فازڵ میرانی
کورد لە واقیعێکدا ژیا و هێشتاش بەشێکی زۆریان -بە جیاوازییەوە- تێیدا دەژین، کە خۆیان و خاکەکەیان لە چوارچێوەی نەخشە نێودەوڵەتییەکانی دوای عوسمانیدا دابەشکراون (جگە لەو بەشەی لکێندرا بە ئێرانەوە). هەموو کورد نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتن، لێیان قەدەغەیە ئەو مافی بەرگرییە پیادە بکەن کە هەموو دەوڵەتێک بۆ وەرگرتنەوەی خاکەکەی دەیکات. تەنانەت ئەگەر بگوترێت ئەمە بە دامەزراندنی دەوڵەت دێتە دی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە تەنیا هەوڵ و ئامانجێکی داهاتووە. نیشتمانی کوردی کاردانەوە نییە، بەرھەمی وەهم یان ئاوسانی نەتەوەیی نییە، بەڵکو مافە، مافێکی زەوتکراو. ئەو دابەشکارییە ڕێککەوتنێک بوو کارەساتی هێنا و بوونی ئێمەی بۆ چەندین نەوە خستە سەر لێواری لەناوچوون یان توانەوە.
لە هەموو پارچەکانی کوردستان و بە درێژایی مێژوو، کورد هەمیشە ئەو پرسیارە ئازاربەخشەی لەخۆی کردووە: بۆچی دەکرێینە ئامانج؟ ئەمەش بووەتە هۆی گوشارێکی دەروونی و هزری. کاتێک بە زۆر کرانە بەشێک لە کیانە سیاسییەکانی دیکە، ئیتر بە حوکمی ناسنامەکەیان وەک نێچیر ڕاو دەنران. دوور لە باسکردنی ئەو مامەڵە گشتییەی کە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەیچێژن کە خاکەکەمانیان دابەشکردووە، بەڵام کورد بە تایبەتی هەمیشە باجی جۆراوجۆری ئازاری بەئامانجگرتنی سیاسییان داوە، ئەوەش بەپێی جۆری ئەو عەقیدە و ئایدیۆلۆژیایەی لەو بەشە دابەشکراوانەدا حوکمی کردووە.
لە سووریا، واتە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی نەتەوەکەمانن و لەنێو درێژکراوەی عەرەبیشدا هەر ڕەسەنن. لەوێ دەردێکی کۆمەڵایەتی هەیە کە سیاسەت بەرگێکی بە بەردا کردووە، ئەمە وای کرد ڕەوشەکە بەرەو داڕشتنی سیستەمێکی حوکمڕانی بڕوات کە توندوتیژی لێ کەوتەوە. چاوەڕوان دەکرا قەیرانێک سەر هەڵبدات، کە تێیدا دەسەڵات لە ئاست گەورەیی مافەکانمان و ئازاری نەتەوەکەماندا نەبێت؛ ئێمە پێشتر لە ئەزموونی خۆماندا لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراق، تاڵاوی ئەم جامەمان نۆشیوە. چونکە مەزاجی سیاسی، تەنانەت ئەگەر لە ئاستی تاکەکەسییشدا کرانەوەیەکی تێدا بێت، هێشتا هەر دیلی بازنەی هزریی خۆیەتی، یان دیلی ئەو عەقیدەیەیە کە ئامانجی سەروەریی دەوڵەتە، بۆیە لە جیاتی چارەسەری ڕیشەیی، باز دەدات و پەنا بۆ ڕێوشوێنی کاتی و پینەوپەڕۆ دەبات کە بەرگە ناگرن.
ڕاستییەکی زۆر تاڵ هەیە لە دەمی ئێمەدا و ڕەنگە ئەو دەسەڵاتدارەش هەست بە تاڵییەکەی بکات ئەگەر بوێرانە ڕووبەڕووی ویژدانی خۆی ببێتەوە- ئەویش ئەوەیە: لەناو ئەو گەلانەی کە دەسەڵاتەکەی بە میرات بۆی ماوەتەوە، گەلێک هەیە کە بەشێکە لە نەتەوەیەکی دیکە و خاکەکەش هەر خاکی ئەوانە. دەوڵەتی سەردەست دەتوانێت دیدی سیاسیی خۆی بەرزتر بکاتەوە و ڕێگەیەک بگرێتە بەر کە لە دڵەڕاوکێ رزگاری بکات؛ ئیتر پێویست نەکات سامانی وڵات لە دەزگای سەرکوتکەر و ئەمنی و پڕوپاگەندەی تەخوینکردن و بۆسەنانەوەدا بە هەدەر بدات.
ئەو واقیعەی ئێمە کاری تێدا دەکەین، فێری کردووین کە بڕیاری سەربەخۆیی ئەگەر لە هەناوی خۆمانەوە بێت و دەرەوە نەی سەپێنێت، بڕیارێکی سەختە. بەڵام ئەمە نابێتە ڕێگر لە بەردەم دەسەڵاتدارانی نوێی دۆسیەی کورد لە سووریا، تا ڕێگەیەکی کورتتر هەڵبژێرن. با لەبری بەرنامەی درێژدادڕ و بێئاکام، خۆیان و ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لەو ڕێگە بێسەقامگیرییانە دوور بخەنەوە، چونکە ئەو بەرنامانە دەرمانی ئەو غەدرە مێژووییە ناکەن کە بێگانە سەپاندی و دەسەڵاتی ناوخۆش کردییە دەسکەوت بۆ خۆی و بۆ ئێمەش بووە مایەی ماڵوێرانی.
ڕاستیی بوونی کورد لە سووریا، وەک خۆر دەدرەوشێتەوە، بەڵام واقیعەکە کەڵەکەبووە و تراژیدییە. سیاسەتی دروست ئەوە نییە ئازاری نەتەوە و گەلەکەمان هێندەی تر قووڵ بکرێتەوە، ئەویش لە ڕێی دووبارەکردنەوەی هەمان ئامانجە کۆنەکان، بەڵام بە میکیاژێکی نوێی سیاسی و پڕوپاگەندەییەوە.

