لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
ونبووەکان
ون بوونە؛ ڕەنگە ونیش نەبووبێتن. هەرچۆنێکبێت لە شوێنێکی دنیادان. جگە لەو پاڵتۆ و سەگەی لە ئەوانیتر گەورەترن، زۆربەیان گچکەن. لە شتە گچکەکان، ئەڵقەیەک و قۆپچەیەکی ون بوونە. لە ڕاستیدا ئەوان تەنیا لەکن من نینە، واتە لەو شوێنەی منی لێم، لەوێ نین، بەڵام ونیش نەبوونە. چوون بۆ شوێنێکی دیکە، لای کەسێکی دیکە؛ هەڵبەتە لەوانەیە، بەڵام ئەگەر لای ئەوی دیکەش نەبن، کەواتە ئەوە مانای ئەوەیە هێشتا ئەڵقەکە لەگەڵیدایە، لەوێیە، تەنها ئەوەیە کە من لەوێ نیم. قۆپچەکەش هەر وا، هێشتا لەوێیە، لەو شوێنەی منی لێ نیم.
دایک
کچە چیرۆکێکی نووسی؛ دایکی کردیە جواب: «ڕۆمانێکت نووسیبایە باشتر نەبوو؟».
کچە ماقڵەیەکی دروست کرد؛ (ماقڵە: خانووی منداڵانە). دایکی هاتە دەنگ: «ئەگەر خانوویەکی ڕاستی بووایە زۆر باشتر دەبوو.».
کچە کڵاوێکی بۆ باوکی دوری؛ دایکە گوتی: “لێفەیەکت دوریبا باشتر نەبوو؟” کچە چاڵێکی گچکەی لەناو باخچەکە هەڵکەند؛ دایکە وتی: «باشتر نەبوو چاڵێکی گەورەترت هەڵبکەندبایە؟»
کچە چاڵێکی گەورەتری هەڵکەند و چوو لەوێدا بنوێت؛ «زۆر باشتربوو خەوی خێرت بووایە و هەر ڕاست نەبایەیتەوە.»؛ ئەوە قسەی دایکی بوو!
پێکەوەژیان
پێکەوە لێرە دانیشتووین، من و کۆئەندامی هەرسم. من لەسەر کتێبەکەم کار دەکەم، ئەو خەریکی هەرسی فراڤینەکەی نیوەڕۆیە وا کەمێک لەمەوبەر خواردوومە.
هاوڕێی بێزارکەر
لەو هاوڕێیانەی دەیانناسم، تەنیا چواریان لێ بێزارکەرن. ئەوانی دیکە زۆر سەرنجڕاکێشن. هەڵبەت لە ڕوانگەی زۆربەی هاوڕێ سەرنجڕاکێشەکانمانەوە، ئێمە بێزارکەرین، زۆربەی هاوڕێ سەرنجڕاکێشەکانمان، پێیان وایە ئێمە بێزارکەرین. سەرنجڕاکێشەرترینیان ئێمەیان پێ لە هەمووان بێزارکەرترە. لەوانە بەگومانم کە مامناوەندن و لە بەرامبەردا یەکتریمان خۆش دەوێت: نازانین ئەوان ئێمە بە سەرنجڕاکێشتر دەزانن یان ئێمە ئەوان بە سەرنجڕاکێش دەزانین.
سەگ
سەگە داماوەکەیان نەویست، دایان بە ئێمە. بەرەودواوەمان برد. دارێکمان بە سەریدا کێشا و بەستمانەوە. وەڕی، مڕاندی و ئامبازمان بوو. بۆمان بردنەوە. ماوەیەک لای خۆیان بوو. پاشان دایان بە شەڵتەرێکی چاودێریکردنی گیانداران. سەگەکەیان بردە ناو کوختە سەیەکی کونکونەوە، تەختی زەویەکەی چیمەنتۆ بوو. سەردانیکەران دەهاتن و تەماشایان دەکرد. چوارپێ لەسەر چیمەنتۆکە وەستابوو. کەس نەیدەویست. بێئەسڵوفەسڵ بوو.
بۆ خۆی نەیزانیبوو. دیسانەوە سەگی دیکەیان بۆ شەڵتەرەکە هێنا. شوێنیان نەبوو. بردیانە ژووری بەرەڵڵاکردن تا بەرەلڵای بکەن. دەبوو لەگەڵ سەگەکانی دیکە ڕۆیشتبا. بازی دا، بە بینینی سەگەکانی دیکە بێتاقەتی دایگرت و ترسا. دەرزییەکیان لێ دا. لەو شوێنە جێیان هێشت؛ کەوتبوو، چوون تا سەگێکی تر بێنن. هەموو سەگە تۆپیوەکانیان پێکەوە برد تا دەست بە کاتەوە بگرن.

