د. خالیدە خەلیل
لە قۆناغی ئێستادا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی شلۆقی سیاسیی بێوێنەدا تێدەپەڕێت، کە تێیدا قەیرانە ناوخۆیییەکان لەگەڵ ململانێ هەرێمییەکان و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان تێکەڵ دەبن؛ ئەمەش وا دەکات ئایندەی گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا گرێدراوی داڕشتنەوەی خودی پێکهاتەی دەوڵەت بێت، نەک تەنیا گۆڕینی نوخبەکان یان هاوکێشە کاتییەکانی هێز. چونکە ڕووداوە خێراکان، لە ململانێ کراوەکانەوە بگرە تا هەوڵەکانی خۆجێگیرکردنەوەی هەرێمی، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو سیستەمە سیاسییە ناوەندییانەی لە سەدەی ڕابردوودا دروست بوون، چیتر توانای لەخۆگرتنی فرەیی کۆمەڵایەتی؛ یان بەڕێوەبردنی ململانێکانیان نەماوە، بەبێ ئەوەی بەرەو پشێوی یان هەڵوەشانەوە دابخزێن.
لە سێبەری ئەم دیمەنەدا، کێشەی نەبوونی سیستەمی دیموکراسیی فیدراڵیی ڕاستەقینە، وەک یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی بەردەوامیی قەیرانەکان دەردەکەوێت. چونکە ئەو دەوڵەتانەی لەسەر بنەمای فرەییی ئایینی و نەتەوەیی و کولتووری دامەزراون، وەک ئەوەی لە سووریا، لوبنان، یەمەن و عێراق دەبینرێت، خۆیان لەنێوان ناوەندێتییەکی دەسەڵاتخوازدا دەبیننەوە کە لە سەپاندنی سەقامگیریدا دەستەوەستانە، لەگەڵ بۆشایییەکی سیاسی کە لەلایەن هێزەکانی دەرەوەی دەوڵەت یان لایەنە هەرێمییەکانەوە بۆ فراوانکردنی نفوزیان دەقۆزرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، هەر پڕۆسەیەکی گۆڕانکاری کە نەبێتە هۆی دیموکراسییەکی دامەزراو لەسەر سیستەمێکی فیدراڵیی کارا، هەمیشە ئەگەری شکست و پاشەکشەی لێ دەکرێت، هەرچەندە ئەنجامەکانیشی ساتەوەختی، یان قۆناغبەندی دیار بن.
ئەم واقیعە بە ڕوونی لە سیاقی هەرێمیی ئێستادا دەردەکەوێت، کە ناوچەکە هەڵکشانی ململانێکان بە وەکالەت، گۆڕانی نەخشەی هاوپەیمانێتییەکان و کێبڕکێیەکی توند لەسەر نفوزی سیاسی و ئەمنی بەخۆوە دەبینێت. ئەم داینامیکانە بوونەتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی دابەشبوونە تایفی و نەتەوەیییەکان و بەکارهێنانیان وەک ئامرازێک لە ململانێی هەرێمیدا؛ ئەمەش ڕێگر بووە لە دروستبوونی ڕێڕەوی نیشتمانیی سەربەخۆ بەرەو دیموکراسی. بە جۆرێک لەبری ئەوەی دەوڵەت چوارچێوەیەکی کۆکەرەوە بێت بۆ هاووڵاتییانی، لە زۆر حاڵەتدا گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێکی ململانێی کراوە کە تێیدا بەرژەوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان یەک دەبڕن.
لەم چوارچێوەیەدا، پەرەسەندنەکانی دۆسیەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و فراوانبوونی مەوداکەی و گۆڕانی بۆ دۆسیەیەکی نێودەوڵەتی، هاوکاربووە لە ڕیزبەندکردنەوەی ئەولەویەتەکانی ناوچەکە، وەک هۆکارێکی کاریگەر لە هاوکێشەکانی ئاسایشی هەرێمیدا. ئەمەش لە هەڵکشانی گرژییەکان لەسەر زیاتر لە بەرەیەک ڕەنگی داوەتەوە، هەروەها لە بەکارهێنانی ململانێکە لەناو حساباتی ناوخۆیی و هەرێمیی جیاوازدا؛ ئەم کارە ئاڵۆزیی دیمەنە سیاسییەکەی زیاتر کردووە و بووەتە هۆی لاوازکردنی دەرفەتەکانی گۆڕانی دیموکراسی لەو وڵاتانەی کە خۆیان لە بنەڕەتدا بەدەست ناسکیی دامەزراوەکانیانەوە دەناڵێنن. ئەم گۆڕانکارییە وەک درێژکراوەی ڕێڕەوێک دێت کە لە ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ـەوە دەستی پێ کردووە، کە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی ناوچەکەدا؛ چونکە چەمکەکانی ئاسایشی پێناسە کردەوە و ناوچەکەی خستە قۆناغێکی نوێ لە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی، جەنگەکان و داڕشتنەوەی هاوپەیمانێتییەکان. ئەو ڕووداوانە بوونە هۆی گۆڕانکاریی بەشەکی لە پێکهاتەی سیستەمی هەرێمیدا، چ لەسەر ئاستی دەوڵەتان بێت یان بزووتنەوە سیاسییەکان و گوتاری ئەمنی. وا لەگەڵ دۆسیەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـیشدا، سیمای ئەم ڕێڕەوە تەواو بوو، تاوەکوو نەخشەی بەشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی دیمەنێکی هەرێمی بکێشێتەوە کە هێشتا لە دۆخی شلۆقی و ناسەقامگیریدایە.
لەسەر ئاستی هەرێمی، هێشتا ململانێ لەنێوان ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسیی موحافزکار -کە هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتیان دەدەن بە پشتیوانیی دەرەکیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ- و لەنێوان هێزە مەدەنییە دیموکراسییەکاندا -کە هەوڵی پاڵپێوەنانی چاکسازیی سیاسیی قووڵ دەدەن- بەردەوامە. بەڵام ناهاوسەنگیی تەرازووی هێز، لەگەڵ دەستێوەردانە هەرێمییەکان، ڕێگر بوو لەوەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە ببێتە ڕێڕەوێکی دیموکراسیی ڕوون، تاوەکوو زۆرێک لە دەوڵەتان لە دۆخی «نە جەنگ و نە ئاشتی» و نە دەوڵەت و نە پشێویی تەواوەتیدا بمێننەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا، هەندێک لە هێزە گەورەکان لە ڕوانگەیەکی پراگماتیی تەسکەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، کە تەرکیز دەخاتە سەر بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لەبری چارەسەرکردنیان، لەخۆگرتنی دەرهاویشتەکانی ململانێ لەبری چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەکەی. بەڵکوو هێشتا ئەو باوەڕە لای هەندێک لە ناوەندەکانی بڕیارسازاندا باوە کە ناوچەکە، بەو ئاڵۆزییە ئایدۆلۆژی و مێژووییانەی هەڵیان دەگرێت، گۆڕەپانێکی شیاوە بۆ وەبەرهێنانی ستراتیژیی درێژخایەن، جا لە ڕێگەی نفوزی سەربازییەوە بێت یان سیاسی و ئابووری؛ ئەمەش ئەو دوودڵییە نێودەوڵەتییە ڕوون دەکاتەوە لە پشتیوانیکردنی گۆڕانکاریی دیموکراسیی ڕیشەیی کە ڕەنگە هێزی خاوەن بڕیاری سەربەخۆ بەرهەم بهێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا، دیموکراسیی فیدراڵی (اتحادی) کە لەسەر بنەمای دەستوور و سەروەریی یاسا دامەزراوە، وەک واقیعیترین بژاردە بۆ دەرچوون لە دۆخی داڕزانی (استنزاف) هەرێمیی درێژخایەن دەردەکەوێت. چونکە ئەمە ئەو چوارچێوەیەیە کە توانای دابەشکردنەوەی دەسەڵاتی هەیە لەنێو دەوڵەتدا، هەروەها زامنکردنی بەشداریی پێکهاتە جیاوازەکان لە حوکمڕانیدا و کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی دەستێوەردانی دەرەکی لە ڕێگەی بنیاتنانی شەرعییەتێکی ناوخۆیییەوە. هەروەها دەروازەیەکیشە بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندیی نێوان ناوەند و هەرێمەکان لەسەر بنەمای هاوبەشی نەک پاشکۆیەتیکردن، ئەمەش لەگەڵ سروشتی کۆمەڵگە هەمەچەشنەکان (خاوەن فرەپێکهاتەکان)ی ناوچەکەدا دەگونجێت.
دۆخی عێراق نموونەیەکی زیندوو لەسەر ئەم ئاڵنگارییە هەرێمییە تێکەڵاوە پێشکەش دەکات. سەرەڕای پەسەندکردنی سیستەمی فیدراڵی بە شێوەیەکی دەستووری لە ساڵی ٢٠٠٥دا، بەڵام جێبەجێکردنی بەهۆی ململانێ ناوخۆیییەکان و گوشارە هەرێمییەکانەوە بە ناتەواوی مایەوە، کە هەوڵی ئاڕاستەکردنی ڕێڕەوە سیاسییەکەی عێراقیان دەدا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. ئەمەش بووە هۆی لاوازکردنی ئەزموونی فیدراڵی و گۆڕینی لە پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی فرەییی سەقامگیرەوە بۆ گۆڕەپانێکی کێشمەکێشی هەرێمیی کراوە، کە دەرهاویشتەکانی لەسەر ئاسایش و ئابووری و سەقامگیری ڕەنگی دایەوە.
بۆیە پێویستییەکی بەپەلە دەردەکەوێت بۆ گەڕاندنەوەی ئیعتیبار بۆ فیدراڵیزم وەک بژاردەیەکی نیشتمانیی کۆکەرەوە لە ڕووی دەستووری و دامەزراوەیییەوە بە جۆرێک کە ڕێگە لە بەکارهێنانی بگرێت لە ململانێی هەرێمیدا. لێرەدا ناکرێت ڕۆڵی مێژوویی «پارتی دیموکراتی کوردستان» فەرامۆش بکرێت، کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە یەکێک بووە لە یەکەمین هێزە سیاسییەکان کە بانگەشەی بۆ «دیموکراسی بۆ عێراق و حوکمی زاتی (ئۆتۆنۆمی) بۆ کوردستان» دەکرد، ئەمەش لە سۆنگەی تێگەیشتنی بۆ تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی عێراقی و فرەیییەکەی. پارتیش باجی ئەم بژاردەیەی لە خوێنی ڕۆڵەکانی داوە، بەو باوەڕە چەسپاوەی کە ئازادی ئەو بنەمایەیە دیموکراسیی لەسەر بنیات دەنرێت، دەوڵەتی دادپەروەر تەنیا لەسەر دانپێدانان بە فرەیی و پاراستنی دادەمەزرێت.
لە چوارچێوەی لێکدانەوەکانی ئاسایشی نەتەوەییی هەرێمیدا، پرسی قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا یەکێک لە کۆڵەکە جەوهەرییەکانی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک دەهێنێت. چونکە بوونی هێزی چەکدار لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت، نەک تەنیا ئاڵنگارییەکی سەروەریی ناوخۆیی دروست دەکات، بەڵکوو ناهاوسەنگییەکی هەیکەلی لە تەرازووی ئاسایشی هەرێمیدا دێنێتە کایەوە؛ چونکە ئەم هێزانە دەگۆڕێن بۆ بکەری سنووربەزێن کە دەکرێت لە ململانێکانی نفوزدا بەکار بهێنرێن، و وەک کەناڵی ناڕەسمی کار دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانی نێوان دەوڵەتان. شکستی دەوڵەتانیش لە سەپاندنی قۆرخکاریی شەرعیی خۆیان بۆ بەکارهێنانی هێز، سیستەمەکانی بەرپەرچدانەوە (الردع) لەناو دەبات و بەرگریی دەوڵەت لاواز دەکات و دەرگا بەڕووی پەرەسەندنێکی ئەمنیی فراواندا دەکاتەوە کە ڕەنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێمی یان جەنگی ناهاوتای خاوەن دەرهاویشتەی نەخەمڵێنراو پەرە بسێنێت.
لە ژینگە هەرێمییەکیشدا کە خۆی لە بنەڕەتدا بە تێکەڵبوونی بەرەکان و تێکهەڵکێشانی ڕێڕەوە ئەمنییەکان ناسراوە، بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت ئاستی مەترسییە ستراتیژییەکان بەرز دەکاتەوە، ناکۆکییە ناوخۆیییەکان دەگۆڕێت بۆ قەیرانی هەرێمیی کراوە و وای لێ دەکات هەر پریشکێکی ناوخۆیی ببێتە هۆکارێک بۆ ئەگەری هەڵگیرساندنی ململانێی فراوانتر کە هەڕەشە لە ئاسایشی بەکۆمەڵی تەواوی ناوچەکە بکات. لەسەر ئەم بنەمایە، سەرکەوتنی ڕێڕەوەکانی گۆڕانی سیاسی و دیموکراسی، بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی بەستراوەتەوە بە بنیاتنانەوەی دەوڵەت وەک تاکە مەرجەعی ئاسایش و بەرگری، لە چوارچێوەیەکی دەستووری و یاساییی ڕووندا، کە ناوخۆ قاییم بکات و ڕێگە لە خزین بەرەو جەنگی داڕزانی درێژخایەن بگرێت.
کەواتە دیمەنی هەرێمیی ئێستا دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی یەکلاکەرەوە: یاخود بەردەوامبوون لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە چوارچێوەی سیستەمە ناوەندییە قەیراناوییەکاندا کە وزە بە ململانێ دەدەن و بانگهێشتی دەستێوەردانی دەرەکی دەکەن، یان گواستنەوە بۆ سیستەمی دیموکراسیی فیدراڵی کە توانای بەرهەمهێنانی سەقامگیریی هەبێت لە ناوەوە و بنیاتنانی پەیوەندیی هەرێمیی هاوسەنگتر. لە ڕۆشنایی ئەزموونە کەڵەکەبووەکاندا، ئەمڕۆ فیدراڵیزمی دیموکراسی بژاردەیەکی تیۆری نییە، بەڵکوو پێویستییەکی سیاسی و ئەمنییە بۆ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمایەکی بەردەوامتر.

