عارف ڕوشدی
وەک ئەزموونێکی تاڵی مێژوویی، لە هەر قۆناغێکی گەشەسەندنی کوردایەتی و هەنگاونان بەرەو خۆڕێکخستنەوەی حوکمڕانی، کۆمەڵێک دەنگی نامۆ بە خواستی داگیرکەر و بە مەرامی نالەبار، لەژێر پەردەی دروشمبازیدا دەبنە خۆرە و دەکەونە گیانی نیشتمان. ڕێک وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت؛ کە تێیدا هەندێ گرووپ و لایەن، ئاڵای حزبەکەیان لە سەرووی ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە دەبینن، بەمەش بەها و (پیرۆزییەکانی کوردایەتی) پێشێل دەکەن و بەرژەوەندیی تەسک و کەسیی خۆیان پێش دەخەن. ئەم کۆنەپەرستانە پەنا دەبەنە بەر دەستەگەری دژی بەرەی گەل و بەم کارەشیان هیوای داگیرکەران دەبووژێننەوە، بەو خەیاڵەی کە ئامانجە گڵاوەکانیان بپێکن و لە خۆشیدا مەست بن.
بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی، یاخیبووان لە گەل و نیشتمان، دواجار ڕووزەرد و شەرمەزار دەبن. تەنانەت ئەوانەشی کە ئاواز بۆ یاخیبوونیان دەچڕن، دواجار دەستبەرداریان دەبن و ڕاپێچی لێپرسینەوەیان دەکەن، چونکە ئەم تاقمە تەنها وەک “کارتێک” بۆ بەکارهێنان دەشێن و دوای تەواوبوونی ڕۆڵەکەیان، فڕێ دەدرێن.
وەک ڕاستییەکی مێژوویی چەندبارە؛ (دەستەمۆیانی لادەر و هەڵگرانی بیری ژەنگاویی داگیرکەر) هەرگیز لە توانایاندا نەبووە و نابێت کە شکۆ بە بزووتنەوەی کوردایەتی و ئاڵای پیرۆزی گەلەکەمان بهێنن. دڵنیابن ئەو خواستە لەرزۆکەیان بەرامبەر بە هێزی لەبننەهاتووی گەل و گڕی عیشقی ئازادیی کوردستان بە ڕابەرایەتیی پارتی و سەرۆک بارزانی، پووچەڵ دەبێتەوە و دەبێتە قەرەبرووت و هیچ بەرهەمێکی نابێت.

