د. خالیدە خەلیل
ڕۆشنبیری کورد، وەک بکەرێکی مەعریفی، لەنێو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندییەکاندا ڕەوت دەکات؛ لە سیاقێکدا دیدگای هزری لەگەڵ تەرازووی هێزدا تێکەڵ دەبێت و، ئینتیمای نەتەوەیی لەگەڵ زەروورەتەکانی سیاسەتدا هاوسەنگ دەکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ڕۆڵی ڕۆشنبیر مەرجدار دەبێت بە ئاستی هۆشیاریی ئەو سەبارەت بە سروشتی قۆناغە مێژووییەکە، بەبێ سازشکردن لەسەر ئەو قیبلەنوما بەهاییەی کە گوتارەکەی بە دۆزی کوردەوە دەبەستێتەوە؛ وەک دۆزی گەلێک و کۆمەڵێک ماف و خواستی مێژوویی ڕەوا.
بۆیە لەنێو هۆشیاریی دەستەجەمعیدا، بە چاوی ئەوەوە سەیری ڕۆشنبیری کورد دەکرێت کە هەڵگری دیدگایەکی ڕەخنەیی و هۆشیارییەکی ڕۆشنگەرانەیە، پابەندە بە پرسەکانی کۆمەڵگەکەیەوە و هەوڵدەدات بەرگری لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بکات. لە ڕووی مێژووییەوە، ئەم ڕۆشنبیرە ڕۆڵێکی میحوەری گێڕاوە لە بونیادنانی هۆشیاریی سیاسی و کولتووریدا، هەروەها لە داڕشتنی گوتاری نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەدەب و هزر و نووسینەوە، کە ئەمەش بەشداریی کردووە لە گۆڕینی داخوازییە نیشتمانییەکان بۆ هۆشیارییەکی گشتی. ئەم ڕۆڵەش بێمەترسی نەبووە، بەو پێیەی ڕۆشنبیرانی کورد باجێکی گرانیان داوە لە زیندانیکردن و ڕاوەدوونان، بگرە هەندێک جار لەسێدارەدانیش، لەسەر دەستی ئەو ڕژێمە ستەمکارانەی کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە بوونی کورد و زەوتکردنی مافی دەربڕینی ناسنامە و کولتوورەکەی دامەزرابوون.
لەو قۆناغەدا، پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات خودان ڕوخسارێکی ڕوون و دیاریکراو بوو: دەسەڵاتێکی ناوەندیی نەتەوەیی کە پەیڕەوی سەرکوت و نکۆڵیکردنی دەکرد، لە بەرامبەر ڕۆشنبیرێکدا کە تێکەڵ بە پڕۆژەی بەرگریی کولتووری و سیاسی بووبوو.
بەڵام لەگەڵ دروستبوونی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی کە بەرهەمی قوربانییە مێژووییە درێژخایەنەکان بوو، چەمکی دەسەڵات چیتر یەک چەمکی یەکانگیر نەما. لێرەدا جیاکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی، کە مێژوویەک لە سیاسەتی پەراوێزخستن و نکۆڵیکردنی هەیە، لە دەسەڵاتی هەرێم وەک دەربڕینێک لە ئیرادەی سیاسیی کوردی و دەستکەوتێکی نەتەوەیی کە پێویستی بە پاراستن و بەرگرییە، بووەتە زەروورەت. تێکەڵکردنی ئەم دوو ئاستە، نەک تەنیا خوێندنەوەی ڕەخنەیی دەشێوێنێت، بەڵکو ڕەخنە لە ئەرک و وەزیفەی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە و لە ئامرازێکی راستکردنەوەوە دەیگۆڕێت بۆ گوتارێک کە لەوانەیە ئەوەی خەباتی کورد بە دەیان ساڵ کەڵەکەی کردووە، هەرەسی پێ بهێنێت.
هەروەها ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەی عێراق بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی دوای گۆڕانی سیستەمی سیاسی و دەرکەوتنی قەوارەی سیاسیی فرەچەشن کە خاوەنی پەیوەندی و گرێدراوی هەرێمایەتی و دەرەکین، سروشتی ئەو ئاڵنگارییانەی سەرلەنوێ داڕشتەوە کە ڕووبەڕووی ڕۆشنبیری کورد دەبنەوە. ئیتر سەرکوتکردن مەرج نییە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ماددی بێت، بەڵکو فۆرمی ڕەمزی و میدیایی و گوتاریی وەرگرتووە، ئەمەش پێناسەی پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵاتی گۆڕیوە و کۆمەڵێک پرسیاری نوێی سەپاندووە کە لە لۆژیکی ڕووبەڕووبوونەوەی تەقلیدی تێدەپەڕن. لەم سیاقەدا، ڕۆشنبیری کورد تەنیا داوای ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارەکانی دەرەوەی لێ ناکرێت، بەڵکو بانگهێشت کراوە بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی ئاڵۆزتر لە ماڵی کوردیدا، کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گوتار و پڕاکتیکە سیاسییانەی، بە ئەنقەست بن یان نا، مەیلیان بەلای وابەستەبوون و ملکەچیدایە بۆ ئیرادەی دەرەکی؛ ئەو ئیرادانەی قەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکانی دەکەنە ئامانج. سەرچاوەی ئەم ئەرکەش لە هەستی بەرپرسیارێتیی نەتەوەییەوە هەڵدەقوڵێت نەک لە لۆژیکی دژایەتیکردن، هەروەها لە پەرۆشییەوە بۆ پاراستنی پڕۆژەی کوردی و دۆزی کورد، لەپێناو پارێزگاریکردن لە سەربەخۆیی بڕیاری کولتووری و سیاسی لە کوردستاندا.
لەم چوارچێوەیەدا بە دیاریکراوی، بەرپرسیارێتییەکی جەوهەریی ڕۆشنبیری کورد دەردەکەوێت، کە خۆی لە نەتواندنەوەی دۆزی کورد لەنێو ململانێ هەرێمایەتییەکاندا دەبینێتەوە؛ ئەو ململانێیانەی خەسڵەتێکی وەزیفی یان ستراتیژییان هەیە و تێیدا ناوچەکە بەپێی هاوسەنگیی هێزە دژبەیەکەکان و بەرژەوەندییە گۆڕاوەکان بەڕێوە دەبرێت و دۆخێکی ململانێی بەردەوامیان بەرهەم هێناوە، کە زۆرجار پرسە دادپەروەرەکانی گەلان وەک ئامرازی گوشاری سیاسی وەبەردەهێنرێن، نەک وەک مافی مێژوویی ڕەوا. لەم سۆنگەیەوە، هۆشیاریی ڕۆشنبیر سەبارەت بە سروشتی ئەم ململانێیانە و میکانیزمەکانی بەکارهێنانیان، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی گوتاری کوردی و پاراستنی دۆزەکە لەوەی ببێتە کارتی دانوستان لەنێو پڕۆژە هەرێمایەتییەکاندا؛ ئەو پڕۆژانەی نە خزمەت بە جەوهەرە ئازادیخوازەکەی دەکەن و نە لە ئاستی تەتەلوعاتی گەلی کورددان بۆ بڕیاردانی مافی چارەی خۆنووسین و بونیادنانی ئایندە سیاسی و کولتوورییەکەی.
ئەم گۆڕانکارییە، سنووردارێتیی جیاکردنەوەی توندی نێوان ڕۆشنبیر و سیاسیی ئاشکرا کرد و، سەرلەنوێ پرسیاری ڕۆڵی هێنایە پێشەوە؛ لە قۆناغێکدا کە هێندەی پێویستی بە ڕەخنە هەیە، ئەوەندەش پێویستی بە کردارە. ئەمڕۆ ڕۆشنبیری کورد بانگهێشت کراوە بۆ پەیڕەوکردنی گوتارێکی عەقڵانی و هۆشیار، کە توانای هەڵوەشاندنەوەی گێڕانەوە (سەردییە) دژکارەکانی هەبێت، ڕووبەڕووی ئەو هەڵمەتە میدیایی و سیاسییانە ببێتەوە کە هەرێم دەکەنە ئامانج، هەروەها لە ڕووی ئەخلاقی و هزرییەوە لە تەنیشت گەلەکەی بوەستێت و، بەشدار بێت لە پاراستنی پڕۆژەی کوردی و بەهێزکردنی توانای مانەوە و کرانەوەی.
خزمەتکردنی دۆزی کورد تەنیا لە ڕەهەندی سیاسیدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو بۆ کایەی کولتووری و زمانیش درێژ دەبێتەوە، لێرەدا گرنگیی پەرەپێدانی زمانی کوردی، یەکخستنی ئەلفوبێکەی و چەسپاندنی بەرهەمی کولتووری وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی پڕۆژەی نەتەوەیی دەردەکەوێت. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆشنبیر تەنیا ڕەخنەگرێکی سیاسی نییە، بەڵکو ویژدانی نەتەوەیە، پاسەوانی یادەوەرییە کولتوورییەکەیەتی و، سازێنەری هۆشیارییە گشتییەکەیەتی.
لە سایەی گۆڕانکارییە هاوچەرخەکاندا، بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیری کورد دوو هێندە دەبێت، چ لەنێو جوگرافیای کوردستاندا بێت یان لە فەزای تاراوگە، کە تێیدا پەراوێزی فراوانتر بۆ ئازادی فەراهەمە، بەڵام هاوکات بە فۆرمی نوێی دەسەڵاتەوە گرێدراوە، وەک دەسەڵاتی سەکۆ میدیاییەکان، میکانیزمەکانی پارەدارکردن و گوتارە نێودەوڵەتییە هەڵبژاردەییەکان. هەروەها سەردەمی دیجیتاڵی جۆرێک لە دەسەڵاتی بەرهەم هێناوە کە دەکرێت بە “دەسەڵاتی ڕەمزیی خێرا” ناوزەد بکرێت، کە تێیدا کاریگەری زیاتر بەندە بە خێرایی بڵاوبوونەوە نەک قووڵایی بیرۆکەکە؛ ئەمەش ئاڵنگارییەکی دیکە دەخاتە بەردەم ڕۆشنبیر کە بریتییە لە پاراستنی جۆرییەتیی هزری لە فەزایەکدا کە مەیلی بەلای سادەکردنەوە و جەمسەرگیریدا هەیە.
وێنەکە ئاڵۆزتر دەبێت کاتێک ڕەهەندی جێندەری دەهێنرێتە ناوەوە، چونکە ژنانی ڕۆشنبیری کورد ڕووبەڕووی گوشاری دووقات دەبنەوە کە تێیدا ئاڵنگارییە سیاسییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە تەقلیدییەکان تێکەڵ دەبن، ئەمەش وادەکات خەباتەکەیان ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە خەبانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بەیەکەوە. هەروەها فرەیی ناوخۆیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ڕووی ئینتیمای ئایینی و نەتەوەیی و سیاسییەوە، ڕۆشنبیر دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە: یاخود بەشداریکردن لە بونیادنانی گوتارێکی کۆکەرەوە کە دان بە جیاوازیدا دەنێت و دەیکاتە وزەیەکی بونیادنەر، یان خزین بۆ نێو گوتارێکی پەراوێزخەر (ئیقصائی) کە جەوهەری ئەو دۆزە لاواز دەکات کە هەموومان لەپێناویدا تێدەکۆشین.
دەرەنجام، قۆناغی هەنووکەیی پێویستی بە مۆدێلێکە بۆ “ڕۆشنبیری کوردی بەرپرسیار”، کە لە دۆزەکەی دانەبڕێت و، درک بەوە بکات کە خزمەتکردنی پڕۆژەی کوردی لە ڕێگەی بەهێزکردنی کولتوورەوە تێدەپەڕێت وەک پردێک لەنێوان هزر و واقیع، و لەنێوان سیاسەت و کۆمەڵگەدا. چونکە لەدەستدانی دۆزە گەورەکان عادەتەن بە شکستی سەربازی یان سیاسی دەست پێ ناکات، بەڵکو بە لەدەستدانی ئەو هۆشیارییە کولتوورییە دەست پێ دەکات کە توانای ئاڕاستەکردن و بەژیرانەکردنی کردەی گشتیی هەیە.
کەواتە، ڕۆڵی جەوهەریی ڕۆشنبیری کورد بریتییە لە گەڵاڵەکردنی بیرۆکە نەتەوەییەکان، بەهێزکردنی ناسنامەی کولتووری و زمانی، بونیادنانی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و، پێشکەشکردنی ڕەخنەی بونیادنەر بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی کردەی سیاسی، تاوەکو ببێتە ئەڵقەی بەیەکگەیشتنی ڕاستەقینەی نێوان گەل و کولتوور و سیاسەت، هەروەها ببێتە نموونەیەک بۆ ئەوەی کە دەکرێت “ڕۆشنبیری سیاسی” لە سیاقێکی جیهانیی گۆڕاودا، چۆن بێت.

