هاودەنگ فارووق
با ئەوەتان بیر بخەمەوە، لە سەرەتای ئاڵۆزییەكانی سووریاوە، ئەوكاتەی ئاڵوگۆڕەكان گەیشتە ناوچە كوردییەكان، وەك ئەركی ئەخلاقی و كوردانە، هەرێمی كوردستان درێغی نەكردووە و هەمیشە لە ئاستی هەرە باڵاوە، ئامۆژگاری لایەنی كوردی كردووە و كۆمەكی سیاسی و مرۆیی پێشكەش كردووە.
لەوكاتەیش تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كۆبانێ، بە فەرمانی سەرۆك بارزانی، پێشمەرگە بە ئاڵای كوردستانەوە سنووری سێ دەوڵەتی بەزاند و بەهەماهەنگی ڕۆڵەكانمان، ئەفسانەی داعشی تێكشكاند.
لە باری سیاسی و دیپلۆماتی و مرۆیی و گواستنەوەی ئەزموونیشدا، سەرۆك بارزانی لە هەولێر و دهۆك، چەندین جار سەركردەی هێزە سیاسییەكانی ڕۆژئاڤای كۆكردەوە (بەتایبەتی پەیەدە)، بە مەرجی یەكڕیزی و پاراستنی یەكدەنگی كورد و پێكەوەكاركردن، پێی گوتن: «ئێوە مەچنە بەردەم هیچ حكوومەتێكی دنیا؛ ئاخر ئەوان چیتان پێ دەدەن؟ وەرن ئێمە هاوكاریتان دەكەین، تەنها مەرجمان ئەوەیە، یەكگرتوو بن».
هەرێمی كوردستان وەك تاكە قەوارەی دەستووری كورد لە ناوچەكەدا، وێڕای ئەركەكانی خۆی، بەڵام پێویستە هەم لە ئاستی چاوەڕوانی نەتەوەیی كورددا بێت، هەمیش پابەندی ئیلتیزامە یاسایی و پرسە نێودەوڵەتییەكان بێت، لەو نێوەندەدا هاوسەنگی بپارێزێت. ئەوەی زۆر گرنگە: كورد بە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازییەكانییەوە، پارێزگاری لە سەقامگیریی و مانەوەی هەرێمی كوردستان بكات. نابێت بە هیچ شێوەیەك ئەم قەوارەیە بخرێتە نێو ململانێیەكەوە كە لە تواناكانی خۆی گەورەتر بێت.
ئێستایش كە ئاڵوگۆڕیكی دراماتیكی لە ئارادایە و هەموو فشارەكان لەسەر ناوچەكانی ڕۆژئاڤای كوردستان چڕكراونەتەوە، هەرێمی كوردستان لە ئاستی جەماوەری، میللی و لە ئاستی فەرمیشدا، درێغی نەكردووە. دامودەزگا سیادییەكانی كوردستان لەسەر خەتن و لە پەیوەندی بەردەوامدان، بۆ ئەوەی زامەكە نەگاتە سەر ئێسك و زیانگەیاندن بە ڕۆڵەكانمان لە ڕۆژئاڤا، بە شێوەیەك كە تایبەتمەندی دەڤەرەكانی كوردستانی ڕۆژئاڤا بپارێزرێت.
سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دوایەمین پەیامی خۆیاندا، جەختیان لەوە كردەوە كە: «بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین كورد لە زێدی خۆیان ژیانیان بكەوێتە مەترسییەوە، ئەو شەڕەش كە ئێستا لە دژی كورد بەرپاكراوە، مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعشی بە ئەگەری زۆرەوە هێناوەتەوە ئاراوە.
ڕاستییەكەی بە سەرنجدان لە قەبارەی گۆڕانكارییەكان و ئەوەی هاوكێشەكان دەیسەپێنن، هەرێمی كوردستان وەك لایەنێكی ناوەندگیرو ئاشتیپارێز، ئەوەندەی لە دەست دێت هەوڵ دەدات ئەوە ڕزگار بكات كە دەتوانرێت ڕزگاری بكرێت؛ ئەوەش پاڵپشتی خۆڕاگری و توانای خەڵكی گیانفیدای ڕۆژئاڤای كوردستان.
سەرۆك بارزانی لە دوایەمین پەیامیدا دەڵێت: « پێویستە دوور لە عاتیفە بڕیار بدرێت». ئەوەش لەو ڕاستییەوە سەرچاوەی گرت، چونكە بچووكترین هەڵە، ناوچەكە دووچاری مەترسی جەنگێكی وێرانكەر دەكاتەوە، كە دواجار لە دەستی هەمووان دەردەچێت.

