عومەر چنگیانی
لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی بۆ هەینی ڕابردوو كە دەیكردە 27ی رەجەبی 1447ی كۆچیی بەرانبەر بە 16/1/2026 دوو ناونیشانی گرنگ خرایە بەردەستی مامۆستا بەڕێزەكان تا لەڕێگەی دوانگەی مزگەوتەكانی كوردستانەوە هەر مامۆستایەی سەرپشك بێت لە بەگویدان و بیرهێنانەوەی هەریەكێكیان بۆ نوێژکەرە بەڕێزەكان، كە من لەلای خۆمەوە تیشكم خستە سەر بابەتی ناڕەوایەتی مرۆڤكوشتنی بەناهەق، كە ئەمە پوختەكەیەتی و هاوكات پوختەی گوتارەكەی تریش دەخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز.
ناونیشانی یەكەم: مەردمكوژی بە ناهەق
خوی گەورە لە حەفتاهەمین ئایەتی سوورەتی (ئیسرا)دا دەفەرمێت: (بەڕاستی ئێمە ڕێزمان لە مرۆڤ گرتووە و بگرە ڕێزی ئەوانمان داوە بەسەر زۆربەی بوونەوەر و دروستكراوەكانی تردا). پیغەمبەریش، دروود و سەلامی خوای لەسەر بێت، لە فەرموودەیەكی دروستدا دەفەرمێت: (نەمانی دنیا لای خوا ئاسانتر و كەمئەرزشترە لە كوژرانی كەسێكی مسوڵمان).
موسڵمانانی خۆشەویست، لە ڕاستیدا مرۆڤ ڕێزدارترین دروستکراوی خودایە و، ئایینی ئیسلام لە چەندین دەقی پیرۆزدا جەختی لەسەر پاراستنی نەفسی مرۆڤ و حورمەت و کەرامەتی کردۆتەوە و، فەرمانی کردووە بە پاراستنی گیان و ماڵ و سامان و نامووسیان، چونکە ئەمانە لە مەبەستە گەورەکانی شەریعەتن و، خودا و پێغەمبەرەکەی ئاگاداریان کردووینەتەوە لە دەستدرێژیکردنە سەریان.
تاوانی کوشتنی بە (ناحەق): خوای گەورە مرۆڤی لە جوانترین شێوەدا خەڵق کردووە و، ڕێزی لێناوە بە نیعمەتەکانی عەقڵ و ڕۆح و ئیرادە، بەبێ گوێدانە زمان و نەتەوە و تائیفەکەی و، کوشتنی یەک نەفسی هاوتا کردوە بە کوشتنی هەموو خەڵکی. ئیسلام مافە سەرەکییەکانی مرۆڤی پاراستووە و، دەستدرێژیکردنە سەر ژیانی، بە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکان داناوە لە دوای هاوبەش دانان بۆ خودا.
بەڕێزان ئەوەی لەم دواییانە لە حەلەب ڕووی داوە و ڕوو دەدات، لە خودی خۆیدا تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان و بێدیفاعی هاوڵاتیی کورد و، پاکتاوی نەژادییە و، پێچەوانەی بنەماکانی برایەتیی ئایینی و هاوڵاتیبوونە.
مافی بەرگریکردن لە نەفس و خاک: ئیسلام مافی بە مرۆڤ داوە بۆ بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی و، یەکێک لە گرنگترینیان بریتییە لە بەرگریکردن لە نەفس و خاک و ئایینی خۆی. پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، فەرموویەتی: (هەركەسێك لە كاتی بەرهەڵستیكردن لە سامانی خۆیدا بكوژرێت شەهیدە و هەركەسێك بۆ بەرهەڵستیكردن لە خوێنی خۆی بكوژرێت شەهیدە و هەركەسێك بۆ بەرهەڵستیكردن لە خانەوادەكەی بكوژرێت شەهیدە). بەرگریکردن لە نەفس و نامووس و نیشتمان جیهادێکی ڕەوایە، بەڵام مەرجدارە بە دەستدرێژینەکردن و سنوورنەبەزاندن.
سەرەنجامی ستەمکاران: هەرکەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر گیانی خەڵکی بە ناهەق، ئەوا خودا هەڕەشەی سزایەکی سەختی لێ کردووە لە دنیا و دواڕۆژدا. دادپەروەری و میهرەبانی بنەمای مامەڵەکردنن لەنێوان خەڵکیدا و، ستەمکردنیش هۆکارە بۆ وێرانبوونی وڵات و لەناوچوونی نیعمەتەکان.
ناونیشانی دووەم: هەڵوەستەیەک لەگەڵ موعجیزەی ئیسرا و میعراجدا:
خودای گەورە لە یەكەم ئایەتی سوورەتی (ئیسرا)دا دەفەرمێت: (پاكوبیگەردی و گەورەیی بۆ ئەو خوایەیە كە شەوڕەوی كرد بە بەندەكەی خۆی لە مزگەوتی حەرامەوە بۆ بۆ مزگەوتی ئەقسا ئەو مزگەوتەی كە فەڕ و بەرەكەتمان ڕشتووە و باراندووە بەسەر دەوروبەریدا و ئەو شەو ڕەویەمان پێكرد تا چەندین نیشانە لەنیشانەكانی گەورەیی خۆمانی نیشان بدەین). بەڕاستی ئیسرا و میعراج لە گەورەترین موعجیزەکانی پێغەمبەرەکەمانە، دروود و سەلامی خوای لەسەر، گەشتێکی خودایی بوو بە ڕۆح و جەستە کە خودای گەورە تایبەتی کردبوو بە پێغەمبەری ئازیزمان. لە مزگەوتی حەرامەوە شەوڕۆیی پێکرا بۆ مزگەوتی ئەقسا، پاشان بەرەو ئاسمانەکان بەرزکرایەوە تا گەیشتە “سدرة المنتهى” و لە نیشانە گەورەکانی پەروەردگاری بینی. ئەم ڕووداوە وەک ڕێزلێنانێک بوو بۆ پێغەمبەر – دروود و سەلامی خوای لەسەربێت – دوای ئەو ئازار و پشتگوێخستنەی کە لەلایەن گەلەکەیەوە ڕووبەڕووی بووەوە لە بەرامبەر بانگەوازی بۆ ئیسلام، بەتایبەتی کاتێک ڕۆشت بۆ تائیف بۆ بڵاوکردنەوەی ئاینی خودا و بە خەمباری گەڕایەوە و زۆر ئازاریان دا.
لە دوای هەر ناخۆشییەک، خۆشییەک هەیە: موعجیزەی ئیسرا و میعراج وەک دیدارێکی تایبەت و بانگهێشتێکی بەڕێز بوو بۆ لای پەروەردگار مەزن، گوزارشتی لە قۆناغێک دەکرد پڕ بوو لە کارەسات و خەم، هەر لە کۆچی دوایی ئەبو تاڵیبی مامی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر و، خەدیجەی هاوسەری و، بەرگەگرتنی ئازارێکی زۆری جەستەیی و مەعنەوی. بۆیە لە دوای ئەوەدا ئەم گەشتە پیرۆزە وەک بەخششێکی خودایی هات بۆ پێغەمبەری ئازیز بۆ دڵدانەوەی خەمەکانی و چەسپاندنی دڵی و بەرزکردنەوەی پلە و پایەی لای خودای گەورە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە باوەڕدار هەرچەندە تووشی بەڵا و ناخۆشی بێت، پێویستە هەر پشت بە خودا و بەنوێژکردن ببەستێت کە لەم گەشتەدا فەرز کراوە، لە خودا ببپاڕێتەوە و نائومێدی و بێهیوایی داینەگرێت، چونکە ئەوە لە کردەوەی شەیتانە. گەورەترین بەخششی خودایی بۆ پێغەمبەرەکەی و بۆ ئوممەتەکەی نوێژە فەرزکراوەکان بوو، تا ببێتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەندە و پەروەردگاریدا و میعراجێک بێت بۆ هەموو موسڵمانان، کە بەهۆیەوە هەموو ڕۆژێک لە سێبەری نزیکبوونەوە لە پەروەردگاری مەزن بحەسێنەوە.
پێغەمبەر چەندین نیشانەی گەورەی خودای بینی: ئەم گەشتە تەنها گەشتێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پشتگیرییەک بوو بۆ خاوەنی بانگەواز و پەیام، کە ئیمانی موسڵمان بە هێز و گەورەیی خودا زیاتر دەکات. بۆیە شایەتحاڵی ئەو دیمەن و موعجیزانە بوو کە ئەقڵ لە وەرگرتنیاندا بێتوانایە، وەک بینینی بەهەشت و دۆزەخ و، سەرکەوتنی بۆ “سدرة المنتهى” و، دیداری لەگەڵ پێغەمبەراندا، کە لە نیشانە گەورەکانی پەروەردگاری بینی. هەندێک لەو نیشانانەی کە پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، بینی ئەمانە بوو:
* یەکەم: بینینی جبرەئیل (سەلامی خودای لێ بێت) لەسەر شێوەی ڕاستەقینەی خۆی.
* دووەم: بوراق؛ کە گیانلەبەرێکە لە گوێدرێژ گەورەتر و لە هێستر بچووکترە و، یەکێکە لە سەرسوڕهێنەرەکانی مەخلوقاتی خودا.
* سێیەم: بینینی مزگەوتی ئەقسا سەرەڕای ئەوەی کە بە شەو چووە ناوی.
* چوارەم: بینینی “البيت المعمور” و “سدرة المنتهى”، کە ئەو شوێنەیە کە کردەوەی مەخلوقات دەگاتە ئەوێ و لێیەوە دەردەچێت.
* پێنجەم: بەهەشت و دۆزەخ. پێغەمبەر لە بەهەشت و دۆزەخدا هەندێک لەو شتانەی بینی کە خودا بۆ باوەڕداران لە بەهەشتدا ئامادەی کردووە و، هەندێک لە ئەشکەنجەکانی ئەهلی دۆزەخی بینی، دەربارەی خیانەت لە ئەمانەت و خواردنی ماڵی هەتیو و گوێنەدان بە وشەکان و، سزای ڕیباخۆران و داوێنپیسیکەران.
دواوشە: داوای لێبوردنم هەیە لە خوێنەرە بەڕێزەكان كە زنجیرە لێكدانەوەی ئایەتەكانی باسی سڵیمان پێغەمبەر بۆ كاتێكی تر دوا دەخەم.

