هاودەنگ فارووق
لە دەستووری عێراقدا باس لەوە نەکراوە پۆستە باڵاکان بەگوێرەی پێکهاتەکان دابەش بکرێن، بەڵام بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، دەستوور باسی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کردووە، کە ئەو پۆستە دەبات؛ بۆیە وەختێک سەیری واقیعی کۆمەڵایەتی و مەزهەبیی عێراق دەکەین، تێدەگەین ئەو پۆستە بۆ شیعەکانە، چونکە زۆرینەن لەو وڵاتەدا. کەچی سەرباری ئەوەش، ئەوان لە دروستکردنی گەورەترین فراکسیۆندا، تۆپەکە لەنێوخۆیاندا دێنن و دەبەن، هەرجارە و لە بەرگی کەسایەتییەکدا دەیبینین.
کەواتە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بابەتەکە بەو شێوەیە بێت و هیچ حیزبێکی شیعە نەتوانێت دڵنیابێت لەوەی کە بازەکەی ئەو پۆستە لەسەر شانی کام کەس و کوتلە دەنیشێتەوە، ئەی خێرە پۆستی سەرۆککۆمار لە دەرەوەی هاوکێشە دەستووری و نەریتە سیاسییەکاندا لەسەر حیزبێک تاپۆ بێت؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە هەموو تاکێکی ئەم کوردستانە پێش ئەوەی دەست بۆ ئەو بابەتە بەرن، دەبێت لە خۆیانی بکەن. جا دەڵێین: پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد بە هیچ شێوەیەک لە دەستووردا نییە، ئەوەی هەبووە لە ئەنجامی “سازان، ڕێککەوتن، هاوسەنگی” بووە، کە بووەتە نەریتێک و لای کورد دەبێت.
لێرەدا دەپرسین: لای کورد دەبێت، واتە دەبێت نوێنەرایەتیی کورد بکات، نەک نوێنەری حیزبێکی ناو کورد، کە ئەگەر بە لۆژیکی دیموکراسیش قسە بکەین، یەکێتی بە سەدان هەزار دەنگ لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە.
لەم ئەنگەڵەش بگەڕێ، گریمان تاکوو ئێستا بەگوێرەی نەریتی پرۆسەی سیاسی، پۆستەکە لای یەکێتی بووە، بەڵام ئایا ئەو بابەتە ئەنجامی ڕێککەوتن و سازان نەبووە؟ لە بەرانبەر چیدا ئەو پۆستە بۆ یەکێتی دانراوە؟ بێگومان لە ئەنجامی ئەوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەبووە، بەڵام چەندین ساڵە یەکێتی لە ئەنجامی ڕەفتار و سیاسەتەکانی، ڕێککەوتنەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، لە کوردستانیش پابەندی هیچ ڕێککەوتن و نەریتێکی سیاسی نەبووە و ئامادە نییە بەگوێرەی بەرکەوتەی خۆی لە کابینەی حکوومەتی کوردستاندا بەشداری بکات و شانازی بەوە دەکات ڕێگری کردووە لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم.
لێرەدا دەپرسین: یەکێتی نە دەنگی زۆرینەی کوردی هێناوە، نە لە کوردستانیشدا پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە، ئیتر چۆن و لە بەرانبەر چیدا پۆستی سەرۆککۆماری بدرێتێ؟
سیاسەتیش وەک هەر کایەیەکی مرۆیی، بەخشین و وەرگرتنە. بەگوێرەی ئەم ڕێسا نەگۆڕە دەپرسین: یەکێتی لە بەرانبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماردا، چی هەیە بیبەخشێت؟ ئەو کەمترین دەنگی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێناوە، چی هەیە و کامە کارتی لەدەستە بۆ ئەوەی شەڕی پۆستەکەی پێ بکات؟ لە کاتێکدا پێداگریی ئەوان لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکە، هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی و دەستووری و عورفی و بەرئەنجامی هەڵبژاردنیش نییە.
بۆچی هەر دەبێت ئەو پۆستە لای ئەوان بێت، لە کاتێکدا بە پێوەرەکانی دیموکراسییەت، زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگی بە پارتی داوە و سەدان هەزار دەنگ لە پێشی یەکێتییەوەیە.
لە ڕاستیدا یەکێتی جگە لە عیناد، هیچ پاساوێکی دیکەی نییە بۆ ئەوەی داوای ئەو پۆستە بکات، ڕێک وەک ئەو کەسەی کە حەزی لە شتێکە، بەڵام ناتوانێت نرخی شتەکە پەیدا بکات.
بۆیە لە سۆنگەی شایستەی دیموکراسی و دەنگی دەنگدەران و بە سەرنجدان لە سیاسەتەکانی یەکێتی و تێکدانی ڕێککەوتنەکان و سیاسەتکردنی ئەو حیزبە لە کوردستان، دەڵێین: پێویستە ئەمجارەیان، ئەو پۆستە بگەڕێتەوە بۆ کۆدەنگیی کورد، نەک بۆ حیزبێک کە بەپێی ئیستیحقاقی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەنگەکانی لە ڕیزی حیزبە بچووکەکانی کوردستاندایە و کەمترین خەڵکی کوردستان متمانەیان پێ کردووە.

