رۆژنامەی ھەولێر

پرسی کورد نەتەوەییە، نەک کۆمەڵایەتی

عارف ڕوشدی
پرسی کورد لە بنەڕەتدا پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، چارەسەریشی دەبێت لەسەر بنەمای “کوردایەتی” بێت. لە هەموو پرسێکی نەتەوەییشدا چەمکی “برایەتیی گەلان” بیرۆکەیەکی ناواقیعی و زیانبەخشە؛ چونکە نەتەوە باڵادەست و داگیرکەرەکان، هەمیشە سوود لەم چەمکە وەردەگرن بۆ چەوساندنەوەی زیاتری ئەو نەتەوانەی کە بێدەوڵەتن. بۆ پرسی نەتەوەیی کوردیش لە ئێستا و لە ڕابردوودا، هەوڵە دیپلۆماسی و نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ڕێگای ڕاستەقینە بۆ چارەسەری هەموو کێشە و ئاریشەیەک، ئومێدی زۆریان لەسەر هەڵدەچنریت.
مێژووی گەلی کورد شایەتی ئەوە دەدات کە بەهۆی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و داواکردنی مافە ڕەواکانییەوە، هەمیشە ڕووبەڕووی ستەم، چەوساندنەوە و پێشێلکاریی نامرۆڤانەی داگیرکەران بووەتەوە. ئەم ڕاستییەش پێمان دەڵێت کە پرسی کورد لە بنەڕەتدا پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، نەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی، یان چینایەتی، یان ململانێ لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێ. هەربۆیەش دوژمنان و داگیرکەران کاتێک هێرش دەکەن، جیاوازی لە نێوان بیروباوەڕە سیاسی و ئایینییەکانی تاکەکانی کورددا ناکەن، بەڵکو تەنیا لەبەر ئەوەی “کوردن”، دەکرێنە ئامانج.
لەم سۆنگەیەوە، تاکە ڕێگای سەرکەوتن و گەیشتن بە مافەکانمان، بریتییە لە یەکخستنی هەموو تواناکانمان لە ژێر چەتری ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پشتبەستن بە بیری نەتەوەیی و کوردایەتی. پێویستە خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لەسەر ئەم بنەما پتەوە بەردەوام بێت؛ چونکە ئەزموون سەلماندوویەتی کە هەر ڕێگایەکی تر، جگە لە زیان و لێکترازان، هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
جێگەی پرسیار و نیگەرانییە کە دوای ئەو هەموو کارەسات و ڕووداوە خوێناوییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێشتا لایەنی سیاسی هەبن کە پێداگری لەسەر دروشمی وەک “کۆمەڵگەی دیموکراتیک و برایەتیی گەلان” بکەن. ئەم دروشمە لە ڕابردوودا هیچ دەستکەوتێکی ستراتیژیی بۆ گەلی کورد بەدینەهێناوە و لە داهاتووشدا نایهێنێت. بەڵکو لە زۆر دۆخدا، ئەم جۆرە دروشمانە بوونەتە بیانوویەک بە دەست داگیرکەران و ناحەزانی گەلی کوردەوە بۆ شەرعییەتدان بە سیاسەتی سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی، بەلاڕێدابردنی دۆزی ڕەوای کورد و کەمکردنەوەی لە ئاستی نەتەوەییەوە بۆ ئاستی کۆمەڵایەتی، هەروەها دروستکردنی پاساو بۆ بەردەوامیدان بە داپڵۆسین و کوشتاری کوردان؛ هەروەک چۆن ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە کردەیی دەیبینین.
لە بەرامبەر ئەم دیدگا ناڕوونەی نەیاراندا، سەرۆک مەسعود بارزانی وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی خاوەن ئەزموون، و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە پشتیوانیی جەماوەری گەلەکەمان، ستراتیژێکی ڕوون و کوردانەیان گرتووەتە بەر. ئەوان لە هەوڵێکی بەردەوام و بێوچاندان بۆ گەیاندنی هاوکاری و کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و دروستکردنی گوشارێکی نێودەوڵەتی، تاکو پرسی کورد لەو بەشەی وڵات، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاشتییانە و شەرەفمەندانەدا چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە کە مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکات.
بۆیە ئەرکی هەموو کوردێکی خاوەن ویژدان و بەهەڵوێستە کە پشتگیریی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بکەن و یەکڕێزی و یەکگوتاری لە پرسە نەتەوەییەکاندا بکرێتە سەنتەر؛ چونکە ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێگای ڕاستی خەبات بۆ گەلی کورد، پشتبەستنە بە یەکڕیزیی نەتەوەیی و ستراتیژێکی ڕوونی کوردانە، نەک پەنابردنە بەر دروشمی گشتی و بێناوەڕۆک کە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان ناکات و ڕێگا بۆ دەستێوەردانی دەرەکی خۆشتر دەکات.