گۆهدار شکری ئاکرەیی
ئەگەر سەرنج بدەینە پەیوەندی نێوان چاو و گوێ، کەوا هەردووکیان دوو هەستپێکراون، پەیوەندییەکی تەواوکەریان لەنێوان هەیە، ئەوەتا هەرکاتێ چاو وێنەی شتێک دەبینێ، مەرجە کەسەکە بە گوێیش بیبیستێ بۆ ئەوەی دڵنیا تر بێ. بەپێچەوانەوە، کاتێ گوێ شتێک دەبیستێ، دیتنیشی بە چاو مەرجە، بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر. کەواتە ئەم دوو هەستپێکراوە، پەیوەندییەکی پتەو و تەواوکەریان بە یەکترەوە هەیە، لە هاوکاری و دڵنیاکردنەوەی یەکتر. ئەم نموونەیەشم بۆ ئەوە هێناوە، رێک کاری نێوان ئەم دوو هەستەوەرە زۆر نزیکە لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و هێزە شاراوەکەیدا، کە خۆی مرۆڤ خاوەنیەتی و سەرچاوەی هێزێکی لەبننەهاتووی مرۆڤە، لە جیهانی ناوەوەی مرۆڤەوە دێت، لە دەرنجامی ئیرادەیەکی خۆلەدەستنەدەر، جۆرە وزەیەکت پێ دەبەخشێ، وا هەست بکەیت هیچ بەربەستێک لە جیهانی دەرەوەت، بەرامبەر بەو ئامانجەی کە نیگات بۆ کێشاوە بوونی هەبێت، کەواتە پرسیار لێرەیە؟ چۆن بتوانین پەیوەندیمان لەگەڵ ئەم هێزە، هەروەکو پەیوەندی و هاوکاری نێوان هەردوو هەستپێکراوی چاو و گوێ، بنیات بنێین. کە لە سەرەتا ئاماژەمان پێ کرد، کە ئەم دوو هەستە یەکتر دڵنیا دەکەنەوە و هاوکاریی یەکترن لە کارەکانیاندا. بەڵام بەرلەوەی بە قووڵی بچینە ناو بابەتەکەوە، شتێکی روون و ئاشکرایە هەر شتێک هەبوو، تایبەتمەندیی خۆیشی هەیە. لەبەر ئەوە سەرەتا پێویستە زانیاری و تێگەیشتنی تەواومان لەسەر تایبەتمەندییەکانی ئەم هێزە هەبێت. چونکە تێگەیشتن لە هەر بابەتێک واتە نیوەی ئامانجەکەت پێکاوە. جا بۆ ئەوەی بتوانین دەستمان بگا بە تیشکی ئەم هێزە شاراوەیە، پێویستە زانیاریمان لەسەر تایبەتمەندییەکانی ئەم هێزە شاراوەیە هەبێ.
ئەوەتا لە تایبەتمەندییەکانی ئەم هێزە، بێ هۆکار کار ناکات، بە چاو نابینرێت تا مرۆڤ بتوانێت نیگای بۆ بکێشێ و بناسرێتەوە، تەنیا هەست بە کردارەکانی دەکرێت. لەبەر ئەوەیە زۆر لە ئێمەی مرۆڤ، بێئاگاین لەم هێزە شاراوەیە؛ نەمانتوانیوە خۆمانی لەگەڵ رابهێنن یا پەیوەندی لەگەڵ دروست بکەین، تاوەکو سوودی لێ وەرگرین. کەچی رەنگە رۆژانە یا لە زۆر ساتەکاندا بەسەرماندا هاتبێت و هەستمان بەو جۆرە هێزە کردبێ و بەچاوی خۆمان کاریگەریەکەمان بینیبێت؛ بەتایبەتی کاتێ کەسێک لە دەست ئاژەڵێکی دڕندە، یا لەبەر پیاوکوژێک ڕابکات بۆ ئەوەی خۆی رزگار بکات، تاوەکو بەر گوللە نەکەوێت، خۆیشی نازانی چۆن ئەو هێز و وزە گەورەی بۆ دروست بووە، بۆئەوەی سەلامەت بێت؛ چونکە هەموو وزەی هزری و جەستەییەکەی کۆ بۆتەوە؛ بەمەش ئەو تواناو جورئەتەی بۆ دروست ببێت، کەسەکە بتوانێت لە بەرزایەکی زۆر بڵندەوە خۆی هەڵدا، بیر لە هیچ جۆرە ترسێک نەکاتەوە، چونکە دڵنیا بوون و جورئەتێکی زۆری بۆ دروست بووە، دەتوانێ ئەوکارە ئەنجام بدات. بەپێچەوانەوە ئەگەر هەمان کەس ! لەکاتی ئاساییدا، رەنگە نەتوانێ سەیری ئەم شوێنە بەرزە بکات، کە خۆی تیا هەڵداوە، ببێتە پرسیار بۆی؟ چۆن ئەو توانا و زات و ئازایەتیەی بۆ دروست بووە، لەو بەرزاییە بڵندەوە خۆی لێوە هەڵداوە، لە هەمانکاتدا جێی سەرسوڕمانی ئەوکەسانەش بێ، کە بینیویانە لە کاتی خۆهەڵدانەکە. ئەمەش هەمووی بۆ هاوکاری و پەیوەندی و یەکگرتوی، وزەی هزری و وزەی جەستەیی کەسەکە دەگەڕێتەوە، کەبە هێزی شاراوەی خودی مرۆڤ ناسراوە. کە چۆن هەموو کێشە و ئاستەنگەکان، بچووک دەکاتەوە. کەواتە هەموو ئەمانەش بەڵگەن هەروەکو لە سەرەتاوە ئەماژەمان پێی دا، ئەو هێزە نەبینراوەیە، بێ هۆکار کار ناکات، تەنیا بە کردار هەستی پێ دەکرێت؛ خۆشبەختانە دەکرێ مرۆڤ خۆی لەگەڵ ئەم هێزە ڕابهێنێت، نەک تەنیا لە کاتی ترس و رووداوی نەخوازراو بەکاری بهێنێ، بەڵکو وەک پەیوەندی هەردوو هەستەوەری چاو و گوێ، کە بە بەردەوام یەکتر دڵنیا دەکەنەوە و هاوکاری یەکترن، بە تایبەتی لە بوونی هەر ئامانجێک، یا هەر پێشبڕکێیەکی زانستی و وەرزشی و، هتد، بەکاری بهێنین.
ئیتر رەنگە تەنیا ئەمە بۆچوونی خۆم بێ کە دەڵێم شێوەی بەکارهێنانی ئەم هێزە شاراوەیە، مرۆڤی ئاسایی و مرۆڤی ناودار لێک جیا دەکاتەوە، هەرچی مرۆڤی ناودارە، توانیویانە دەستیان بگا بە تیشکی ئەم هێزە شاراوەیە، پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ ئەم هێزە دروست کردووە. لەو بوارەی هەیەتی لە ژیانی ڕۆژانەیدا.

