د. نعمەت ئەحمەد مزووری
ئەوەی لەو وێنەیەدا تومار کرا، کە کەزیی کچێکی شەڕڤانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان نیشان دەدات. تەنها هەڵوێست و رای ئەو چەکدارە توندڕەوە نەبوو، بەڵکو کارێکی رێکخراوە و، هێما و بیروبۆچوونی رێکخراوێکی تیرۆریستیە، کە دژی کەرامەتی مروڤ بە گشتی و، گەلی کورد بەتایبەتی کراوە؛ بڕینی کەزیەکانی کچێکی شەڕڤانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و، نیشاندانی ئەو کەزیە لە دەست چەکدارێکی توندڕەو کە بە شانازیەوە نیشانی دەدات، دەستدرێژیەکی تەواوە بۆ سەر بنەما بنەڕەتیەکانی مافی مرۆڤ و پیرۆزیەکانی گەلی کورد. ئەو تیرۆریستانە هەموو پێوەرەکانی رەوشت و ئەخلاقیان بەزاندووە. لە فەرهەنگی کوردەواریدا کەزی تەنها بەشێک نیە لە جەستەی ژنی کورد، بەڵکو هێمای شەرەفە، ناسنامەیە، هێزی ژنە؛ ئەم کردەوەیە بەئەنقەست و هۆشیارانە کروەا، بو زەلیلکردنی ژن و، بێڕێزیکردن بە بەها پیرۆزەکانی گەلی کورد،. ئەم کردەوە وەحشیانە ئەشکەنجەی دەروونیە بوو هەموو گەلی کورد. هەروەها توندوتیژی و، دژمنایەتی و شکاندنی کەسایەتی و سڕینەوەی ناسنامە و کولتوری گەلەکەمانە. هەموو جیهان شایەتن کە ئافرەتانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت لە ساڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، رۆڵێکی گەورەی هەبووە، کە ئەو کات هێزی تیرۆریستان گەورەتر بووە لە پێداویستیەکانی شەڕ کە لە بەردەستی شەڕواناندا هەبووە، بەڵام ئەوان لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بۆ پاراستنی خاک و کەرامەتی گەلی کورد وەکوو شاخێکی پتەو خویان راگرت؛ خەڵکی سڤیلیان لە دەستی پیس و چەپەڵی تیرۆریستان پاراست؛ لەم پێناوەدا خوێنێکی زۆریان بەخشی.
ئەم تیرۆریستانە تەنها دژمنی گەلی کورد نین بەڵکو دژمنی هەموو مرۆڤایەتین، بە تایبەت دژمنی ئازادیی ژنانن. بڕینی کەزی پەیامێکی ناشیرینە و، بیروبۆچوونی پیس و چەپەڵی ئەوانە بو ترساندنی ژنی ئازاد، بو گەڕاندنەوەی ژن بۆ بێدەنگی و ملکەچی؛ بۆ ناو تاریکستانی دەسەڵاتی تیرۆریستان، هەتا وەک کۆیلە وکاڵا بەکاری بێنن و، لە نێوان خۆیاندا کڕین و فرۆشی پێوە بکەن و، لەگەڵ یەکتر ژنگۆڕکێ بکەن! ئەو کردەوەیە وەحشیانەی ئەو تیرۆریستانە لە رۆژئاوای کوردستان دەیکەن، سەرکەوتن نیە، بەڵکوو دانپێدانانە بە لاوازیی خویان، ئەگەر بە هاوکاریی وڵاتانی نەیارانی کورد نەبێت، تیرۆریستان ناتوانن یەک رۆژ لە بەرامبەر پێشمەرگە و شەڕڤانان خۆیان رابگرن.
ئەو دڕندایەتیە، سەلمێنەری رق و کینە و ئایدۆلۆژیای پیسیانە و، بە بڕینی کەزی و، شێواندنی جەستە دەری دەبڕن؛ ئەو دڕندە و وەحشیانە با باش بزانن کە گەلی کورد لەوە گەورەترە کە بەو کردەوە قێزەونانە، ئێمەی کورد بترسێنن؛ ئێمە دەست لە مافی خومان هەڵناگرین.
لەوانەیە بتوانن کەزیەی شەڕڤانێک و سەری پێشمەرگە قارەمانێک ببڕن و جەستەیان بشێوێنن و سیڤیل و خەڵکی لاشەڕ و بێتاوان کومەڵکوژ بکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن و خاکی بکەن. ئەم کردەوە وەحشیانەی ئەو چەکدارانە سەرپێچیەکی روون و ئاشکرای مافی مروڤە و، بیڕێزیە بەرامبەر ژنانی جیهان. خوازیارین هەموو جیهان لەسەر ئەم کردەوە نامروڤانەی دەرهەق بە گەلی کورد کراوە بێتە دەنگ و، رێگایان لی بگرێت؛ چونکە ئەم تیرۆریستانە دژی هەموو مروڤایەتین. ئەمڕۆ دەستیان گەیشتووەتە شەڕڤانان لە رۆژئاوای کوردستان، بەیانی لە هەر شوێنێک دەسەڵاتیان هەبێت کارەسات دروست دەکەن (جەنابی سەروک فەرمووی بۆ ئێمە لە هەموو شتێک پیروزتر کەرامەت و هەبوونی کوردە؛ هەرشتێک پێویست بێت بۆ پاراستن و کەرامەتی گەلی کوردستان ئێمە ئامادەین بیکەین)؛ فەرمایشەکەیان دڵگەرمیی بە هەموو کوردستانیان بەخشی.

