رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەت و نوێگەری

ئالا تاهر
ئافرەت لە چەندین بواری جیاوازدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، کە کاریگەرییان لەسەر ڕەنگدانەوەی بابەتە جیاواز و هەمەجۆرەکانی ژیان و پێشخستنیان هەبووە. بێگومان ئەمەش بە هەوڵ و توانای ئافرەتی بەهێز، چاونەترس و خاوەن ئیرادە دێتە دی. ئامادەبوونی ئافرەت لە بوارەکانی هونەر، میدیا، گەشەپێدان و چەندین بواری دیکەدا، هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئافرەت بتوانێت لێهاتویی خۆی بسەلمێنێت و ببێتە بەشێکی گرنگ لە پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای کوردیدا. ئافرەت یەکسانە بە هیوا، خەیاڵ و بیرکردنەوەی نوێ لە ژیاندا؛ هەر بۆیەش دەبێت بە شێوەیەکی زۆر گرنگ ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگادا لەبەرچاو بگیرێت، ئەمەش لەپێناو هاندانی زیاتر و بەرەوپێشبردنی، تا ببێتە پاڵنەرێک بۆ خودی خۆی لە بوارە جیاوازەکاندا.
ئافرەت خۆی خاوەن بڕیار و بیروڕای جوانە؛ دەکرێت ببێتە قوتابخانەیەک بێ ئەوەی دابونەریت و ناسنامەی خۆی فەرامۆش بکات. هەروەها توانیویەتی شانبەشانی پیاوان کار بکات و بیرۆکە و ئایدیای تایبەت بە خۆی و داهێنەرانە بهێنێتە دی. سەرەڕای ئەو هەموو فشار و بەربەستانەی کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لەسەر ئافرەت هەن، بەڵام وەک هێزێکی پۆڵایین لە بەرانبەر هەر ڕێگرییەکدا وەستاوەتەوە کە ببێتە کۆسپ لەبەردەم کار و پیشەکەیدا.
ئەگەر لە جیهانی ئێستادا باس لە پێگەی ئافرەت بکرێت، بێگومان ئەوەمان دێتەوە یاد کە ئافرەت نەک تەنیا لە ئێستادا، بەڵکو لە ڕابردووشدا سەلماندوویەتی کە خاوەن هێز و بڕیارە و بەشێک بووە لە پێشخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵگا، هیچ شتێکیش نەیتوانیوە ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئامانجەکانیدا. بێگومان ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هێز و توانای مرۆڤ پەیوەست نییە بە ڕەگەزەوە، بەڵکو پەیوەستە بە خودی ڕۆحی مرۆڤەوە کە تا چەند دەتوانێت گۆڕانکاری و ئاوەدانی لە جیهاندا بخوڵقێنێت. هەر بۆیە دەڵێین بوونی ئافرەت خۆی هێزە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری. ئەوەی لەسەر هەر تاکێک پێویستە، ئەوەیە کە دان بە توانا و هێزی ئافرەتدا بنێت و ببێتە هاوکار و پاڵپشتێکی جددی بۆ برەودان بە تواناکانی ئافرەت لە هەر بارودۆخ و شوێنێکدا.