رۆژنامەی ھەولێر

نۆبڵی ئاشتی بۆ کورد سەرۆک بارزانی و ستراتیژیی ئاشتی

د. خالیدە خەلیل
لە جیهانێکدا ڕیتمی ململانێکان توند و خێرا دەبن و هەلی چارەسەری سیاسی وردەوردە کەم دەبێتەوە، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەک بەهایەک دەردەکەوێت، کە لە ڕێزلێنانێکی ڕەمزی گەورەترە؛ ئاماژەیەکی ئەخلاقی و سیاسییە بۆ ئەو سەرکردە نموونەییانەی، لە ساتەوەختە مێژووییە ئاڵۆزەکاندا، ڕێگەی هێورکردنەوە و سەقامگیرییان هەڵبژاردووە.
لەم سۆنگەیەوە، پاڵاوتنی سەرۆک بارزانی مانایەکی تایبەتی هەیە؛ نەک تەنیا وەک ڕێزلێنانێک لە کاروانی دوودرێژی سیاسیی ئەو، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە زەمەنێکدایە قەیرانەکان تێکەڵ و ململانێکان ئاڵۆز بوون، بە جۆرێک کە توانای ڕێگریکردن لە داڕمان و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێکی بێ‌وێنەیە. سەرۆک بارزانی وەک سیمبولی ئاشتی و پێکەوەژیان و دادپەروەری تەماشا دەکرێت، چونکە توانیویەتی سەرکردایەتییەکی سیاسیی ژیرانە و دیدێکی ئەخلاقی ئاوێتە بکات، تا بەهاکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە کوردستان و عێراقدا بچەسپێنێت.
ڕێزلێنانی جیهانی بۆ کاروانی ئاشتیانەی سەرۆک بارزانی، تەنیا لەم پاڵاوتنەی ئێستادا کورت نابێتەوە، بەڵکوو پێشتر خەڵاتی ئاشتیی (دامەزراوەی دەریای ناوەڕاست)ـی لە ئیتاڵیا وەرگرتووە، وەک ستایشێک بۆ ئەو بانگەوازە بەردەوامەی لەپێناو ئاشتی و پاراستنی مافی مرۆڤدا هەیبووە. ئەو دەمە جەختی لەوە کردەوە کە گەلی کورد، سەرەڕای ئەو هەموو مەرگەسات و ستەمەی چێشتوویەتی، هێشتا دەخوازێت بە ئاشتی بە مافەکانی بگات، نەک لە ڕێی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوەوە. هەروەها زانکۆی (تافتس)ـی ئەمەریکی، خەڵاتی ئاشتی و چالاکیی دیپلۆماسیی پێ بەخشی؛ ئەمەش وەک داننانێک بە ڕۆڵی بەڕێزیان لە چەسپاندنی کولتووری گفتوگۆ و دروستکردنی پردی پەیوەندی لە ناوچەیەکی پڕ گرێ و ئاڵۆزدا. بۆیە کاندیدکردنی ئەمڕۆشی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ترۆپک و ئەنجامێکی سروشتیی ئەو کاروانە دوودرێژەیە، کە تێیدا ئاشتی و گفتوگۆ و دادپەروەریی کردە ڕێبازێکی نەگۆڕ، لە یەکێک لە پڕئاژاوەترین ناوچەکانی جیهاندا.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، یەکێکە لە شکۆدارترین خەڵاتە جیهانییەکان؛ دەبەخشرێتە ئەو کەس و دامەزراوانەی جێدەستیان دیارە لە پتەوکردنی ئاشتی، کەمکردنەوەی ململانێکان، یان چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنی نێوان گەلان. لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا، ئەم خەڵاتە بووەتە سەکۆیەکی ئەخلاقیی جیهانی و تیشک دەخاتە سەر ئەو سەرکردانەی لە جیهانێکی ئاڵۆز و پڕ گرێدا، گفتوگۆیان کردە بەدیلی توندوتیژی و سەقامگیرییان کردە جێگرەوەی پشێوی. زۆرجار ئەم خەڵاتە لە ساتەوەختە نێودەوڵەتییە لێوانلێوەکان لە گرژیدا دەبەخشرێت، تا بیسەلمێنێت ئاشتی تەنیا دروشمێکی خەیاڵیی نییە، بەڵکو بژاردەیەکی سیاسیی هۆشیارانەیە؛ دیدێکی دووربین و ئازایەتیی دەوێت بۆ وەستانەوە بە ڕووی شەپۆلی گرژبوونەوەکاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، ناوی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک یەکێک لەو هێما سیاسییانە دەردەکەوێت کە بە درێژایی چەندین دەیە، هەوڵی چەسپاندنی لۆژیکی دانایی و هاوسەنگیی داوە لە ناوچەیەکدا کە یەکێکە لە پڕئاشووبترین ناوچەکانی جیهان. ئەو سەرکردایەتیی ڕێبازێکی سیاسیی کرد، کە تێیدا هەوڵی دا گەل و هەرێمەکەی لە خلیسکاندن بۆ نێو جەنگ و قەیرانەکان بەدوور بگرێت، ئەوەش سەرەڕای ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و گوشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییە زەبەلاحەکان. بەشداریی کرد لە بنیاتنانی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک پانتاییەکی سەقامگیری و گەشەسەندن لەنێو دەوروبەرێکی هەرێمیی گڕگرتوودا؛ بۆ ئەمەش پشتی بە سیاسەتی کرانەوە و گفتوگۆ بەست و کەنالی پەیوەندیی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکاندا کردەوە کە بەرژەوەندیی جیاوازیان هەبوو، هەمیشەش پاراستنی خەڵکی سڤیل و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی خستە سەرووی ئەولەویەتەکانەوە.
ئەم ڕۆڵە لە بەشداریی سەرۆک بارزانی لە جەنگی جیهانیی دژی تیرۆر جیاناکرێتەوە، بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعشدا؛ لەوێدا کردەی سەربازیی پێویست، ئاوێتەی دیدێکی سیاسی کرا کە جەختی لەوە دەکردەوە: لەناوبردنی توندڕەوی تەنیا بە هێز ناکرێت، بەڵکوو دەبێت لە ڕێی بنیاتنانی سیستەمی حوکمڕانیی دادپەروەرتر، ڕێزگرتن لە فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان و هاوبەشییەوە بێت. هەروەها هەڵوێستەکانی بۆ چارەسەری سیاسی لە قەیرانە هەرێمییەکاندا، بەتایبەت لە سووریا، و جەختکردنەوەی بەردەوامی لەسەر مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی نیشتمانیی کۆکەرەوەدا، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی قووڵە بۆ ڕەگی ململانێکان؛ تێگەیشتن لەوەی کە نەبوونی دادپەروەریی سیاسی، سووتەمەنیی ڕاستەقینەی بەردەوامیی توندوتیژی و ناسەقامگیرییە.
پاڵاوتنی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ڕەنگدانەوەی پێزانینێکی جیهانییە بۆ ڕێبازێکی سەرکردایەتی، کە کەمکردنەوەی زیانی مرۆیی، ڕێگرتن لە داڕمانی گەورە و پاراستنی کەمترین ئاستی سەقامگیریی دامەزراوەیی هەڵبژارد، لە زەمەنێکدا کە دەوڵەت و کۆمەڵگەکان بەتەواوی هەرەس دەهێنن. لە ناوچەیەکدا کە بەرژەوەندییەکان تێکەڵ دەبن و ململانێکان وەک ئامرازی نفوز بەکار دەهێنرێن، پاراستنی ئاشتییەکی ڕێژەیی و بەردەوام، خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێکی سیاسی و ئەخلاقییە.لێرەوەیە، ئەم پاڵاوتنە لە سیاقی مێژوویی ئێستادا، مانای تەواوەتیی خۆی وەردەگرێت. چونکە لە جیهانێکدا کە جەنگە یەک لە دوای یەکەکان و ململانێ درێژخایەنەکان شەکەتیان کردووە، ئاشتی چیتر زیادەگەوییەکی ئەخلاقی یان دروشمێکی ئینشایی نییە، بەڵکو زەروورەتێکی بوونگەراییە بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی ئارام بۆ نەوەکانی داهاتوو. تیشکخستنە سەر سەرکردەگەلێکی وەک سەرۆک بارزانی، کە ڕێچکەی گفتوگۆ و دروستکردنی پردیان گرتە بەر و لۆژیکی سڕینەوە و وێرانکارییان ڕەتکردەوە، تەواو لەگەڵ ڕۆحی دامەزرێنەری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا دێتەوە؛ ئەمەش دیدێکی پڕ ئومێد و ستراتیژێکی ژیرانە دەبەخشێت بە جیهانێک، کە بەدوای دەربازبوونێکدا دەگەڕێت لەو گێژاوە بەردەوامەی توندوتیژی.