مردندا یەک دەگرنەوە، بێتاوان و تۆمەتبار لە هەمان قەفەزی تۆمەتباریدا کۆدەبنەوە، و بڕوادار و بێدین لە هەمان حەیرانیی بوونناسیدا دەژین. جیهان وەک شانۆیەک بۆ یەک ئازار دەردەکەوێت کە هەزار ماسکی پۆشیوە.
ئایا خودا یەک نییە؟
یان ئێمە لەناو سەرگەرانی و ناڕێکییەکانماندا، بۆ هەر کارێک، خودایەکمان لەسەر وێنەی خۆمان تاشیوە؟
خودایەک کە مۆری ڕەوایی لە خوێنی بکوژ دەدات، ڕۆحی قوربانی پێشوازی لێ دەکات، شەرعیەت دەداتە ستەمکار و بەڵێنی تۆڵەی دواخراو بە مەزڵووم دەدات.
ناوێک و ئامانجگەلێکی دژبەیەک… ئایا خودا دابەش بووە، یان مرۆڤ بووە بە چەند کەرتەوە؟
لە ناخی ئەم دابەشبوونەوە، «تەکفیر» لەدایک دەبێت.
تاوانبار، قوربانی تەکفیر دەکات؛ قوربانی، تاوانبار تەکفیر دەکات؛ بەهێز، بێهێز تەکفیر دەکات و زاڵم، مەغدوور.
پرسیارە قورسەکان دەست پێ دەکەن: کافر کێیە و بڕوادار کێ؟ کوفر چییە و ئیمان کامەیە؟ کێ مافی ئەوەی هەیە پسوڵەی ڕزگاری و تیاچوون دابەش بکات؟ چۆن دەبێت مشتێک قوڕ، ببێت بە دادوەر بەسەر مشتێک قوڕی ترەوە؟
مرۆڤ دەکوژرێت، نەک لەبەر ئەوەی تاوانبارە، بەڵکو تەنیا چونکە «جیاوازە»؛ لەبەر ئایین، نەتەوە، یان تەنانەت ڕەگەزەکەی. بکوژیش دەکرێتە ئامرازێکی بێ ڕۆح، مێشکی دەشۆرنەوە کە کوشتن فەرزە و خوێن ڕێگەی ڕزگارییە. بکوژ بە تەنیا ناکوژێت، بەڵکو عەقیدەیەکی شێوێندراو، یان سیاسەتێکی برسی، یان گوتارێکی پڕ لە ڕق کە ماسکی پیرۆزی پۆشیوە، دەستی دەبزوێنن. لەو ساتەدا، نە بکوژ سەروەری کارەکەیەتی و نە قوربانییەکە تەنیا ژمارەیەکە؛ هەردووکیان قوربانیی سیستمێکن کە ناسنامەی کردووە بە چەک و ئیمانی کردووە بە ئامراز.
ئەم پرسیارانە وەک تەمومژێکی چڕ ئاسمانیان گرتووە و هشاشەتی دەسەڵاتی مرۆیی دەردەخەن کاتێک بانگەشەی قۆرخکردنی حەقیقەت و ئەخلاق دەکات بە ناوی خوداوە. ئەو خودایەی لەژێر داروپەردووی ئازاردا دێتە کایەوە، ئەو خودایە نییە کە لە لولەی تفەنگەکانەوە بانگ دەکرێت. ئەو خودایەی لە دڵە وێرانەکانەوە ناو دەبرێت، هەمان ئەو خودایە نییە کە لە پشت مێزە لوکسەکان و کۆشکە بەرزەکانەوە بازرگانیی پێوە دەکرێت. خودا لە جەوهەردا یەکە، بەڵام ڕێگاکانی بەرەو ئەو، بەقەد نییەتەکان زۆرن. ڕەنگە پرسیارە قووڵەکە ئەوە نەبێت: ئایا خودا تاقانە نییە؟ بەڵکو ئەوە بێت: ئێمە کێین کاتێک بانگی دەکەین؟
تەنگژە ڕاستەقینەکە لە زاتی خودادا نییە، لە ئێمەدایە. لەو شێوازەی کە ناوی پیرۆز دەکەین بەو ئاوەی دەستی خوێناویی پێ دەشۆین، یان دەیکەین بەو پەردەیەی دەنگی ویژدانی پێ کپ دەکەین، یان دەیکەین بەو بۆیەیەی پەلامارە وەحشیانەکانی خۆمانی پێ دادەپۆشین.
کاتێک خودا دەبێت بە دروشمێکی سیاسی و کەرەستەیەک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، مانایەکی ڕۆحیی تێدا نامێنێت. ڕاستییە ئەوەیە: ئایینەکان لە جەوهەردا یەکن، چونکە تینوێتییەکە یەکە و مرۆڤایەتی یەکە، ئازار یەکە و یەزدانیش تاقانەیە، چونکە ئامانجەکە یەکە. بەڵام سیاسەت پیرۆزیی پارچەپارچە کرد و ئاسمان بوو بە ئاوێنەیەک بۆ کێشمەکێشەکانی سەر زەوی.
لە دنیایەکدا کە هێز جێگەی حەق دەگرێتەوە، مەترسیدارترین کار ئەوەیە خودا بکەین بە هاوپەیمانێک لە دژی لایەنێکی تر، وەک ئەوەی ئاسمان حزبێکی سیاسی بێت! مافەکانی خودا پارێزراون، بەڵام ئەوە مافەکانی مرۆڤە کە لەژێر ئاڵای تۆڵەسەندنەوە بۆ خودا، ون دەبن. مرۆڤ بە ناوی ئایینەوە دەکوژرێت، وەک ئەوەی خودا پێویستی بە خوێنی ئێمە بێت بۆ ئەوەی پیرۆزیی خۆی بپارێزێت!
کێ ویژدانمان خەبەر دەکاتەوە کاتێک لەژێر قورسایی ئایدۆلۆژیادا خەوی لێ دەکەوێت؟ کێ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ مرۆڤبوونمان کاتێک لەناو تەمومژی ناوەکاندا ون دەبین؟ ئەو خودایەی بانگی دەکەین، گەورەترە لەوەی لە دروشمێکدا کورت بکرێتەوە. ئەو تەنانەت گوێی لە هاواری ئەوانەشە کە نکوڵیی لێ دەکەن… چونکە لە هەر هاوارێکدا گەڕانێک بەدوای ئەودا هەیە، تەنانەت ئەگەر خاوەن هاوارەکە وا بزانێت بەدوای کەسێکی تردا دەگەڕێت.

