فازڵ میرانی
ئەوە ئاکامی هاوکێشەی تێگەیشتنێکی بەئەنقەست -هەڵە بوو بۆ دەسەڵات، هاوکات دەرەنجامێکی پێشبینیکراویش بوو؛ ئیتر هەرچەند ئەو قسەوباسانە پێشی کەوتبن، یاخود هاوشانی بووبن و تەنانەت دواتریش بەردەوام بووبن، کە ئاخێنرابوون بە پاساوی ئەوانەی سوور بوون لەسەر خوێندنەوەیەکی چەوت بۆ ڕەوتی ڕووداوەکە؛ ئەو ڕووداوەی بووە بەردی بناغەی قۆناغێکی دژوار لە ناوچەکەدا، هەروەک چۆن پێشتر بە کردنەوەی دەرگای سەردەمی کودەتاکان -کە بە کودەتا سەربازییەکەی (بەکر سدقی) لە ساڵی ١٩٣٦ دەستی پێکرد- زەمینەسازیی بۆ کرابوو.
دەرەنجامەکان هەموویان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە کارەساتبار بوون، کارەساتگەلێک کە دەوری مرۆڤی عێراقی و سامان و موقەدەراتەکەی دابوو، ئاگرەکەی تەشەنەی سەند و ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێی سووتاند، وەڵامدانەوەکەشی بە ئاگرێکی کڵپەسێنتر و وێرانکەرتر بوو.
لەخۆباییبوون و لووتبەرزی و قۆرخکردنی بڕیاری گشتیی دەوڵەت، زیندووکردنەوەی بیرۆکەگەلێک کە دژ بە دروشمەکانی حزبی دەسەڵات بوون، بانگهێشتکردنی تەسکبینی لە هزری نەتەوەییدا وەک پەراوێزخستنێک بۆ ئەوانی دیکە، پەنابردنە بەر شمشێر لەبەرامبەر نەیاری عەقیدەیی، و بوێری کردن لەسەر ئێستا بە عەقڵێکی ڕووتی سڕکراو بە درۆکانی مێژوو کە تەنانەت ڕاستەکەشی بۆ گۆڕانکارییەکانی ژیان دەست نادات، هەروەها گرێدانی دەوڵەت بە تاکە کەسێکەوە کە لێی شاراوە بووە مرۆڤ مەخلووقێکی ڕێژەییە و مەحکومە بە نەخۆشی و پەککەوتن و مردن مادام لەدایک بووە.. بەڵام ئاخۆ کێ پەند وەردەگرێت؟
ئێمە هەمیشە وەک ئامۆژگاریکار بووین بۆ هەر دەسەڵاتێک کە ئاگا و هۆشی لای واقیع بێت و دید و بەسیرەتی خۆی بەو شتانە دانەپۆشێت کە ئارەزووەکانی تێر دەکەن، ئەو ئارەزووانەی کە بۆنی کۆنترۆڵکردنی بڕیاریان لێ دێت، بەڵام ئاخۆ کێ پەند وەردەگرێت؟
زۆرینەی هەرە زۆری عێراقییەکان لە کورد، عەرەب، تورکمان، کلدۆئاشووری، موسڵمانانی شیعە و سوننە، مەسیحی و سابیئەی مەندائی، ئێزیدی، دیندار و لیبڕاڵەکان، بگرە تەنانەت زۆرێک لە خودی بەعسییەکانیش بوونە قوربانیی پڕۆژەیەکی شەڕەنگێز و دڕندە کە بە هەموو ئاراستەکاندا کوێرانە دەیکێشا و خودی خۆیشی نەیدەزانی چی دەوێت، چونکە ئەوەی لەبیرکردبوو کە زەمانە باجی خۆی هەیە و تاکڕەوی هەر دەبێت ڕۆژێک دابێت کات و سەردەم دایبخات و کۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام ئاخۆ کێ پەند وەردەگرێت؟
ئەوانەی باوەڕیان بە هێز بوو، لەبیریان کرد یان لەبیرخۆیان بردەوە، کە هێزێک هەیە لەوان بەهێزترە.
ئەوانەی ڕەدی هەموو دەنگێکی جەماوەری یان سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنیان دایەوە -کە بانگهێشتی دەکردن بۆ گفتوگۆ و پاشگەزبوونەوە لە سەرکێشی و گومڕایی- لەبیریان کرد یان لەبیرخۆیان بردەوە کە ئەو ڕێگایەی گرتوویانەتە بەر، ماڵوێرانی و هیلاکەتێک دەهێنێت کە چارەسەرکردنی ئەستەمە و هەندێک جاریش لەگەڵیدا مەحاڵە.
بۆچی مرۆڤ و شار و گوندەکانیان وێران کرد؟
بۆچی بۆردومانیان کردین، تیرۆریان کردین و گەمارۆیان خستینە سەر؟
بۆچی زیندانەکان ئاوەدان کرانەوە، کەچی باخچەی ساوایان و زانکۆکان پشتگوێ خران؟
بۆچی سامانەکانمان لە مرۆڤ و ئاو و نەوت، کرانە قوربانیی قومار و سەرکێشیگەلێک کە وڵاتەکەمانيان کردە وێرانەیەکی کاولبوو؟
بێگومان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم بزووتنەوە نیشتمانی و خاوەن باوەڕە دڵسۆزەکان بۆ مرۆڤ و بوونی، هەموو هەوڵێکیان خستە گەڕ بۆ پاشگەزکردنەوەی ئەوانەی ڕابەرایەتی وڵاتیان دەکرد لەو ملھوڕییەی تێیکەوتبوون، کە بەهۆی عینادییان لە ئاست هەوڵەکانماندا، دەرەنجامەکەی بە هیچ نەگەیشت جگە لە دۆڕان و زیانێکی ئێجگار گەورەی دووبارە.
ئاخۆ کێ پەند وەردەگرێت تا مرۆڤ و خاک بپارێزێت و لەبری وێرانکاری بنیات بنێت، لەپێناو بەتاڵێکدا کە بە بەرگی هەق رووکەش کراوە؟
ئەرێ چیمان چنییەوە لەم هەموو پێداگرییە لەسەر گۆڕینەوەی هەق بە بەتاڵ و ڕاست بە لار؟
سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، لە وەڵامی داگیرکردنی کوێتدا، خاوەن بڕیارە تاکڕەوەکان سەرمایە و سامانی دەوڵەتێکیان بەتەواوی سووتاند.
ئایا کەسێک نییە لەمە پەند وەربگرێت؟

